
د. ئيبراهيم ئهحمهد سمو
لە سەردەمی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییە خێراکان و دووبارە داڕشتنەوەی یادەوەری مرۆڤ بە شێوەیەکی بێ وێنە،
هێشتا مشتومڕ بەردەوامە نێوان پشتیوانانی کتێبی چاپی و خۆشەویستانی وەشانە دیجیتاڵیەکان، بە تایبەت لە جالاکیە رۆشەنبیریەکان کە ئاهەنگ بە وشەی چاپکراو دەگێرن، وەک پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر. لەوەدا ئەم پرسیارە بە توندی دەخرێتە روو: کامیان پارێزراوترە بۆ مێژوو، ناسنامە و کولتوور؟
کتێبی کاغەز، بەرای زۆر کەس، پاسەوانی سەرەکی یادەوەری مرۆییە. کە کاریگەری گۆڕانکاری تەکنەلۆژیای لەسەر نییە، هەروەها بە کلیککردنی دوگمەیەک یان وەستانی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیش ناسڕدرێتەوە. کاغەز هەڵدەگیرێت و دەگوازرێتەوە و دەبەخشرێت و تەنانەت دوای دەیان ساڵ و تەنانەت سەدەش دوبارە دەدۆزرێتەوە. بەڵام دەقی دیجیتاڵی، سەرەڕای ئاسانیی دەستڕاگەیشتن و بڵاوبوونەوەی بەرفراوان، تەمەنی پەیوەستە بە تەمەنی ئینتەرنێت و ئەو تەکنەلۆژیایەی کە پشتگیری دەکات. هەر گۆرانکاریەک لە ئەلگۆریتمێک، یان کوژانەوەی پلاتفۆرمێک، بەسە بۆ سڕینەوە هەموو ئەو شتانەی کە لە نمایشدا بوون وەک ئەوەی هەرگیز بوونی نەبووبێت.
ئەم ترسە لە «ناسکی دیجیتاڵی» نە فانتازیایە و نە زیادەڕەوی. وە ئەوەی کە ئێمە پێمان وایە ئەمڕۆ جێگیرە، دەتوانرێت لە چرکەیەکدا لەبیر بکرێت، هەروەک چۆن کەس پێشبینی سەرهەڵدانی خێرای ئینتەرنێت یان زیرەکی دەستکردی نەدەکرد دەیان ساڵ لەمەوبەر. کێ بیری لەوە دەکردەوە مرۆڤ لەگەڵ ئامێرێک قسە بکات کە لێی تێبگات و یارمەتی بدات لە نووسین و تێگەیشتن و بیرکردنەوە؟ بەڵام هەروەک چۆن داهاتوو شتە خەیاڵنەکراوەکان فەرهام دەکات، ڕەنگە داهاتوو خۆی هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ببات. چی دەبوو ئەگەر جەنگی بۆشایی ئاسمان هەڵگیرسا، یان مانگە دەستکردەکان بتەقێنرێنەوە، یان ئینتەرنێت بە هۆکاری سیاسی و سروشتی و تەنانەت ئەمنیش ببڕدرێت؟
هەر کەسێک باوەر بەم گریمانەییانە نەکات، تەنها دەتوانێت دیمەنەکانی فیلمە زانستییە خەیاڵییەکان بەبیربهێنێتەوە، یان تەنانەت ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ژیانی بەبیربهێنێتەوە کە هەموومان ئەزموونمان کردووە، وەک ئەو قۆناغەی کە داعش ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق و سوریای کۆنترۆڵکردبوو. ئەم گروپانە هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ دونیای دەرەوەدا پچڕاند، تا ئەو رادەی کتێب بسوتێنن و کولتوور بە دوژمن دەزانن. ئەمانە دیمەنی خەیاڵی نەبوون، بەڵکو واقیعێکی تاڵ بوون کە ئێمە تێیدا ژیاوین و دوور نییە ئەم سیناریۆیانە – بە شێوەی جیاواز – لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا دووبارە ببنەوە.
ئەمە جەوهەری ئەو گفتوگۆیەبوو لە نێوان کەسانی پەیوەست بە پیشەسازی کتێب هاتە پێشم لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، ئەوانەی هێشتا باوەڕیان بە کاغەز هەیە، سەرەڕای سەرسوڕمانی هەندێک لەم بۆچوونە، کە ڕەنگە پێچەوانەی ڕەوتی گشتی بەرەو دیجیتاڵکردن دەربکەوێت. واقیعەکە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرینەی خەڵکی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی دیجیتاڵی مامەڵە دەکەن لە بوارە جیاوازەکاندا: لە کارگێڕی و پەروەردەوە تا تەندروستی، بازرگانی و هونەر. تەنانەت خوێندنەوەش ئێستا، لە گیرفانی خۆتدا بەردەستە، لە ڕێگەی مۆبایل، تابلێت یان کۆمپیوتەرەوە.
بەڵام هۆشدارییەکە لە هەڵوێستێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە تەکنەلۆژیا سەرچاوە ناگرێت. بە پێچەوانەوە ئێمە لە گەورەترین سودمەندانین و ڕۆژانە لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانماندا بەکاری دەهێنین. ترسی ڕاستەقینە لەدەستدانی یادەوەری بەکۆمەڵە ئەگەر هۆیەکانی دیجیتاڵی بە هەر هۆکارێک بڕووخێت. ئەگەر تەنها پشت بە پاراستنی میراتەکانمان لە فایلەکانی PDF یان لینکی ئەلیکترۆنی ناجێگیردا ببەستین، ئەمە وەک ئەوە وایە مێژوومان لەسەر لاپەڕەیەکی ئاو بنووسین.
چارەسەر ڕەتکردنەوەی دیجیتاڵ نییە، نە شکۆمەندکردنی کاغەز بە تەنیا. بەڵکو هاوسەنگییە لە نێوان ئەو دووانەدا. هەرگیز نابێت کتێبی کاغەزی پەراوێز بخرێت یان وەک میراتێکی ڕابردوو سەیر بکرێت کە پەیوەندی بە سەردەمی ئێمەوە نییە. بەڵکو دەبێت وەک بەڵگەنامەیەکی رەسەن و وەک گەرەنتییەکی ماددی بۆ زانیاری و ناسنامەکانمان نۆژەن بکرێتەوە. بەڵکو دەبێت بەردەوام بین لە وەبەرهێنان لە دیجیتاڵکردن و زیرەکی دەستکرد، بەڵام بە هەموو ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی کە دەتوانرێت: پاراستنی ئەرشیفەکان بە فۆرمی جیاواز، چاپکردنی دەقی دیجیتاڵی بەنرخ و هەڵگرتنی کۆپیەکانیان لە شوێنی جیا جیا دا.
ئەوەی پێویستمانە پرۆژەیەکی نیشتیمانی یان نەتەوەیی یە بۆ پاراستنی میراتی کوردی و عێراقی، بە هەموو زمان و فرەچەشنییەکەی، چ لە شێوەی چاپکراو و چ لە شێوەی دیجیتاڵیدا. چەندین دەستنووس یان کتێب نوسخە ئەسڵیەکانیان لەدەستداوە، و دەکرا دەستمان کەوتبایەوە ئەگەر بەدیلێکی دیجیتاڵی بدۆزرایەتەوە؟ وچەندین دەقی دیجیتاڵی نەماون تەنها لەبەر ئەوەی ماڵپەڕێک داخراوە یان بەشداریکردنەکەی نوێ نەکراوەتەوە؟
دەبێت وەک گەنجینەیەکی بەنرخ مامەڵە لەگەڵ زانست وزانین بکەین،
وە نابێت بە یەکێک لە هۆیەکان بدسپێرین، هەرچەندە مۆدێرن و کاریگەر بێت. وەک چۆن پارە دەخەینە بانک و کۆپییەکی کلیلەکە لە شوێنێکی سەلامەتدا دەهێڵینەوە، دەبێت یادەوەری بەکۆمەڵمان بە زیاتر لە فۆرمێک بهێڵینەوە.
نەک بە یەک میدیاوە ڕەهن بکەین، هەرچەندە مۆدێرن و کاریگەر بێت. وەک چۆن پارە دەخەینە بانک و کۆپییەکی کلیلەکە لە شوێنێکی سەلامەتدا دەهێڵینەوە، دەبێت یادەوەری بەکۆمەڵمان بە زیاتر لە فۆرمێک بپارێزین.
کاغەز و دیجیتاڵ نەیار نین، بەڵکو دوو پایەی پاراستنی عەقڵی مرۆڤن. پێشانگاکانی وەک پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوەی ئەم مشتومڕە بۆ پێشەوە، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی شەپۆلی زیرەکی دەستکرد کە بەردەوامە لە سەرسامکردن و نیگەرانی ئێمە لە هەمان کاتدا.
با کاربکەین بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک، نەک تەنها لەڕێگەی ئاگادارکردنەوە، بەڵکو لەڕێگەی کردار و پلاندانان و دەستپێشخەریشەوە. لە نێوان ئەگەری تاریکی و تیشکی ڕووناکیدا، زانین وەک بەهێزترین چەک دەمێنێتەوە. وە ئەوەی لێی پارێزراوە – لەسەر ڕەفە یان لە هەڵگرتنی هەوری ئەلیکترۆنی- ئەو هیوایەیە کە ماوەتەوە بۆ پاراستنی خود لە کاڵبوونەوە.