بارانبارین ڕێگری لە سەردانی پیشانگاكە نەكرد..بەشدارییەکی زۆر لە پێشانگای نێودەوڵەتیی بۆ کتێب لە هەولێر بەردەوامە

هەولێر/ نور عەبدولقادر

وێڕای بارانبارینی بەخوڕ لە دوو رۆژی رابردوودا، شەقام و كۆڵانەکانی شاری هەولێری گرتەوە، بەڵام لە حەفتەمین ڕۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ کتێب لە هەولێردا، هێشتا ژمارەیەكی یەكجار زۆری سەردانکاران لە هەموو تەمەنەکان ئامادەی پیشانگاكە دەبن. بەشدارییە سەردانیكاران زیاترلەوە دەچوو كە ژوانیان لەگەڵ كتێب و زانست و زانیاریدا هەبێت، بۆیە خراپی كەشوهەوا نەیتوانی ڕێگری لەو زەماوەندە رۆشنبیرییە بكات، ئەگەرچی بۆنی كتێب و كاغەز تێكەڵ بە بۆنی باران ببوو، ئەوەیش دیمەنێكی جوان و دڵڕفێنی دروست كردبوو، كە زیاتر پیشانگاكەی دەوڵەمەند كرد.

سەرەڕای هۆشداری فەرمانگەكانی كەشوهەوا، ژمارەی سەردانیكارانی پیشانگاكە هەر سەرلە بەیانییەوە بەرچاو بوو، بەشێكی شەقامەكان ئاویان لێ وەستابوو، بەڵام ئەوانەی سەردانی پیشانگاكەیان دەكرد زۆرینەیان چەتریان هەڵدابوو، كە ئەویش دیمەنێكی دیكەی ناوازە بوو، چەترەكان زۆربوون و چاوەكانیش بە پەرۆشییەوە هەر لەسەر رەفەی كتێبەكان بوو، بۆیەش كەشوهەوا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر سەردانیكردنی پیشانگاكە نەبوو.

چرا، کچێکی کوردە لە هەولێر، دڵخۆشی خۆی بۆ ئەلمەدا دەربڕی و دەڵێت: من لەگەڵ باوکم هاتووم، چونکە لەم کەشوهەوایە باران و کتێبەکانم خۆشدەوێت، دنیایەکی جیاوازە کە ئێمەی خوێنەران بە دوایدا دەگەڕێین، وەک ئەوەی دەنگی باران ڕیتمێک بێت کە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ کەشوهەوای پێشانگاکەدا، وەک ئەوەی خوێنەران و سەردانیكاران بەتایبەتیش قوتابیان و فێرخوازان تەحەدای کەشوهەوا بکەن بۆ زانیاری و فێربوون. جێگەی سەرسوڕمانی من بوو ئەو هەموو قوتابی و خوێندكارە لەم پیشانگایە ئامادەن، بە تایبەتیش كە دەمبینی منداڵانیش هاتوون و بەدوای كتێبدا دەگەڕێن، ئەوە بۆ من دیمەنێكی سەرنجڕاكێش و دەگمەن بوو، هەر ئەو دیمەنە جێگەی دڵخۆشیشە، چونكە هێما بۆ ئەوە دەكات ئاستی هۆشیاری و ئاگایی گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە منداڵانیش حەزی فێربوون و زانست و خوێ»دنەوەیان هەبێت.

بەهزاد، کچێکی خەڵکی سلێمانییە و گوتی: کەشوهەواکە جوانە، ئێمەش دڵخۆشین و هەست بە خۆشی دەکەین. ژمارەی سەردانیكاران سەرەڕای باران و قەرەباڵغی شەقامەکان، یەكجار زۆرە، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام زۆرینەی بەشداریکاران لە ناوچە دوورەدەست و جیاوازەکان هاتوون و زیادبوونی ژمارەی خوێنەری گەنج کە خەریکی زیندووکردنەوەی خوولیای خوێندنەوەن جێگەی دڵخۆشیمە. ئێمە لە سەردەمێکی خێرادا دەژین و ئەگەر هاوسەنگ لەگەڵ ئەم سەردەمە خێرایەدا نەڕۆین، تەنیا جەستەی بێ ڕۆح دەمێنینەوە.

ئەمساڵ پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب، میوانداری زیاتر لە 300 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و عەرەبی و نێودەوڵەتی كردووە، کە سەدان هەزار ناونیشان لە بوارە جیاوازەکاندا نمایش كراوە، لە ڕۆمان و شیعرەوە تا هزر و فەلسەفە و کتێبی منداڵان. بەگوتەی ڕێکخەرانی پێشانگاکە، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وڵاتانی میسر، لوبنان، سوریا، ئێران، سعودیە، ئوردن، فەلەستین، و عومان بەشدارییان كردووە، ئەمە جگە لە بەشدارییەكی كارای دەزگا رۆشنبیرییەكان و نووسەر و خوێنەرە عیراقی و كوردستانییەكان.

یەکێک لە ڕێکخەرانی پیشانگاكە ڕوونیکردەوە: ئامادەکارییەکان ئەوەندە شیاوبوون، كە هەمووان بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکەن و بەشداری لەم پیشانگایە بكەن. ڕێكارەكانمان ڕێکخست و ڕێگەی بەشداریكردنی گونجاومان بۆ هەمووان دابینکردن، بەڵام ڕێژەی سەردانیكاران و بەشداربووانیش لە چاوەڕوانییەکانمان زیاتر بوو.

لە هۆڵەکانی پێشانگاکاندا دەبینیت منداڵان لە گۆشەی دیاریکراودا چیرۆک دەخوێننەوە، گەنجان بەدوای نوێترین بڵاوکراوەدا دەگەڕێن و بەساڵاچووان بەدوای کتێبی دەگمەندا دەگەڕێن. تەنانەت دەنگی باران لەسەربانی هۆڵەکەش ڕیتمێکی ئارامکەرەوەی بەم دیمەنە رۆشنبیری و كلتوورییە بەخشیووە، كە زیاتر لە فیستیڤاڵێكی رۆشنبیری راستەوخۆ دەچێت، نەك پیشانگایەكی ئاسایی.

یەکێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی كە بەشداری لەم پیشانگایە كردووە، ڕایگەیاندووە: پێمانوابوو باران کاریگەری دەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئامادەبووان لە کاتژمێرەکانی یەکەمەوە زۆر بوون و دەركەوت سەردانیكارانی ئەم پیشانگایە بە تامەزرۆییەوە دەخوێننەوە.

چالاکییەکانی پێشانگاکە بریتین لە سیمیناری فیکری، ئێوارانی شیعر، و واژۆکردنی کتێب، ئەمەش گرنگی چالاکییەکە وەک بۆنەیەکی ساڵانەی دیار لەسەر گۆڕەپانی ڕۆشنبیری كوردستانی و عێراق بەهێزتر دەکات. ێشانگاکە لە ڕۆژی حەوتەمدا پشتڕاستی دەکاتەوە، کە خولیای خوێندنەوە شکست پێناهێنرێت و هێشتا کولتوور و رۆشنبیری لە دڵی مرۆڤەکاندا دەژی، هەرچەندە پێشكەوتنە تەكنۆلۆژییەكان خێرابن و بارانەکەش بە لێزمە ببارێت.

Scroll to Top