فەخری کەریم:لە كوردستان و سەرانسەری عێراق سەرکردەیەکی مێژوویی متمانەپێکراو نییە هاوشێوە سەرۆك بارزانی …

عێراق بێ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی کورد هیچی پێنەکراوە

رۆژى پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای مەدا بۆ رۆشنبيرى و راگه‌ياندن وهونه‌ر،  لە ميانى بەرنامەيه‌كى ته‌له‌فزيۆنى کوردستان24ـدا، به‌ڕاشكاوى باسى رۆڵى ده‌ره‌كى وئيقليميكرد له‌ ئاڵۆزكردنى بارودۆخى عێراق، هه‌روه‌ها رأى تايبه‌تى خۆى خسته‌ روو سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى كورد وپه‌يوه‌ندى نێوان خۆى و سه‌رۆك بارزانى وئاينده‌ى عێراق . له‌ باره‌ى سه‌رۆك بارزانى گوتی:

«شانازى ده‌كه‌م به‌ هاوڕێيه‌تى له‌گه‌ل سەرۆک بارزانی، ئه‌گه‌ر به‌ هاوڕێ قبووڵم بكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ خاڵێكى پرشنگدار له‌ ژيانم.. سرۆك بارزانى گرنگی زۆر بە خوێندنەوە وکتێب دەدات، ئەمەش بەخێر و ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان شکاوەتەوە، هەروەها فاکترێکی سەرەکیی ئەو بەرەوپێشچوونەيه‌ كه‌ لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە».

هه‌روه‌ها هەر لەبارەی سەرۆک بارزانییەوە، دووپاتی کردەوە، نەك لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقیش سەرکردەیەکی مێژوویی متمانەپێکراو نییە هاوشێوەی سەرۆك بارزانی بە عەقڵانییەت بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی باڵا بکاتەوە و هەستی نیشتمانپەروەریش لە گرنگیپێدان بە هەرێمی کوردستان پەراوێز نەخات.

سه‌باره‌ت به‌ پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر ئاماژەی بەوە دا، دەتوانین بڵێین پێشانگەی کتێب پێشانگەی سەرۆک بارزانییە، ئه‌م پێشانگەکە نیشاندەری ئەوەیە کە ئازادی لە کوردستان هەیە و، هیچ سنوورێک بۆ کتێبەکان نییە جگە لە کتێبە ئایدیا توندڕەوییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، هه‌رێمی كوردستان سه‌كۆیه‌كی ئازادی بۆ چاپكردنی كتێب هه‌یه و جموجۆڵی ڕۆشنبیریش له‌ هه‌رێمەکە زۆر پێشكه‌وتووه.

لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق، گووتى: ئەگەر عێراق لە ڕووی سیاسییەوە بەم شێوەیە ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا وڵاتەکە دەبێتە دۆزەخ، چونکە چینێکی سیاسی هەن تەنیا گرنگی بە خۆیان و بەرژوەندییەکانیان دەدەن. باسی لەوەش کرد، چەند سیناریۆیەک لەبەردەممانن زۆر مەترسیدارن لەوانەش دەستوەردانی دەرەکی لە ناوخۆی عێراق، چونکە بەشێک لە بڕیار بەدەستەکانی وڵاتەکە تەنیا فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن و وەلائیان بۆ دەرەوە هەیە.

سەرۆکی دەزگای مەدا، لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: هەرێمی کوردستان بەشێکی زیندووی عێراقە و لە دەستووردا بوون و ڕۆڵ و ئاراستەی خۆی هەیە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، کۆمەڵە کەسانێک لە عێراق وێنە قێزەونەکانی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکان و هەڵوێستیان دەرهەق بە گەل و دۆزی کورد دووبارە دەکەنەوە، ئەوان وانە لە سەدام حوسێن و چارەنووسەکەی وەرناگرن، کە هیچ ڕێگەیەك نەما لە دژی کورد بەکاری نەهێنێت وەك چەکی کیمیایی و ئەنفال و وێرانکردنی هەزاران گوند.

گوتیشی: دەمەوێت بڵێم سەدام حوسێن لە کوێ بوو؟ لە چاڵێکی پیس بوو کە شایستەی خۆی و هاوشێوەکانی بوو. لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەداخەوە عەقڵییەتی حوکمڕانی ئێستای عێراق نەك نەگۆڕاوە بەڵکو خراپتر بووە.

جەختی لەوەش کردەوە، عێراق دەبێت لەوە تێبگات کە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان هیچ ئەنجامێکی نابێت، هەروەها عێراق بێ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی کورد هیچی پێنەکراوە.

Scroll to Top