
هەولێر.. خوێنەرێکی زۆر ڕووی لە پێشانگهی نێودەوڵەتی کتێب کردووە
حەڤدەمین پێشانگهی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر کرایەوە و تێیدا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار ناونیشانی جیاجیای لێ نمایشکراوە و قەڕەباڵغییەکی زۆری خوێنەران لە پێشانگاکەدا دەبینرێت. خاوەنی یەکێک لە کتێبخانەکان کە ساڵانە بەشداری لە پێشانگهکە دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرارود بە ساڵانی ڕابردوو خوێنەرێکی زیاتر سەردانی پێشانگهکەی کردووە و پێشبینیش دەکات لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی سەردانیکاران بەرزبێتەوە.
ئهلمهدا: هەولێر
خاوەنی کتێبخانە، محەمەد عەلی گوتی: هەموو ساڵ بەشداری پێشانگهکە دەکەین، بۆ ئەمساڵ ئەو بابەتانەمان نمایشکردووە خەڵک زیاتر خواستی لەسەر كتێبی ئایینی، پەروەردەیی، عیرفانی و فیکریی هەیە، هەروەها هەست دەکرێت ئەمساڵ جۆش و خرۆشێکی زیاتری خوێنەران هەیە.
محەمەد عەلی گوتیشی: «ئەوەی تێبینیمان کردووە زیاتر چینی گەنج سەردانی پێشانگهکە دەکەن و پێشبینی دەکەین ژمارەی سەردانیکاران بەرزبێتەوە و نرخەکانیش بەراورد بە ساڵانی پێشوو هەرزانترە».
نووسەرێک ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ ئەوەی مرۆڤ چاکسازی لەناخی خۆیدا و لە وڵات بکات، ئەوا پێویستە ڕوو لە خوێندنەوە بکات هەر بۆیەش خوێندنەوە تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە.
هودا گولیزار حەوێزی لەمبارەیەوە گوتی: دەبێت ئێمە هەست بە گرنگی و گەورەیی کتێب بکەین، بێگومان هەر شتێک سوودی هەبێت خەڵک بە گەرمییەوە بەرەو پیری دەچێت، ئەوەی من ئەمساڵ دەیبینم جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، دەبینین ژمارەیەکی زۆری خوێنەر لە زمان و دیالێکتەکانی دیکەش بوونیان هەیە کە ئەمە جێگای خۆشحاڵییە، چونکە لە کۆتاییدا، ئەگەر بمانەوێت چاکسازی لە خۆمان و وڵاتیش بکەین ئەوا دەبێت تاکێکی ڕۆشنبیر و ڕوو لە خوێندنەوە دروست بکەین.
هودا گولیزار حەوێزی گوتیشی: «خوێندنەوەی کتێب جیاوازە لەگەڵ خوێندنەوە لە شاشە و سۆشیالمیدیا، ئەوەی ئەمڕۆ سەرنجمداوە خوێنەران زیاتر ڕوو لە کتێبە ئایینییەکان دەکەن. ئێمەش گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە کتێبە ئایینییەکان و ئەوانەی بەرەو ڕۆشنبیری و دیدگایەکی بەرزت دەبەن، گرنگییان پێ بدەین».
بەشداربوویەکی دیکەی پێشانگهکە کە چەندین ناونیشانی جیاوازی نمایشکردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە لەیەکەم ڕۆژی سەردانیکارانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵک تامەزرۆی خوێندنەوە و فێربوونە.
محەمەد مەحموودی لەمبارەیەوە گوتی: بۆ دووەمینجارە بەشداری ئەم پێشانگهیە دەکەین، بۆ ئەمساڵ 500 ناونیشانی جیاوازمان نمایشکردووە، کتێبەکانمان زیاتر ئەدەب و شیعر، دیوانە کلاسیکییەکان، ئایین و مێژووە.
محەمەد مەحموودی گوتیشی: خەڵکێکی زۆر ڕووی لەم پێشانگهیە کردووە و ئەمەش بەو مانایە دێت کە خەڵک تامەزرۆی خوێندنەوەیە و وەک دەبینین سەردانیکاران لە تەمەنی 20 بۆ 40 ساڵە بە گشتی، بەڵام تەمەنی جیاوازیشی تێدایە.
بۆ ئەمساڵ 350 خانەی بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتانی عەرەبی و جیهانییەوە تیایدا بەشدارن کە هەموویان لەسەر ڕووبەرێک کتێبەکانیان نمایش دەکەن کە زیاترە لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشە، هاوکات زیاتر کە ملیۆنێک و 200 هەزار ناونیشانی جیاواز نمایشکراون.
پێشانگهکە لە 9 تا 19ـی نیسان بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی بۆ 8ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت و بە درێژایی ڕۆژانی پێشانگاکەش چەندین پانێڵ و دیبەیتی ڕۆشنبیری لەبارەی وەرگێڕان و زمانەوە بەڕێوەدەچن و تێیدا ڕۆشنبیران و شارەزایانی زمان بەشداری تێدا دەکەن.