دە وارنە كتێبان

ئاسۆ كه‌ريم

دێتەوە بیرم، شەستەكانی سەدەی ڕابردوو ماڵمان لە دێ بوو، هاوینان خۆشناو میوەی وەك ترێ، هەنجیر، هەنار و سێوی لاسووریان دێنا گوندەكەمان و لە ماڵێكی خانەخوێ لایان دەدا و باریان دەخست. پاشان مام خۆشناو دەچووە سەربانی ماڵەكە و هاواری دەكرد: دە وارنە هەناران، دە وارنە ترێیان، دە وارنە هەنجیران و ئا ئاوا… ئیدی خەڵكی ئاوایی تێی دەورووكان، چ بە پارە و چ بە دەغڵ میوە و تەڕەیان دەكڕی، هەم مام خۆشناو بەكەیفێكەوە دەگەڕایەوە ناوچەی خۆشناوەتی و هەم خەڵكی گوندیش یەك دوو ڕۆژ ئەو میوەجاتە زەریفەیان دەخوارد.

من پێشانگەی كتێبان، بەو میوە و تەڕەی خۆشناوان دەشوبهێنم و ئەوە بووەتە نەریتیك ساڵانە لە بەهاران خانەی (المدی) بە دەیان خانە و سەنتەر و وەشانخانەی عەرەبی و توركی و ئێرانی و كوردی بۆ ئەم هەولێرە بهێنێ و جاڕ بدا: خوێنەران دە وارنە كتێبان.

بەڵێ بووەتە نەریتێكی ساڵانە و هیوادارم بەردەوام بێ. سایە و چاكەكەیشی هەم بۆ خانەی (المدی) و هاوڕێ فەخری كەریم دەگەڕێتەوە و هەم بۆ دامودەزگا پێوەنددارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە هاوكارێكی بەڕێوجێن كە ئەو چالاكییە كولتوورییە فرە ڕەهەندە بەشێوەیەكی لەبار بەڕێوەبچێ و لەسەرووی ئەمەشەوە سەرۆك بارزانی خۆی ساڵانە پیشانگەكە بكاتەوە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا بە هەندوەرگرتن و بایەخدانێكی بەرچاوە بەو بوارەی ژیان و ڕێزگرتنێكیشە لە ئازادیی بیروڕا و درفەت كردنەوەیە بۆ ئازادیی پەخش و بڵاوكردنەوە.

ئێمەی لە كوردستاندا، پێویستمان بە تێركردنی پێداویستییە ماددی و هەم ڕۆحییەكانە. ئاپارتمانی جوان و بەرز و بازاڕ پڕ لە پێداویستیی ماددی بەس نییە كە  تەنانەت لە ڕێگەی ئامرازەكانی كۆمیونیكێشن و مۆبایلی زیرەكەوە بەشێك لە پێداویستییەكان دەگەنە ماڵەكانیشمانەوە.  ئەی چی بۆ پێداویستییە ڕۆحییەكان؟ ئێمەش دەمانەوێ گوێ لە گۆرانی و لاوژە و حەیران و بەستە و لاوك بگرین، گوێ لە مۆسیقای خۆماڵی و بیانی بگرین، شایی و داوەت بكەین، سەیری فیلم و شانۆ بكەین، كتێب بخوێنینەوە، وێنە بكێشین، لەگەڵ ئەم دۆست و ئەو ناسیاردا بیروڕا بگۆڕێنەوە، گوێ بۆ ڕای خەڵكی دیكە هەڵبخەین، لە ئەزموون و تەجرەبەی خەڵكی دیكە بگەین، ….دەمانەوێ بزانین خەڵكی دیكەی غەیرە كورد چ دەڵێن! ئەو هەموو چالاكی و كردانە، لە دنیای ئەمڕۆدا باشتر فەراهەم كراون و دەكرێن، جا چ ڕاستەوخۆ بێ یان ناڕاستەوخۆ، جا چ بە تەنیا چێژیان لێ وەربگرین یان بەدەستەجەمعی…

پێشەنگەی كتێب شتێكمان بۆ پڕ دەكاتەوە. بەهەرحاڵ تەنیا هەر جێگەیەك نییە كە خانەیەكی چاپ و بڵاوكردنەوە كتێب و گۆڤار و بەرهەمی خۆی، چ كۆن و چ تازەی تێدا ساغ بكاتەوە، بەڵێ ئەوە گرنگە، بەڵام پێشانگەی كتێب كە ڕۆژانە بە سەدان ئەگەر بە هەزاران نەبێ سەردانی دەكەن، قەریحەی خویندنەوە و زانین و كرانەوە لە سەر ئەوانی دیكە دەكاتەوە و گوێ لە كەسانی بیانی و خۆمانە دەكرێن و تەفاعوڵ دەكەین لەگەڵیاندا، لەو قاوغ و دونیا تەسكەی خۆماندا دێینە دەرێ و تێكەڵ بە شەپۆڵ بەرفرەی مرۆڤایەتی دەبینەوە.

من بەو پاییزەی تەمەنم، زۆر دڵخۆش دەبم كە دۆستەكانی كتێب بە هەزارانن و هەموو تەمەنێكی تێدا دەبینم لە منداڵە ژیكەڵەوە بگرە تا كچ و كوڕی نەوجەوان، تا ژن و پیاوی جحێڵ، كامڵ و هی وەك منی بەتەمەن وەكوو هەنگ بە دوای ئەو حاجەتەدا دەگەڕێن كە پێویستیان پێیە، لە كتێبی زانستیی پزیشكی و ئەندازە و ئای تی و كۆمپیوتەرەوە بگرە تا زانستە كۆمەڵایەتییەكان، تا داهێنانە جۆراوجۆرەكانی ئەدەبیاتی میللەتان و چیرۆك و هەقایەتی منداڵان…لە پێشەنگەدا، نووسەران، خوێنەران، دۆستان یەكدی دەبیننەوە و پێكەوە خەم و خۆشییەكانیان بەش دەكەن. ئەی ئەوە نییە دیسان كتێب كۆمان دەكاتەوە!

هێشتا لە وڵاتی ئێمەدا، دامودەزگای ڕاپرسی ئەوتۆ نییە كە بزاندرێ ڕۆژانە چەند كەس سەردانی پێشانگەكە دەكەن و چ جۆرە كتێبێ ڕەواجی هەیە و خوێنەران بە دوای چیدا دەگەڕێن و مەزاجی خەڵك ڕووەو چ ئاقارێكە، نەوەی نوێ لەگەڵ نەوەی ئێمەدا لە كوێدا یەكدەگرینەوە و لە كوێدا هەر یەكەمان بە ئاقارێكدا. بە هەرحاڵ لە پێشانگەدا، دەبینم بیروڕا جیاوازەكانی ناو كتێبان بە هێمن، عاقڵ عاقڵ لەتەك یەكدا دانیشتوون و زۆر ڕێزی یەكتری دەگرن…كتێبێكم نەدیت لەگەڵ كتێبێكی دیكەدا شەڕ بكات. دەبا ئێمەی مرۆڤ لە كتێبەوە فێری ئەو ئادابی پێكەوە هەڵكردنە ببین…

Scroll to Top