
هەولێر / نور عهبدولقادر
لە شەشەمین ڕۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی
کتێبدا، هەولێر لە نێوان بەرگی کتێبێکدا جیهانی لە باوەش گرت. قەرەباڵغییەکە تەنیا مرۆڤ نەبوو، بەڵکو فیکری و ڕۆشنبیری و مرۆڤدۆستیش بوو، وەک چۆن چەند دەنگێک، لە زمان و زاراوەی جیاوازەوە، لە ژێر یەک چەتر کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی یەک شت بڵێن: “کتێب هێشتا زیندووە”.
لە بەیانییەکی زوودا شاندەکان لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق و هەروەها لە وڵاتانی عەرەبی و بیانییەوە دەستیان بە گەیشتن بە پێشانگاکە کرد. هەمەچەشنی سەردانکەران ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە قووڵەیە کە ئەم بۆنە کولتوورییە لەسەر خەڵک هەیەتی. هەندێکیان بە دوای ناونیشانی دەگمەندا هاتبوون، هەندێکی دیکەیان تەنیا بۆ ئەوەی بۆنی کۆنی کاغەزەکە بژینەوە، یان بۆ ئەوەی لە نێو ڕەفەکانی پیتەکاندا سەرگەردان بن، کە هەست بە دارستانێکی پر لە مانا ومعريفە دەکەن.
قەرەباڵغییەکە سەرنجڕاکێش بوو، بە تایبەت لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی ناسراویان بوو. بەڵام حەز و ئارەزوو تەنها لە ڕۆمان و ئەدەبدا سنووردار نەبوو، بەڵکو بۆ کتێبی فیکری، مێژوویی، ئایینی، گەشەپێدان و منداڵان یش بوو، کە بەشدارییەکی بەرچاوی خێزانەکانی بەخۆیەوە بینی.
عەلی، فەرمانبەرێکی حکومییە و لە پارێزگای ئەنبارەوە هاتووە، دەڵێت: «پێشانگاکە بۆنەیەکی ساڵانەیە کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەم». «کتێبەکان لێرەدا تەنها سەرچاوەی زانین نین، بەڵکو فەزای پشوودانن، دەربازبوونێکی کاتییە لە فشارەکانی ژیان». ئاماژەی بەوەشکردووە، «ئەمساڵ سەرنجم دا ڕێژەی بەشداریکردنی زیاتر و ڕێکخستنی باشتربوو، هیوادارم ئەم گەرموگوریە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێت».
جیاوازی ئەمساڵی پێشەنگاکە، بوونی بەرفراوانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی بیانی و عەرەبییە، لە لوبنان، میسر، سوریا، ئیمارات، ئوردن، فەلەستین و تەنانەت لە ئێران و سعودیە. ئەم بەشدارییە ڕێگەی بۆ خوێنەرانی عێراق کردەوە کە بەدواداچوون بۆ بڵاوکراوە نوێیەکان بکەن کە ڕەنگە لە ناوخۆدا بەردەست نەبن، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون بە ئەزموونە فیکرییە جیاوازەکان.
سۆفی، نوێنەری دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە کە بۆ یەکەمجار بەشداریی کردووە، دەڵێت: «من سەرسام بووم بە قەبارەی ڕێژەی بەشداریکردن، لەوەش زیاتر سەرم سوڕما کاتێک سەرنجم دا ئارەزووی سەردانکەران بۆ کتێبی وەرگێڕدراوە». «عێراق وڵاتێکە کە بەڕاستی ڕۆشنبیری خۆشدەوێت».
لە میانی گەشتێکی پێشانگاکەدا، سەردانکەران بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش سەرقاڵی واژۆکردنی کتێبەکان و کۆبوونەوەکانی گفتوگۆ بوون کە نووسەرانی ناوخۆیی و عەرەبی تێدابوو. ڕەشا حسێن، خوێندکاری زانکۆ دەڵێت: «ئەمڕۆ بەشداربووم لە سیمینارێکی تایبەت بە گشتگیری دارایی کرد، گفتوگۆکەش قووڵ و بەسوود بوو». «پێشانگاکە تەنها بۆ کڕینی کتێب نییە، بەڵکو مینبەرێکی فیکری گرنگە.»
ئەحمەد سامی، باوکی دوو منداڵە و دەڵێت، ساڵانە منداڵەکانم لەگەڵ خۆم دێنم بۆ ئەم پێشانگایە، دەمەوێت لە تەمەنێکی بچووکەوە لەگەڵ کتێب ڕابێن، بەشێکی تایبەت هەیە بۆ کتێبی منداڵان و بەشێکی دیکەش بۆ یاری و خوێندنەوە، ئەوەش زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە.
دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە نەک تەنها بە قەبارەی سەردانکەران، بەڵکو بە کوالیتی ئەو پرسیار و سەرنجانەی سەردانکەران سەرسام بوون وخۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. بڵاوکەرەوەیەکی بەیروت دەڵێت: عێراقی خوێنەرێکی دڵسۆزە. «ئەوان پرسیار لە نووسەر و وەرگێڕان و چاپەکە دەکەن. ئەوان تەنها کڕیاری هەڕەمەکی نین، بەڵکو خوێنەری ڕاستەقینەن.»
هەستی گشتی ئەوەیە کە کتێب پێگەی خۆی لەدەست نەداوە، بەڵکو لە سەردەمی خێرایی تەکنەلۆژیا و بچووکبوونەوەی فەزای پەیوەندییە مرۆییەکاندا گەڕانەوەیەکی بەهێزی بەدەستهێنابێت. پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی ئەمساڵ تەنیا بۆنەیەکی کولتووری نییە؛ زیندووکردنەوەی دەنگی عەقڵە، دەرفەتێکە بۆ بەریەککەوتنێکی دەگمەنی نێوان خوێنەر و نووسەر، لە نێوان مرۆڤ و مانا.