دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە سەردەمی گۆڕانکاری تەکنەلۆژیادا.

هەولێر/ علي زەيتو

بەشداریی دەزگاکانی چاپ و پەخشی کوردی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، تەنیا لە پێشکەشکردنی ڕۆمان و شیعر و کتێبی مێژوودا سنووردار نییە. ئەم دەزگا چاپخانانە ئێستا هەنگاوی ڕوون دەگرنەبەر بۆ هاوسەنگ بوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و مەعریفیەکان، پێشکەشکردنی کتێبی زانستی وەرگێڕدراو یان نووسراو بە زمانی کوردی کە چەندین بوار دەگرێتەوە، لەوانە زیرەکی دەستکرد، پزیشکی، فیزیا، ژینگە، گەشەسەندنی مرۆیی، زانستە پەروەردەییەکان.

ئەم گۆڕانکارییە چۆنایەتییە لە وەڵامی پێویستی خوێنەری نوێدا دێت- بەتایبەتی گەنجان و خوێندکاران- کە بەدوای ناوەڕۆکی زانستیدا دەگەڕێن بە زمانێکی سادە و تێگەیشتوو کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە هاوچەرخەکان و بەرەوپێشبردنی کولتووری زانستی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

گۆڕانکاری لە ڕۆشنبیری کوردیدا

ئەم دیاردەیە لە حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێردا بەشێوەیەکی بەرچاو دەرکەوت، کە ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی کتێبی زانست و تەکنەلۆجیایان نمایشکرد، هەندێکیان لە زمانە نێودەوڵەتییەکانەوە وەرگێڕدراون و هەندێکی دیکەشیان لەلایەن توێژەرانی ناوخۆی تایبەت بە بوارەکانیانەوە نووسراون.

بەدیهێنانی ئارەزووی خوێنەران

کاروان لە خانەی «مانگ»  دەڵێت: «ئێمە شاهیدی گۆڕانکارین لە سەلیقەی خوێنەری کورد، بەتایبەتی لای گەنجان، خواست لەسەر کتێبی زیرەکی دەستکرد، دەروونناسی، و تەکنەلۆجیای مۆدێرن لە زیادبووندایە، ئەمساڵ ئێمە سەرنجمان خستۆتە سەر چاپکردن و وەرگێڕانی کتێبی زانستی، هاوکات دڵنیابوون لەوەی کە چەمکەکان بە زمانێکی ڕوون و شێوازێکی سەرنجڕاکێش سادە بکرێنەوە».

هەروەها دەڵێت، هەوڵدەدەین کتێبە زانستییەکان ئاڵۆز و بە نوخبەیی نەکەین، ئامانجمان ئەوەیە زانست بگاتە بەرفراوانترین ئامادەبووان و ئەمەش بەشێکە لە بەرپرسیارێتی کولتووریمان.

لەیلان لە خانەی  «ڕەهەند» دەڵێت؛

«ئێمە ئەمساڵ گۆشەیەکی کۆشکەکەمان تەرخانکرد بۆ زنجیرەی زانست بۆهەمووان، کە کتێبەکانی فەلەکناسی، زانستی کەشوهەوا و تەکنەلۆژیای پزیشکی لەخۆدەگرێت، هەموویان وەرگێڕدراون و وێناکراون. سەرمان سوڕما لە گرنگیدان بەوانە، بەتایبەتی لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە.»

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پێمان وایە بڵاوکردنەوەی زانستی بە زمانی کوردی متمانە بە زمانەکە بەرز دەکاتەوە و دەیکاتە زمانی مەعریفە نەک تەنها ئامرازێک بۆ ئەدەب یان گوتاری سیاسی.

محمد لە خانەی» نارینەوە « ووتی“ئەمساڵ کتێبێکی سادەکراومان لەسەر زیرەکی دەستکرد بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە، داواکاری لەسەری زۆر باش بوو، بەتایبەتی خوێندکارانی زانستی کۆمپیوتەر و ئەوانەی ئارەزووی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی دەکەن”.

محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک کتێب بە هاوکاری مامۆستایانی زانکۆ ئامادە دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە وردبینی ئەکادیمی و پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی تۆکمە بە زمانێکی ڕوون.

گرنگی جەماوەری

هەرکەسێک سەردانی ستاندی هەر دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی بکات لە پێشانگاکەدا هەست بە زیادبوونی ئارەزووی کتێبی زانستی دەکات. زۆرێک لە سەردانکەران پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم کتێبانە لە چاپەکانی پێشوودا بە زمانی کوردی بەو شێوەیە زۆر بەردەست نەبوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی هۆشیارییەکی نوێ لە نێو بڵاوکەرەوەکان و خەڵکدا.

دکتۆر مەحمود مامۆستای زانکۆ دەڵێت «سەرسام بووم بە دۆزینەوەی کتێبی کوردی لەسەر جینات و فیزیای مۆدێرن، جاران ناچار بووم ئەو چەمکانە بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی بۆ قوتابیەکانم ڕوون بکەمەوە، ئێستا دەتوانم کتێب بە زمانی خۆیان پێشنیار بکەم، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە.»

ئامینە خوێندکاری بەشی ڕاگەیاندن دەڵێت «کتێبێکم کڕی لەسەر زیرەکی دەستکرد و کتێبێکی دیکەم لەسەر پەیوەندی زانستی، پێم وا نەبوو کتێبی لەم ئاستە بە زمانەکەمان بدۆزمەوە، ئەمە شتێکە شانازی پێوە بکەین.»

بەرەو کولتوورێکی زانستی بە زمانی کوردی

پەرەسەندنی ناوەڕۆک کە لەلایەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردییەوە شاهیدی دەدرێن، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خوێندنەوە و فێربوون کە تەنیا پشت بە وەرگێڕانی هاوکات یان سەرچاوەی بیانی نەبەستێت، بەڵکو ئامرازە مەعریفیەکانی خۆی بە زمانی خۆی پەرەپێبدات.

چاودێران پێیان وایە ئەم قۆناغە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێشڤەچوونی کولتووری کە ڕەنگە جیاواز بێت لە قۆناغەکانی پێش خۆی، بەو پێیەی پشت بە بەرهەمهێنانی مەعریفە دەبەستێت نەک تەنها بەکارهێنانی.

پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێری ئەمساڵ دووپاتی دەکاتەوە کە ئەدەب تاکە شت لە پێشەنگدا نەماوە.  زانستیش پێگەیەکی لە ڕەفەکانی کوردیدا دۆزیوەتەوە. لەگەڵ پێداگری دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لەسەر درێژەدان بەم ڕەوتە، دەکرێ بڵێین گواستنەوە بۆ کۆمەڵگایەکی زانستی تەنیا پرسێکی کاتییە و زمانی کوردیش لە ڕێگادایە بۆ ئەوەی ببێتە دەفرێکی ڕاستەقینە بۆ زانستی مۆدێرن، هەروەک چۆن بۆ شیعر و مێژوو هەیە.

Scroll to Top