
هەولێر / جنان ئەلسەرای
ڕەوتی ڕۆشنبیری لە ئێستادا، شایەدی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە خواست و سەلیقەی خوێنەر دەدەن، چونکە لە ئێستادا خوێنەر بەدوای کتێبێکدا دەگەڕێن، بەتایبەتیش ئەو كتێبانەی بەركەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ژیانی رۆژانەی خوێنەر هەیە و لە یەك كاتدا ناوەرۆكێكی واقیعی و زانیارییان پێشكەش دەكەن. لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، چەند ناونیشانێك بە زەقی بەدی دەكرێن، ئەو ناونیشانانەی کە ڕەنگدانەوەی كێشەكانی سەردەمن، وەک پەیوەندییە مرۆییەکان، تەندروستی دەروونی و ئالەنگاریی کۆمەڵایەتی.
هەندێک لە سەردانکارانی پیشانگاكە پێیانوایە کە زۆرێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە تێگەیشتوون لە خواستی خوێنەران و ناونیشانی دووبارە و دروشمەكانیان بەلاوە ناوە و كتێب بە ناوەرۆك و ناونیشانی نوێ و تازەوە پێشكەش دەكەن، پێدەچێت ئەم هەنگاوەیش وەڵامێکی هۆشیارانە بێت بۆ گۆڕانی خواستەكانی خوێنەر، بەتایبەتی لە نێو گەنجاندا.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەیاد رازی نوێنەری دار النصوص بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و دابەشکردن ڕایگەیاند: ئێمە بە وردی چاودێری بازاڕ دەکەین و پێمانوایە خوێنەرانی ئەمڕۆ زیرەکن و بەدوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێن، کە رەنگدانەوەی واقیعی خۆیان بێت، بۆیە مكوڕین لە هەڵبژاردنی ئەو ناونیشانانەی قووڵایی فیکرییان هەیە و نزیكن لە خوێنەرەوە، بەبێ هیچ ئاڵۆزیی و ڕووکەشییەك، چونكە ناونیشانێکی باش بە تەنیا بەس نییە، دەبێت بە ناوەڕۆک پشتگیری لە ناونیشانەكە بکرێت، کە بەهای كتێبەكە زیاد بکات نەک دووبارەکردنەوەی ناونیشان و ناوەرۆكەكانی پێشوو بێت.
ئەم بۆچوونەیش ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی تازەیە بۆ دروستكردنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی پردی متمانە لە نێوان خوێنەر و نووسەران، لە ڕێگەی ناوەڕۆکی مانادارەوە کە شایەنی خوێندنەوە بێت.