
هەولێر:جەنان سەرای
لە گۆشەیەكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب دوورلە ژاوەژاوی سەكۆیەكان و ئاهەنگی واژۆكان وگفتوگۆی دەستەبژێری رۆشنبیران لەو گۆشەیەدا چەند پێكەنینێكی هێواش،هەنگاوی بچوك،چاوی كراوە ئەو كتێبانەی كەبە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ نەخشێنرابوون قوتدەدا.دیمەنەكە تەواو جیاوازبوو مێزی ڕەنگاوڕەنگ، ڕایەخ،كتێبی وێنە ئامێز،منداڵان كە جلی یەكپۆشی قوتابخانەیان پۆشیبوو لە نێو گۆشەكاندا جێگۆڕكێیان دەكرد بە حەزكردنێك جگە لە منداڵێتی لە هیچ شتێەكی تر نەدەچوو.
لێرە ژوانەكە لەگەڵ باخچەی منداڵانی ڕۆنا وباخچەكانی دیكە بوون كە قوتابییە بچوكەكانییان لە گەشتێكی تایبەت بۆ پێشانگاكە هێنابوو.
تەنها بۆ نزیككردنەوەیان لە كتێب نا ،بەڵكو بۆ ئەوەی خوێندنەوە بكرێتە ئەزموونێكی زیندووكە دەستبخاتە ناو دەستەكانیان و لە ویژدانیاندا بچێنرێت لە كاتێكدا كە ئەوان تازە لە سەرەتای پیتەكاندان.
(طیبە)كە فێركارێكی باخچەی منداڵانی ڕۆنایە لە نزیك منداڵەكان دانیشتبوو یارمەتی یەكێكیانی دەدا لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی كتێبێك لەسەر ئاژەڵان بەچاوانێك كە بە گڕوتینەوە دەدرەوشانەوە،لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پاشكۆی (المدی) گوتی:دەمانەوێت منداڵ بە كتێبەوە ببەستینەوە بە بێئەوەی هەستبكات كەئەوە ئەركی قوتابخانەیە،كتێب لێرەدا دەبێتە یاری ،سەركێشی چیرۆك كە لە نێوان هاوڕێكاندا باسدەكرێت.بوونی منداڵان لە پێشانگاكەدا هەنگاوێكی بچوكە،بەڵام كاریگەرییەكی درێژخایەن بەجێدەهێلێت.ئێمە لەمڕۆدا تۆوی حەزی خوێندنەوە دەچێنین.
لە گۆشەیەكی تایبەت بۆكتێبی منداڵان منداڵێك بە ناوی ئایلین كە كڵاوێكی زەردی لەسەر بووكتێبێكی لەسەر باڵندەكان بەدەستەوەبوو.كاتێك لەسەر سەردانیكردنی بۆ پێشانگاكە لێمان پرسی ئەو پێكەنی و زۆر بە بڕوا بە خۆبوونەوە گوتی:زۆر چێژم لێبینی كتێبی خۆشم بینی و كتێبێكم كڕی مراوییەكی بچوكی تێدابوو كە دەفڕی.
ئایلین وشەكانی زۆر سادە بوون، بەڵام واتای زۆریان لە خۆ دەگرت لە ژێر كاریگەری ئەم سەردانە.
پێشانگا ناسراوە بەوەی تەنها بۆ گەورەكانە ،بەڵام ئەمساڵ زیاتر بە ڕووی منداڵاندا كراوە بوو،لە ڕێكخستنی كارلێككارانەی چالاكییەكان تا دەگاتە تەرخانكردنی ڕووبەری خوێندنەوەو وێنەكێشانی بە كۆمەڵ.
ئامادەبوونی منداڵان تەنها وێنەیەكی ڕەمزی نەبوو،بەڵكو بەشێك بوولەو دیدگایەی كە هەوڵی دووبارە دروستكردنی پەیوەندی نەوەی نوێی دەدا لەگەڵ كاغەز لە كاتیك كە شاشە لە ئێستادا باڵادەستە تێیدا.
ئامینە فرۆشیارێكی پێشانگاكە لەخانەی ( داركلمات ) دەربارەی ئەو كارلێكە گوتی:تێبینی دەكەین كە منداڵان سەرنجیان بەتوندی بۆ كتێبەكان ڕادەكێشرێت بەتایبەتی ئەو كتێبانەی كە هەڵگری وێنەی فێركاری كارلیككەرن و زانیاری و وێنە بەیەكەوە دەبەستێتەوە وهانی منداڵ دەدات كە كارلێك لەگەڵ ناوەرۆكەكەی بكات،منداڵ چیتر كتێبە كلاسیكییەكان وەرناگرێت ،بەڵكو پێویستی بە كتێبێك هەیە كەبیدوێنێت وكاریگەری لەسەر حەزی زانینی هەبێت ، ئێمەش كار لەسەر پەرەپێدانی ئەو جۆرە لە كتێب دەكەین بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە ئەزموونی هزری ودیدەیی.
بەشێك لە خانەكانی بڵاو كردنەوە تێبینی ئەو ئامادەییەیان كردبوو هەر بۆیەش پەرەیان بە ناوەرۆكی كتێبەكان دابوو. كە گونجابێت لەگەڵ ئەم نەوەیە وچەند ڕەگەزێكی كارڵیككەری بۆ كتێب زیاد كردبوو وەك بابەتی دەنگی،مەتەڵ ،وێنەی سێ دووری.
طیبە چۆنێتی كاركردنی كتێبێكی ئەلیكترۆنی بچوكی بۆ منداڵەكان ڕاڤە دەكردوپێی دەگوتن ئەمە كتێبێكی زیرەكە ،بەڵام هەرچەندە بەرەو پێشبچێت كتێبی كاغەز جوانی خۆی هەر دەمێنێت ڕاستە؟ منداڵەكانیش سەریان دەهەژاند وەك ئاماژەیەك بۆ پشتڕاستكردنەوەی پرسیارەكەی هەرچەندە لەوانەیە بەتەواوی لەوە تێنەگەیشتبن كە مامۆستاكە مەبەستی چییە؟ ،بەڵام هەستییان بە گڕوتین دەكرد.
بابەتێكی دیكە كە جێگای سەرنج بووكارلێكی كەسوكارەكانییان بوو هەندێكیان بە تایبەتی بۆ هێنانی منداڵەكانیان هاتبوونە پێشانگا وەك بەشێك لە (گەشتی خێزانی بۆ خوێندنەوە) دایكیكی گەنجمان دواند كە دەستی منداڵەكەی گرتبوو یارمەتی دەدا لە هەڵبژاردنی یەكەم كتێب گوتی:»كوڕەكەم تەمەنی پێنچ ساڵە و ئەمڕۆ یەكەم كتێبی هەڵبژێردراوی خۆی بۆدەكڕم مەبەستم بوو كە وابەستەی خوێندنەوەی بكەم وەك حەزێك نەك بەسەریدا بسەپێنم.»
باخچەی منداڵانی ڕۆنا تەنها بە سەردانەكەوە نەوەستا ،بەڵكو بەرنامەیەكی بچوكی لەناو پیشانگاكە بۆ منداڵان ئامادەكردبوو لە وێنەكێشانی سەربەست دەربارەی ئەو چیرۆكانەی كە خوێندبوویانەوە ونمایشتكردنی چەند چالاكییەك كە لەناوەرۆكەكانی هەندێك لە كتێبەكان هاتبوون لەخۆ گرتبوو.
طیبە دەڵێت:منداڵەكان كە دەگەڕێنەوە بۆقوتابخانە دەربارەی ئەوەی كە بینیویانە بۆ هاوتەمەنەكانیان باسدەكەن كە ئەوەش دەبێتە دەسپێكی گفتوگۆیەكی سادە لە نێو منداڵاندا دەربارەی كتێب وبەمجۆرەش «نەخۆشییە جوانەكە دەستپێدەكات».ئەمەی (بەزەردەدەخەیەكەوە باسكرد).
كاتێك یەكێك پرسیاردەكات:منداڵ لە تەمەنی چوار یان پێنچ ساڵ چی دەچنێتەوە لە سەردانیكردنی پێشانگای كتێب؟ لێرەدا وەڵامەكە بە هێند ناپێورێت ،بەڵكو بە جۆر دەپێورێت منداڵیك كە كتێب لە دەرەوەی پۆلەكەی دەبینێت لە شوێنێكی گشتی كە ئاهەنگ بۆ كتێب ساز دەدرێت وێنەیەكی جیاواز بۆ خوێندنەوە دروستدەكات منداڵ كاتێك كتێبێك بەخواستی خۆی دەكڕێت وا هەستدەكات كەبەشێكە لە جیهانی گەورەكان و دەنگ و بۆچوونی خۆی هەیە.
ئایلینی بچووك لە كۆتایی گەشتەكەدا گەڕایەوە و لەسەر زەوی دانیشت و كتێبە نوێیەكەی ئەمدیودیو دەكرد ئەو نەیدەزانی كە ئەو كتێبە دەبێتە سەرەتایەك بۆ گەشتێكی دوورو درێژ لە دۆزینەوەولەوانەیە دوای چەند ساڵێك ئەو خۆی لێرە بوەستێت وەك سەردانیكارێكی پێگەیشتوو كە یەكەمین ڕۆژەكانی لەم پێشانگایە بیر دەكەوێتەوە كاتێك منداڵێتییەكەی دەستی وشەكانی دەگوشی بۆ یەكەمجار.
بەمجۆرە دەستپێشخەریانە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بەتەنها نابێتە بازاڕیكی ڕۆشنبیری ،بەڵكودەبێتە گؤڕەپانێكی پەروەردەیی،ئەزموونی تەمەن،دەسپێكی پەیوەندییەكی گەرم و گوڕی نێوان منداڵ و كتێب،چونكە خوێندنەوە هەر وەك گوتراوە تەنها لە قوتابخانە دەستپێناكات ،بەڵكو لە یەكەم ساتی سەرسامبوون دەستپێدەكات ئەوكاتەی كە منداڵ بەرگی كتێبێك دەبینێت هەست بە ئارەزوویەكی لە ڕادەبەدەر دەكات تا بزانێت چی لە پشتی ئەو لاپەڕانە خۆی حەشارداوە.