
رۆژی سێیه‌می 17هه‌مین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێب، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ رۆژی هه‌ینی 11/4/2025 كه‌شی پێشانگه‌كه گۆڕا بۆ فیستیڤاڵێكی رۆشنبیری خێزانی و سه‌دان خێزانی كورد جگه له به‌شداربووانی گشتیی، له سه‌رتاسه‌ری كوردستانه‌وه بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی رۆشنبیری له پشووی هه‌فتانه‌یان سه‌ردانی پێشانگاكه‌یان كرد، ئه‌م سه‌ردانه مۆركێكی كۆمه‌لایه‌تی جوانی به‌خشییه پێشانگه‌كه.
له رۆژی سێیه‌مدا، پێشانگه‌كه قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆری به‌خۆیه‌وه بینی و سه‌ردانه‌كان ته‌نها له كڕینی كتێبدا سنووردار نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش له كۆڵانی هۆڵه ڕازاوه‌كانی به به‌رگی كتێبی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و چاوپێكه‌وتنی كراوه له‌گه‌ڵ نووسه‌ران و وێنه‌گرتن وكات به‌سه‌ربردن له نێو كافێ بچووكه‌كانی پێشانگه‌كه.
سه‌ردانیكه‌رانی پێشانگه‌كه و ئه‌زمونێكی ناوازه
ئاسۆ گه‌ڵاڵی، له‌سلێمانییه‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی و سێ منداڵی هاتوون بۆ پێشانگه‌كه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ساڵانه رۆژێكیان ته‌رخان كردووه بۆ سه‌ردانی كردنی پێشانگه‌ی كتێب له هه‌ولێر.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش دا، رۆژی هه‌ینی گونجاوه، چونكه كار ناكه‌ین، پشووه، ئاره‌زوومانه منداڵه‌كانمان كتێب ببینن، خۆیان ده‌ست له كاغه‌زه‌كان بده‌ن، نه‌ك ته‌نها له رێگه‌ی شاشه‌كانه‌وه.
هه‌روه‌ها گووتی: كه‌شه‌كه لێره ناوازه‌یه، نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتێب ده‌كڕین، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی وڵات و شاره جیاوازه‌كان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌بینین و ده‌ناسین، قاوه ده‌خۆینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین له جه‌ژنێكی رۆشنبیریداین و ده‌بێ چێژ له كه‌شه‌كه وه‌رگرین.
شیلان حه‌سه‌ن، قوتابی زانكۆیه و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له قه‌زای ئاكرێی پارێزگای دهۆكه‌وه هاتوون، ده‌ڵێت:
پیشانگه‌كه بووه‌ته نه‌ریتێكی ساڵانه بۆ خێزانه كورده‌كان، هه‌ست ده‌كه‌م پێشانگه‌كه چیتر ته‌نها شوێنێك نییه بۆ كڕینی كتێب، به‌ڵكو بووه‌ته شوێنێكی خێزانی كراوه و فراوان كه ده‌توانیت منداڵ و دایك و باوك و لاوانی تیدا بدۆزیته‌وه، هه‌موویان به شێوازی جیاواز و ناوازه چێژ وه‌رده‌گرن.
شوێنی قه‌ره‌باڵغی و گرنگیدانی تایبه‌ت به كتێبی منداڵان
شوێنه‌كانی كتێبی منداڵان زۆر قه‌ره‌باڵغ بوون، دایكان و باوكان به لێشاو ده‌چوون بۆ كڕینی كتێبی وكه‌ره‌سته‌ی په‌روه‌رده‌یی زانستی، هه‌ندێ ده‌زگای چاپ شوێنی تایبه‌تی ته‌رخان كردووه بۆ وێنه و ره‌نگ كردن و خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك، ئه‌وه‌ش وای كرد سه‌رنجی مندالان به‌شێوه‌یه‌كی باش رابكێشن.
سۆران خاوه‌نی ده‌زگای چاپ و په‌خشی ناوخۆییه، ده‌ڵێت:
سه‌رنجماندا رۆژی هه‌ینی قه‌ره‌باڵغترین رۆژه، خه‌ڵك به گرووپی خێزانی دێن، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ڕنامه‌ی كات به‌سه‌ربردن بۆ مندالان ئاماده بكه‌ین و كتێبی گونجاو بۆ ته‌مه‌نه جیاوازه‌كان دابین بكه‌ین.
كافێی كلتووری و گۆشه‌ی وێنه
له‌ناو پێشانگه‌كه‌دا كافێ كلتوورییه‌كان وه‌ك شوینی كۆبوونه‌وه بۆ زۆرێك له خیزانه‌كان بوون، هه‌ندێكیان پاش گه‌ڕان به نێو پێشانگه‌كه دا، دانیشتبوون چا یان قاوه‌یان له شوینی تایبه‌ته‌كانی نێو پیشانگه‌كه ده‌خوارده‌وه، هه‌روه‌ها شوێنی تایبه‌ت به وێنه‌گرتن هه‌بوو كه به باكگڕاوندی كتێب و ڕه‌نگی سه‌رنجڕاكێش دانرابوون، بوونه وێستگه‌ی یادگاریی خێزانه‌كان كه سه‌ردانه‌كه‌یان به وێنه‌ی خێزانی دێكۆمینت ده‌كرد.
پوخته‌ی دیمه‌نه‌كان: پێشانگاكه وه‌كو ڕووداوێكی كۆمه‌لایه‌تی و كلتووری ته‌واو
چیتر پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌لێر بۆ كتێب بۆنه‌یه‌كی رۆشنبیری نه‌ریتی نییه، به‌ڵكو بووه‌ته بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه كلتوور و كات به‌رسه‌ربردن تێكه‌ڵ ده‌كات، كه‌شێكی ناوازه فه‌راهه‌م ده‌كات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كتێب له نێو كه‌شێكی خێزانی خۆش. به‌تایبه‌ت له رۆژی هه‌ینی، كه پێده‌چێت پێشانگه‌كه ده‌بێته ره‌نگدانه‌وه‌ی روحی كۆمه‌لگای كلتوور دۆست و خێزانی یه‌كگرتوو و تامه‌زرۆی هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ فێربوون و خۆشی پیكه‌وه.