لەناو پێشانگه‌دا..ژنانی کوردوعەرەب هاوبەشبوون لە هزرسازی

هەولێر/ نور عەبدولقادر

لە ناوەندی بزاڤی ڕۆشنبیری و جڤاكیدا، ئافرەتی کورد و عەرەب وەك هاوبەشێكی كاریگەردەردەكەون لەهزرسازی و دروستکردنی سیماكانی داهاتوو. لەناو داڵانەكانی پێشانگه‌ی كلتوری كە ئامادەباشییەكی بەرچاوی ئافرەتانی تێدا دەبینرێت بە جیاوازی تەمەن و بۆچوون. بوونی ئافرەتیش لە پێشاگه‌كەدا تەنها لەژمارەدا بەرجەستە نەبووە.بەڵكو وەك بەهایەكی ڕاستە قینەی بەشداریكردنە، لە دەوڵەمەندکردنی گۆڕەپانی كەلتوری و جڤاكی بەدیدگاو ئەزموونی كاریگەر.

مامۆستایەكی زانكۆش جەخت لەم بۆچوونە دەكاتەوە. مامۆستا دلڤین لەگفتو گۆیەكدا لەگەڵ پاشكۆی (المدی) دەڵێت: ئافرەتی عێراقی كورد یان عەرەب خۆی سەلماندووە هەرلە پۆستەكانی سەركردایەتیكردن تاوەكو دامەزراوە زانستی ئەكادیمییەكان و بوارەكانی ئەدەبی و فیکری.

هەروەها ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی ئافرەتان وردو ڕێكخەرن لە هەموو ئەو بوارانەی پیادەی دەكەن. لەڕۆژانی ئەم پێشانگه‌یەشدا دەیانبینین كە بە تواناو لێهاتووییەوە ئامادەن، تەنانەت لەم پێشانگایەدا ڕەنگە ژمارەی ئافرەتان لە پیاوان زیاتر بێت ئەوەش ئەو زیدە ئاگایی وگرنگیپێدانەیە بە بواری ڕۆشنبیری ئافرەت. زیاتر دەڵیت:شانازی بە هەموو ئافرەتێكی عێراقی سەركەوتوو دەكەم كە شوێنپەنجەی بەجێهێشتووە. هەر بۆنموونە ئەندازیاری تەلار سازی جیهانی (زوها حەدید) كە هەمووان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دەیناسن.

مامۆستا دلڤین بروای وایە كە ئافرەتی وشیارو ڕۆشنبیرئەم كەلتورە لە پەروەدەكردنی ڕۆڵەكانی ڕەنگدەداتەوە كە ئەوەش هاوكارە لە بنیادنانی كۆمەڵگایەكی ڕاست و تەندروست.

هەروەها دەڵێت: ئافرەت نیوەی كۆمەڵەوە پەروەدەكاری نیوەكەی تریشە.

لەلای خۆشییەوە مامۆستا سۆزان بۆ پاشكۆی (المدی) پێداگیری لەوە دەكات كەئافرەتان بایەخی زیاتر بە خوێندنەوە بدەن بەتایبەتیش لە سایەی ستەمی تەكنەلۆژیاو هۆكارەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی كەبووەتە مایەی بە هەدەردانی كاتی زۆرینەمان لەسەر حسابی ڕۆشنبیری.

ئەو ڕوونیدەكاتەوە ئەو ئافرەتەی دەخوێنێتەوە بە تایبەتی دایك وشیارترو بەتواناتر دەبێت لە پەروەدەكردنی منداڵەكانی بەشێوەیەكی ڕاست و تەندروست، چونكە خوێندنەوە ئاهێكی دەروونی و عەقڵییە كە تواناو دەركەوتن بەئافرەت دەبەخشێت.

مامۆستا سۆزان وایدەبینێت كە سەرقاڵییەكانی ژیانی ڕۆژانە ڕێگری لەخوێندنەوە بۆ بەشێک لەئافرەتان دروستدەكات، بەڵام جەخت لەسەر پێویستی تەرخانکردنی کاتێك بۆخوێندنەوە دەکاتەوە لەهەر بارودۆخێكدا، دەشڵێت: خوێندنەوە دوژمنی کاتەکانی ئافرەت نییە، بەڵکو نیعمەتێکە بۆ ڕووناككردنەوەی عەقڵ و ڕۆح. هەروەها ئامۆژگاری ئاڕاستەی ئافرەتان دەكات كە پێشەنگی خودی خۆیان بن بێ چاولێكەری. هەر بەمجۆرە كۆتایی بە قسەكانی دەهێنێت كە ئافرەتان پێویستە بخوێننەوە و یەكتریان خۆشبوێت،چونكە خۆیان پاڵپشتی خۆیانن.

هەروەها ئیمان تاهیرمامۆستای پەروەدەیی بۆ پاشكۆی (المدی) جەختی لەوە كردەوە كە ئافرەت ڕۆڵی سەرەكی لە فێركردن و پێگەیاندن هەیە بەوەی لە زۆربەی كاتدا فێركاری یەكەمی منداڵە چ لەناو خێزان یان لە قوتابخانە، ئەو دەڵێت:مێشكی منداڵ لە قۆناغی ساوایەتیدا زۆر لەبارە وەهەر بیرۆكەیەك یان هەڵس و كەوتێك كەلەم تەمەنەدا وەردەگرێت دواتر لە كەسایەتیدا ڕەنگدەداتەوە هەربۆیە ئافرەت ڕۆڵێكی گەورە دەگێرێت لە پێگەیاندنی نەوەكان.

مامۆستا ئیمان وایدەبینێت كە لە ئێستادا ئافرەت مافەكانی زۆر زیاترن بەبەراورد بە ڕابردوو،بەڵام ڕێگاكە هێشتا درێژە بۆگەیشتن بە یەكسانی تەواوەتی.

وەلەسایەی ئەم دیمەنە تەواكارییە وێنەی ئافرەتی كوردو عەرەب وەكو منارەیەكی وشیاری بەرزدەبیتەوە كە دروستكەری گۆڕانكارییەو سروش بەخشە بۆ نەوەكان،چونكە ئەوە ئافرەتە كە دەخوێنێتەوەو دەنوسێت و پەروەردەكارو فیركارە هەر ئەویشە كە ئایندەیەكی ڕوونتر دەچنێت سەرەڕای ئاڵەنگارییەكان،وە لە نێوانی كتێب و وشەكاندا ئافرەت سەردێڕی ئەمڕۆی بابەتی نوێیە لە پێگەیشتن و توانست و پێشكەوتن..

Scroll to Top