لە نێوان لاپەرە و ئاوازدا،پێشانگاکە دەبێتە سەمفۆنیایەکی کەلتووری

لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، تەنیا کتێب نەبوو کە سەرنجی بینەرەکان ڕابکێشی؛ بەڵکو میوزیک لە شێوەی میوانێکی قۆز لە نێوان کۆشکەکاندا دەخزێت، وهەستێکی جوان وتایبەتی بەردەوام بەجێدەهێشت وساتێکی جیاواز بە ساتەکانی گەشت کردن بە نێو دونیای کتێبەکاندا دەبەخشێت.

لە دەستپێکی هۆڵە گەورەکەدا، عودژەنێک بە هێمنی لەسەر کورسییەکی دار دانیشتبوو، ئاوازێکی رەسەنی کوردی دەژەند، خێزانەکان وسەردانیکەرانی پێشانگا   بەخۆیان وبە جانتای پڕ لە کتێب بەلایدا تێدەپەڕین هەندێکیان بۆ ساتێک دەوەستن و زەردەخەنە دەکەن و وێنەیەک دەگرن و دواتر بەردەوام دەبن لە ڕێگاکەیان، وەک ئەوەی مۆسیقاکە خاڵی پشوودان بێت بۆ ڕۆح پێش ئەوەی بچنە بەشێکی  نوێ لە پێشزنگا.

ئالان حەسەن، خوێندکاری کۆلێژی هونەرەجوانەکان لە زانکۆی سەلاحەدین، دەڵێت «مۆسیقا لێرە تەنها ئاسوودەیی نیە، بەڵکو بەشێکە لە ڕۆحی پێشانگاکە. ئاماژەی بەوەشکرد کەوا، «جوانییەکی تایبەتە کە کولتوور بە مانا فراوانەکەی لێرەدا ببینین: کتێبێک دەخوێندرێتەوە، ئاوازێک دەژەنرێت و شوێنێک کە ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ ژیان بە هەموو شێوەکانیەوە».

لە چوارچێوەی بەرنامەی پێشانگاکەدا ڕۆژانە شوێنێکی تایبەت تەرخانکراوە بۆ نمایشی میوزیک کە بۆ  سەردانیکەران جێگەی سەرنج وبایەخدانە، هەندێکیان لەسەر زەوی دانیشتبوون بۆ گوێگرتن، لە کاتێکدا هەندێکی تر چەپڵەی سەرسامیان لێدا بۆ دیمەنێکی نائاسایی پێشانگای کتێب.

لە گۆشەیەکی تردا، لە نزیک شوێنی کتێبە هونەرییەکان، سەهران قادر، مامۆستای زانستە و خەڵکی هەولێرە، لە کاتی سەیرکردنی نمایشێکی کەمانچەژەنێکی گەنجی دەکرد. ووتی: «لە راستییدا ئەمە یەکەمجارمە هەست دەکەم کە پێشانگاکە لە شارێکی کولتووری ڕاستەقینە دەچێت.” کتێبێک لە دەستدایە، ئاوازێک لە گوێدا دەخوێنێت، زەردەخەنەیەک لە دەموچاوەکاندا هەیە. «تێکەڵەیەک کە بەرەنگاربوونەوەی زۆر ئەستەمە».

هەر وەها دەلێت:  هەست دەکەم میوزیک وکتێب هاوبەشن لە جوڵاندنی هەموو ئەو شتانەی کە کپن لە ناخی مرۆڤدا.

چالاکی میوزیک، کە بە شێوازێکی لاوەکی نیشاندرا لە رۆژی یەکەمی پیشانگا، هەر زوو بوو گۆرا بۆ وێستگەیەکی بەناوبانگی سەردانکەران.

نەشوان، ئەندازیاری دەنگە و بۆ چوارەمین جارە کار بۆ پێشانگاکە دەکات، لە لێدوانێکدا بۆ (پاشکۆی المدی ووتی)، بیرۆکەکە بۆ «دروستکردنی کەشێکی کراوەتر و هەمەچەشنتر»ەوە دەگەرێتەوە.

ئێمە پێشانگایەکی بێدەنگمان ناوێت. ئێمە پێمان وایە کولتووری بێدەنگی پیرۆز نییە، بەڵکو زیندوویی و کارلێککردنە. هەر بۆیە میوزیک لە چوارچێوەی دیدگای ئەمساڵدا هەڵبژاردنێکی سروشتی بوو.

هەروەها دەلێت: «میوزیک بینەرێکی هەمەچەشن بۆ خۆی ڕادەکێشێت و فەزای بیرکردنەوە وتێرامان  فەراهەم دەکات وە  کاتێکە بۆ پشوودان لە ناو قەرەباڵغیدا. هەروەها ئەزموونێکی بیستنە کە تەواوکەری ڕەهەندی بینراو و دەقی پێشانگاکەیە».

هەرچەندە هەندێک رای جیاواز بۆچوونیان ئەوەبوو کە مۆسیقا ڕەنگە سەرقاڵی دروست بکات لە فەزای خوێندنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆربەی سەردانکەران بە بەشێکی گرنگ وخۆش و تەنانەت پێویستیشیان زانی.

هۆزان جەلال، لە پارێزگای دهۆک ەوە هاتووە ودەڵێت: «من لەوانەم کە تەنها بە بێدەنگی دەخوێنمەوە، بەڵام لێرەدا جیاواز بوو». ڕۆمانێکم بەدەستەوە بوو، لەناکاو گوێم لە تۆنێکی ئارام بوو کە وای لێکردم قووڵتر بخوێنمەوە. ڕەنگە مۆسیقا ڕۆڵێکی هەبێت کە ئێمە تێبینیمان نەکردبێت.

لە ڕۆژی چوارەمی پێشانگاکەدا، نمایشی مۆسیقا بە فەرمی بوو بە بەشێک لە خشتەی ڕۆژانە، شانبەشانی سیمینار و وۆرک شۆپ و واژۆکردنی کتێب. هەندێک لە نووسەران خۆیان دەستیان کرد بە دەربڕینی دڵخۆشی خۆیان بەم هەنگاوە، پێیان وایە مۆسیقا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مرۆڤەکان لە کتێبەکە نزیک دەکاتەوە.

نووسەر و ڕۆماننووسی کورد کۆفان سندی بە (پاشکۆی ئەلمەدای) ڕاگەیاند: «پێشانگاکە چیتر تەنها شوێنێک نییە بۆ فرۆشتنی کتێب، بەڵکو فەزایەکە بۆ ئەزموونێکی هەستیاری تەواو.» کاتێک منداڵێک دەبینم دەوەستێت بۆ گوێگرتن لە فلوتژەنێک، پاشان دەچێتە ناو بەشی کتێبی منداڵان، دەزانم شتێکی جوان وناوازە ڕوودەدات.

وە لە نێوان خانەکانی شیعر و ڕەفەی ڕۆمان و کتێبی هونەر و فەلسەفەدا، میوزیک وەک تارێکی نەبینراو دەڕوات و سەردانکەر بە شوێنەکەوە دەبەستێتەوە و ساتێکی تێڕامانی دەداتێ کە ڕەنگە لە قەرەباڵغی ژیانی ڕۆژانەدا نەیدۆزێتەوە.

لە کۆتاییدا، بوونی میوزیک لە پێشانگای کتێبدا، بۆ کات بەسەربردن ودڵخۆشکردنێک نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە فەلسەفەیەکی کولتووری نوێ کە هونەر بە هەموو فۆرمەکانییەوە وەک درێژکراوەی وشەیە، وە پێی وایە کە مێلۆدی دەتوانێت دڵی خوێنەر بکاتەوە پێش ئەوەی چاوەکانی بکەوێتە سەر لاپەڕەی کتێبدا.

لە هەولێر، ئەمساڵ کتێب تەنها قارەمانی پێشانگاکە نەبوو، بەڵکو عود و دەنگی چەپڵیش لە سمفۆنیای لەبیرنەکراودا ڕۆڵی هەبوو.

Scroll to Top