خوێندنەوە و پێشانگەی کتێب

نووسينى/ ئازاد عه‌بدولواحيد

مەولانا دەڵێ:

بولبول دەتباتە لای گوڵ

قەلەڕەش دەتباتە لای زبڵدان

بزانە هاوڕێیەتی کێ دەکەی

* پێویست ناکا بە درێژی باسی گرنگیی کردنەوەی پیشانگەی کتێبان بکەم، من بە کردنەوەی ئەو پیشانگایانە شاگەشکە دەبم و زۆر بەلامەوە گرنگە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کردنەوەی ئەو پێشانگایانە خەریکە دەبنە نەریتێکی ساڵانە و لە شارەکانی کوردستاندا دەبنە باو و خەڵکی بە تاسووقەوە چاوەڕێیان دەکا. زۆربوون و بایەخدان بەو چالاکییە شارستانییە، بینینی ئەو ئاپۆرا و حەشیمەتە، بەو ژمارە زۆرەی سەرجەم ڕەگەز و چین و توێژ و تەمەنە جیا جیایانە، هاتنی هەوادارانی کتێب و خوێندنەوە و یەکتر بینین و ناسین و بە یەکدی شادبوونەوەی نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندان لەو کەرنەڤالی پێشانگایانەی کتێباندا تا بڵێی دڵخۆشکەرەیە. بوونی ئەو هەموو داوودەزگایانەی چاپ و بڵاوکردنەوە، بە هەموو زمانەکانی دەوروبەر و دنیا، هێنانی چاپەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی زۆر لە کتێبەکان، بانگهێشتی زۆر لە نووسەر و شاعیر و بیرمەندان بۆ پێشکەشکردنی کۆڕ و سیمینار، بە درێژایی ئەو چەند ڕۆژە، کردنەوەی دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ، هەموو ئەمانە مایەی ئاسوودەیی و خۆشحاڵین. زۆر جار ڕێکەوتووە بەدوای کتێبێک، سەرچاوەیەکی دڵخوازی خۆتدا گەڕاوی و وەگیرت نەکەوتووە، کە لە شوێنێکی وادا لە پڕ بەرچاوت دەکەوێ خەنی دەبی و لە خۆشییان دەکەویتە باڵەفڕە و دەشنێیتەوە.

* بێجگە لەوەی کتێب لەڕێی وەرگێڕانی باشەوە هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ نزیکبوونەوەی گەلانی دنیا لە یەکدی، ئەمڕۆکەش بەهۆی تەکنۆلۆژیاوە زۆر لە جاران زیاتر کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن و سوود لە دەستاوێژە زانستی و فیکری و مەعریفییەکانی یەکتر وەردەگیرێ. هەر لەو پێشانگایانەدا زۆر لە دۆستانت دەبینی و لەگەڵیان دەکەویتە وتووێژ، سەبارەت بە هەبوونی کتێبی گرنگ و دەگمەن و دانسقە، یەکتری لێ ئاگادار دەکرێتەوە، یان لەگەڵ یەکتر لە بارەی زۆر باس و بابەتی گرنگ و زیندوو دەدوێن و گفتوگۆی گەرموگوڕ دەکەن، دەمێکە گوتراوە: (ئەوەی بەبێ ڕابەر و چاوساغ بە ڕێگایەکدا بڕوات و سەد ساڵ بخایەنێ، لە گەشتێکدا لەگەڵ ڕێبەرێک لە دوو ڕۆژ زیاتر ناخایەنێ)، بۆیە بوونی ئەو ڕێبەر و چاوساغانە لەو شوێنەدا زۆر کەڵکی هەیە و ڕێگەی دوورودرێژ بۆ ئەوانەی سەرەتای خوێندنەوەیانە کورت دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی سوود وەرگرتن لە کەسانی خاوەن ئەزموون و شارەزایی لە خوێندنەوە و بۆ کاتی هەڵبژاردنی کتێب زۆر پێویست و باشە، چونکە هەڵبژاردنی جۆری کتێب بۆ خۆی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی تەمەنی مرۆڤ دیاری کراوە، فریای خوێندنەوەی هەموو کتێبە دڵخواز و باشەکان ناکەوێ، بۆیە لە هەڵبژاردنی کتێبدا هەموو کەسێک پێویستی بە هەڵبژاردن – ئینتیقائیەت هەیە.

* تاکی ئەو سەردەمەمان دەبێ سەرومڕ ئیرادە و هەموو کاتی خۆی لە ڕاگەیاندنی جەماوەری و سۆشیالمیدیا بە فیڕۆ نەدا و تەنیا پشت بەوانە نەبەستێ، تاکوو بتوانێ لە تەنگژەی فەرهەنگیی ڕاستەقینە ڕزگاری بێ، بۆیە خوێنەری ئەو سەردەمە ئەگەر زۆر عاشق و تینووی ڕۆشنبیری و خوێندنەوەی کتێب نەبێ، ئەوە ناتوانێ دەستی بەو سەرچاوە جۆراوجۆرانەی ڕۆشنبیری بگات کە دەیخەنە سەر ڕێگەی ڕۆشنبیرییە ڕاستەقینەکە، ئەوانەی بەدوای سەرچاوەکانی ڕۆشنبیریی ڕاستەقینەدا دەگەڕێن، زۆرتر هۆگری کتێب خوێندنەوەن، ئەمڕۆکە ئەوانە ژمارەیان زۆر نییە.

* تەنیا کتێبە هۆشیارییەکی هاوچەرخانە لەلای مرۆڤی ئەم سەردەمە دروست دەکا، بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی میللەتی خۆمان جارێ زۆر زووە دەستبەرداری وشە و کتێب خوێندنەوە بین و بکەوینە ژێر کاریگەریی وێنەوە (هەرچەندە ئەو سەردەمەمان بە شارستانیەتی وێنە ناوی ڕۆیشتووە و وێنە بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە). ئەوانەی کتێب خوێندنەوە لەلایان خوویەک نییە، پێشانگە بۆ ئەوانە هیچ کەڵکی نییە، چونکە وەک کتێب کڕ نین، ئەگەر کتێبیش بکڕن نایخوێننەوە، تا ئێوارە باسی ئەفسوون و سوودەکانی کتێب و کردنەوەی پیشانگەیان بۆ بکەی بە هیچ ناچێ، چونکە ئەوانەی کتێب خوێندنەوە لەلایان نەبووەتە خوو و نەریتێک، پیشانگەی کتێبی بۆ بکەیتەوە و نەکەیتەوە هیچ دەروەست نییە، ئەو جۆرە کەسانە سوور بزانن کتێب ژیان و تێڕوانین و کەسایەتی و چێژ و میزاجیشیان دەگۆڕێ، ئەو هەر تەقەی سەری دێ.

* ئەمڕۆکە گرفتە گەورەکە لەوەدایە توێژی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندان خۆیان ناخوێننەوە، بۆیە بە لێشاو بەرهەمی سادە و ساکار و ڕووکەش بەرهەم دەهێنن، چونکە خوێندنەوەیان لە ئاستی پێویستدا نییە، تەنانەت ئەوانەی خۆیان بە داهێن و نوێخوازیش دەزانن، خوێندنەوەیان لە ئاستی پێداویستییەکانی ژیانی سەردەمدا نییە، بگرە فریای خوێندنەوەی نووسین و داهێنانی هاوڕێ داهێن و نووسەرەکانی خۆشیان ناکەون، کەواتە ناتوانن و فریا ناکەون ئەدەبیاتی گەلانی دەوروبەر و دنیاش بخوێننەوە، ئەگەر حاڵەکە وا بێ، چۆن ئەو هەلومەرجەیان بۆ دەڕەخسێ ناو لە خۆیان بنێن (ڕۆشنبیر)، یان نوێخواز، یان نووسەرێکی هاوچەرخ، یان خوێندەوارێکی سەردەم، باشە (نیمچە ڕۆشنبیرێک) کە ناخوێنێتەوە، چۆن دەتوانێ بەرهەمی کەسانی دی بخوێنێتەوە و بڕیاری ڕەخنەیی لە بارەی بەرهەمەکانیانەوە بدات؟

* ئەوانەی خوێنەریشن، ئەوانەش دیسانەوە دەبێ بایی ئەوەندە خوێندەوار بن تا قەبارەی ڕاستەقینەی خۆ بەشتزان و بە داهێن و نوێخواز زانەکان بزانن و نەهێڵن هیچیان بەسەردا تێپەڕێ، ڕاستییەکەی بوونی ئەو جۆرە خوێنەرە هۆشیار و وتووریایانە ژمارەیان ئێجگار کەمە، بە تایبەتی لە ئامادەنەبوونی ڕەخنەیەکی چالاک، تا داهێنی ساختە، لە داهێنی ڕاستەقینە جودا بکاتەوە و بانگەشە فشۆڵەکانیان بە ئاسانی لێ وەرنەگرێ. باشە نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس و … و… چۆن دەتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە و پێشوازی لە کاروبەرهەمی نوێخوازانە بکەن؟ نوێخوازیی ڕاستەقینە، لە نوێخوازی درۆیینە لە یەکتر هەڵاوێرن؟ ئەگەر خوێندنەوەیەکی جیددی و بەردەوام نەبێ، یان بە نیمچە خوێندەوارییەک چۆن دەتوانرێ بڕیار لەسەر کار و بەرهەمی کەسێکی خوێندەوار بدرێ؟ چۆن بۆرە خوێندەوارێک، کۆلکە خوێندەوارێک دەتوانێ قسە لەسەر بەرهەمی کەسانێک بکات کە کەمترین شتێک لە بارەیانەوە بوترێ، دەبێ بڵێین ئەوان لەوانە خوێندەوارترن؟ چۆن دەکرێ خوێندەوارێکی ئاسایی بەخۆی ڕابپەرموێ داکۆکی لە چێژی گشتی میللەتێک بکا، کە خۆی لە بنەڕەتەوە بێ زەمینە و بێ زەوق و بێبنەما و سەلیقە و ڕۆشنبیریی بێ؟

* ئەمڕۆکە پرۆسەی خوێندنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوە و هۆشیاری لەلای تاکی کورد زیاتر پەیوەستە بە دەستەبژێرێکەوە کە خۆیان بۆ خوێندنەوە و نووسین تەرخان کردووە، زۆر کەم ڕێ کەوتووە خوێندەواری کورد کە هۆگر و متووی خوێندنەوەیە، تەنیا خۆی بۆ خوێندنەوە تەرخان کردبێ، بۆیە ئەوانەی دەخوێننەوە، لە هەمان کاتیشدا نووسەرن، واتە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بە تەنیا بۆ خودی خۆیان، خۆیان ڕۆشنبیر ناکەن و ناخوێننەوە، هەموو ئەوانەی ئەمڕۆکە دەخوێننەوە، یەکسەر دەستیان داوەتە قەڵەم و دەنووسن و بەرهەم و نووسینیشیان هەیە. بە داخەوە لەو ساڵانەی دواییشدا بارودۆخی «خوێندنەوە» تەواو ئاڵۆز بووە و کارەساتاوی دەبینرێ، چونکە دەبینین زۆربەی هەر زۆری نووسەران و ڕۆژنامەنووسان نەک هەر ناخوێننەوە، بگرە فریای خوێندنەوەی بەرهەمی یەکتریش ناکەن، ئەوانەشیان کە دەنووسن و کەناڵەکانی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەیان سەرقاڵ کردووە و ناخوێننەوە، ئەمە بۆ خۆی دیاردەیەکی سەیر و سەمەرەی دروست کردووە، ئیتر نازانین ئەو جۆرە نووسەر و ڕۆژنامەنووسانە (بەبێ خوێندنەوە) و دوور لە کتێب، چ جۆرە مەعریفە و ڕۆشنبیرییەک بەرهەم دەهێنن و چ جۆرە زانیارییەک دەکەنە خۆراکی خوێنەرەکانیان؟ بە تایبەتیش خوێنەرانی ئەو سەردەمە کە هەروا زوو و بە ئاسانی بە هەموو نووسینێک قایل نابن و بە هەر بیروڕایەکی سادە و ساکار قەناعەت ناهێنن و بە هەموو دوعایەک ناڵێن ئامین.

* لێرەوە دەڵێین پێویستە پرۆسەی (خوێندنەوە) و کولتووری خوێندنەوە هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە و تەنیا لە بازنەی دەستەبژێکدا بەگیر نەیەت، ئەم پرۆژەیەش دەبێ بە چەند قۆناغێک و لە مەودایەکی زەمەنیی درێژخایەندا جێبەجێ بکرێ، تا «خوێندنەوە» ببێتە پێویستییەک لە پێویستییەکانی ژیان، نەک وەک ڕووکار و کەمالیات و ئارەزوویەک تەماشا بکرێ و دیکۆری ژووری ماڵەکانی پێ بڕازێنرێتەوە. ئەو کاتە «جەماوەر»ـەکەمان دەبێتە (خوێنەر) و خوێندنەوەش دەبێتە پرۆسەیەکی سەرتاپاگیری میللی، ئەوسا دەتوانین بڵێین پێمان ناوەتە ناو قۆناغی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی شارستانی و هۆشیار، کە باشتر ڕاست و چەپی خۆی دەبینێ و بەرچاوی ڕوونە و تاکەکانی بە ئەرکەکانی سەرشانی خۆی ڕادەگا. ڕۆماننووسێکی گەورەی وەک (ئەریش ماری ڕیمارک) سەبارەت بە «جەماوەر»ی ڕۆژئاوا لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەیدا (شەوەکەی لشبۆنە) لەسەر زاری یەکێک لە پاڵەوانەکانی دەنووسێ: (دەبینی چۆن جەماوەرەکەمان دوای وشەی پانوپۆڕ و بریقەدار دەکەون، گوێ بەوە نادەن دەنگ و هاواری ئەو وشانە لە چەپەکانەوە دەبیستن، یان لە ڕاستڕەوەکانەوە، لەلای ئەو «جەماوەرە»، گرنگ ئەوەیە هەست بکەن لەولا کەسانێک هەن لە جیاتی ئەوان قورسایی بیرکردنەوەی قووڵ و بەرپرسیارێتییان لە کۆڵ دەکەنەوە ل52). ئەوە بینینی (ڕیمارک)ـە بۆ «جەماوەر»ی وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا، دەبێ ئێمە کە بە هیچ شێوەیەک کارمان لەسەر پەروەردەکردنی جەماوەری خۆمان نەکردووە چی بڵێین؟

* لە کاتی «خوێندنەوە»دا پێویستە جیاوازی لەنێوان «خوێنەر» و «جەماوەر»دا بکرێ، ئاستی هۆشیاریی جەماوەر و ڕادەی پێشوازیکردنیان لە پرۆسەی خوێندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی چێژ و قووڵکردنەوەی تێڕوانینەکانیان، بۆ باشتر چێژوەرگرتن و تێگەیشتنیان لە ژیان و دیاردەکانی، چونکە کاری داهێنەرانەی ئەدەبی و هونەری بۆ خۆی بایەخدانە بە جوانی و نهێنییە شاراوەکانی ژیان. کاری نووسین ژەهراویکردنی کەشوهەوای ژیان و ناشیرین و گەنیوکردنی ژیان نییە، بۆیەشە داهێن هەمیشە بە «جەنگاوەر»ێک دەچوێنرێ کە یەکەمین کار و داواکاری، جەنگانە لە ژیاندا بە مەبەستی ئەوەی لەسەر ئاستی دامەزراوە و داوودەزگاکاندا دژی ناشیرینی و دزێوی و گەنیوبوون بجەنگێ و بەردەوام جیهان جوانتر و جوانتر و نوێ بکاتەوە.

* بە داخەوە ئەمڕۆکە پرۆسەی خوێندنەوەی کتێب بۆ خۆی بووەتە پرۆسەیەکی تایبەت بە «دەستەبژێرێک» و سەرجەمی کۆمەڵگەی کوردی نەگرتووەتەوە، کە بوونی ئەو جۆرە خوێنەرەی کتێبیش، بە تایبەتی کتێبی پڕ زانیاری و داهێنەرانەی چاک و قووڵ، بۆ خوێنەرێکی زیرەک و خەمخۆری کتێب، دەبێ وەک ئەو تەورداسە وا بێ کە بەهۆیەوە ئەو شەختە و بەستەڵەکەی ناخی خوێنەر بشکێنێ. پێم وایە نووسەری کاریگەر و خاوەن شێوازی تایبەت و سەرنجڕاکێش، یان نووسەری خاوەن خوێنەر هەر ئەوەی کردووە و هەر ئەوە دەکات، بۆیە من چەند باوەڕم بە نووسەری تایبەتمەند و جیاواز هەیە، ئەوەندەش باوەڕم بە خوێنەری خوڵقێنەر هەیە، ئەوانە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن، چونکە وەک ئەدۆنیس دەڵێ: (خوێنەر بە خۆشی خوڵقێنەرێکی دیکەیە)، بە واتای ئەوەی خوێنەر بە قەدەر خوڵقێنەرەکە دەور و کاریگەریی خۆی لە خوێندنەوەی تایبەت بە خۆی بۆ تێکستەکان و دیاردەکان و دۆزینەوە و پەی بردن بە نهێنی و کۆد و جوانییەکانی دەق و داهێنان هەیە. زانایانی کۆمەڵناسی پێیان وایە سێ دیاردە کۆمەڵگەی دوواکەوتووی پێ دەناسرێتەوە.

(١) گەمژەیی و گەلحۆیی (حەماقەت).

(٢) زۆربڵێیی (چەندبازی).

(٣) بەکاربردن و بەرخۆری (ئیستیهلاک).

لەناو کۆمەڵگەیەکی دوواکەوتووی لەو جۆرە، دەبێ چ جۆرە بەرنامەیەکی تۆکمە و داڕێژراو هەبێ، چ ڕەنجێکی فەرهادانە بدرێ کۆمەڵ لەو دیاردە کوشندانە ڕزگار بکرێ، تا ببێتە کۆمەڵگەیەکی ساغڵەم، یان هیچ نەبێ کۆمەڵگەیەکی نیمچە سەغڵەم بێنینە بەرهەم.

Scroll to Top