
هەولێر:زەین یوسف
لە هۆڵی سمینارەكان گفتوگۆیەك لەژێرناونیشانی (كێشەی كەلەپوری لە هزری عەرەبیدا لە نێوان بە پیرۆزكردن و نوێگەراییدا) بە میوانداری نوسەرو لێكۆڵەر(ڕەشید ئەلخەیون)ئەنجامدراو ڕۆژنامەنوس عەلی حوسێن گفتوگۆكەی بەڕێوەبرد:
لەسەرەتای گفتوگۆكەدا خەیون باسی چەمكی كەلەپوری كرد كە ئایا كەلەپورپیرۆزە یان دەتوانرێت نوێبكرێتەوە؟ ئەو دەڵێت:»سەرەتا لەسەرمانە كە مێژوو و كەلەپور لەیەك جیا بكەینەوە،مێژوو دەچێتە ناو كەلەپور،بەڵام كاتێك كتێبەكانی جاحزی ئەبو حەیان تەوحیدی دەخوێنینەوە ئەوا كتێبەكانی بریتین لە كەلەپور،وە ناتوانرێت بە كتێبی مێژوویی دابنرێن و كاتێك قسە لەسەر كتێبی «مێژووی نەتەوەكان و پاشاكان» كە لەلایەن طەبەرییەوە نوسراوە ئەوا ناتوانریت لەچوارچێوەی كەلەپور دابنرێت ،چونكە مێژووە.
بابەتێكی دیكە ئەوەیە كە رێگاكانی نوسینی مێژوو قوتابخانەورێسای زۆری هەیە هەندێكیان میژوویان بە ڕێگای قۆناغبەندیكردن نوسیوە هەروەك طەبەری و مەسعودی بۆ نمونە مێژوو جوگرافیایان تێكەڵكردووە و نوسینەكانیان لەسەر ناوی جێنشینەكان بووە، بەڵام خاڵیكی گرنگ لێرەدا هەیە كاتێك كە كەلەپورو مێژوو دەخوێنینەوە وەك مێژوو ئەوا بەپیرۆزكردن گرنگییەكی ئەوتۆی نابێت،بەڵام كاتێك مێژوو بە دیدێكی ئاینی دەخوێنینەوە ئەوا بە پیرۆزكردن بە ڕێژەی لەسەدا سەد بوونی دەبێت.
ئەو زیاتر دەڵێت:»قورئان بۆ نمونە دەخرێتە ناو چوارچێوەی كەلەپوری ئاینی ومێژوویمان، ئەگەر قورئان وەكو لێكدانەوەیەكی زانستی یان لێكدانەوە بەزمان وەربگرین ئەوا جیاوازییان لە نێواندا هەیە،چونكە كاتێك وەك لێكدانەوەیەكی ئاینی پێشكەشی دەكەین ئەوا لێرەدا لێكدانەوەكە بەستراوە بە میتۆدۆلۆژیاوە(منهج)هەر لەبەرئەوەشە كە كاتیك مێژوونووس دەیەوێت بە مێژوو قسە بكات ئازادییەكی فراوانتری دەبێت كە بەدڵنیاییەوە لەلایەن دەمارگیرەكان پەسەند ناكرێت،بەڵام ئەو ئازادی خۆی وەردەگرێت، زۆرێك لە مێژوونووسان بە مەیلی پیرۆزكردن هەڵسوكەوت لەگەل میژوودا دەكەن وهەندێكی دیكە لە مێژوونووسان بەناسنامە دەیبەستنەوە كەئەوە ناسنامەمانە جا ئەوە ڕاست بێت یان هەڵە ئەوە ناسنامەیەو ناتوانرێت دەستی بۆ ببریت».
خەیون ئاماژەی بەوەدا كەخوێندنەوەی مێژوو لەسەرقوتابخانە دەوەستێت هەر بۆنمونە كاتێك جەواد عەلی دەنوسێت لە كتێبی»وردەكاری لە مێژووی عەرەب بەر لە ئیسلام» ئەو ویستی كە وەڵامی وشەیەك بداتەوە كە ئەویش ڕەتكردنەوەی دۆزی نەفامییە لە كۆمەڵگەكانی بەر لە ئیسلام، بەڵام كاتێك دێینە سەر دۆزی ئاینی ئەوا مێژوونووسی ئاینی كاتێك كە دەدوێت دەڵیت ئەوسەردەمە تاریكی بووە ودوای هاتنی ئیسلام ڕوناكی داهات، بەڵام جەواد عەلی كاتێك قسە دەربارەی بەر لە ئیسلام دەكات دەڵێت:»ڕوناكی زۆر هەبوون لەو سەردەمە وەكوهەبوونی شیعرو زانست و وتاردان و دیدی هزری».
هەروەها دەربارەی كاریگەری مەزهەبەكان لەسەرمێژووی ئیسلامی خەیون گوتی:»مەزهەبەكان هەردەبێت هەبن ،چونكە هیچ بیرو بۆچونێك یان ئاینێك لەسەر دۆخی خۆی نامێنێتەوە ،چونكە گرفتە كۆمەڵایەتییەكان دەگۆڕێن و لەگەڵیدا داواكارییەكانیش دەگۆڕێن هەروەها زەمەن و زمانیش دەگۆڕێن ئەوەش دەبێتە پەیدابوونی لێكدانەوەیەكی دیاریكراو.ئەم لێكدانەوەیە گەشە دەكات و گەورە دەبێت و دەبێتە مەزهەب، بەڵام بابەتەكە گەیشتە ململانێی نێوان مەزهەبەكان،چونكە كاتێك تۆشتێیەكی نوێ دەهێنیت ئەوا ئەوانی تر بەكافر ناوزەدت دەكەن و ڕەخنەبارانت دەكەن،لە ئێستادا بەسەدان مەزهەب هەن و لەهەرمەزهەبێكدا لێكدانەوەی زۆر هەن،ئەم ململانێیانە بۆیە ڕوویاندا لەبەر ئەوەی لێكدانەوەكان جیاوازبوون لە ماهییەتی خودی خودا وهەروەها قورئانیش كە ئایا خودا لە كۆتاییدا دەبینریت؟ هەموو ئەو بابەتانەش بوونە هۆكاری ململانێ لە نیوانیاندا».
هەروەها خەیون دەستی بۆ بابەتی ئاین و شارستانییەتەكان برد لەو بارەیەوە دەڵیت:»یەكەم سەرهەڵدانی هزری ئاینییە كاتێك وتنەوەو سرودەكانی سۆمەرو بابل وەردەگرین هەموویان ئاینین وكۆمەڵگا وەریگرتوون،هەر بۆنمونە چیرۆكی تۆفان شارستانییەتێكی دروستكرد لەبەرئەوەی پەڕییەوە بۆ یەهودییەت وتەوراتیش باسی لێوەكردووە،بەڵام گرفتی پەیوەندی لەگەڵ خودادا ئەویش گرفتی بیركردنەوەی مرۆڤەكانە لە چۆنییەتی هەبوونی خودا وهەبوونی گەردوون هەموو ئەو بابەتانە لە بنەڕەتدا بۆ بیرۆكەی ئاین دەگەڕێنەوە،بەڵام بیری ئاینی دابڕاونییە لە بیری كۆمەڵایەتی ودابراویش نییە بیری زانستی،بەڵام دابڕانەكە كاتێك ڕوویدا كە زانست زۆر گەشەی سەند هەر ئەوەش بووە هۆی پەیدابوونی كەلێنێكی گەورە لە نێوان زانست و ئایندا ،چونكە ئاین دەیەوێت زانست بگەڕێنێتەوە وزانستیش دەیەوێت بەرەو پێشەوە بچێت».