
د. عامر فەیاز: ڕۆحی ئەخلاقی مەدەنی لە سەردەمی ئێستاماندا نزیکبووەتەوە لە نەبوون
هەولێر / زەین یوسف
سیمینارەکانی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب یەك بەدوای یەكدا بەردەوامن و ژمارەیەكی زۆر و بەرچاویش ئامادەی گفتوگۆكان دەبن. ئەمجارە هۆڵەکە میوانداری سیمینارێکی کرد بەناونیشانی (ئەخلاق و سیاسەت لە جیهانی هاوچەرخدا)، کە تیایدا د. عامر حەسەن فەیاز لەلایەن چاوپێکەوتنی د. عەلی الرفیعی گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجامدرا.
د. عامر فەیاز باسی لە چەمکی ئەخلاق و سیاسەت کرد و گوتی: ئەگەر سیاسەت چالاکییەکی مرۆیی و بیرکردنەوەی پەیوەست بە دەسەڵاتی سیاسییەوە بێت، ئەوا ئەخلاقیش چالاکییەکی مرۆییە و ئامانجێکی هەیە، ئەگەر قۆناغە مێژووییەکانی پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت پەیڕەو بکەین، تێبینی ئەوە دەکەین کە ئەخلاقیش چالاکییەکی مرۆییە و ئەم چالاکییە ئامانجی خۆی هەیە، ئامانجی بنەڕەتی ئەوەیە مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕێكوپێك هەڵسوکەوت بکات لە پێناو بەدیهێنانی بەختەوەریدا، لە کاتێکدا سیاسەت ڕەفتارێکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و پرسەکە بەندە بەو کەسەی کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، چونکە پرسە ئەخلاقییەکان بابەتگەلێکن کە پەیوەندییان بە تاکەوە هەیە پێش ئەوەی پەیوەندییان بە گرووپ و كۆمەڵەكانەوە هەبێت.
د. عامر فەیاز ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕووی زمانەوانییەوە، وەک ئیبن مەنزور دەڵێت، ئەخلاق وەک زانست زانستێکی پێوانەییە، کاتێک ڕێبازێکی تایبەت پەرەی پێدەدرێت، ئامانج لێی جیاکردنەوەی باش و خراپە. ئەخلاق پێوەرێکی جیاکارییە. ئەگەریش ئەخلاق پێوەرێکی جیاکاری بێت، تێبینی ئەوە دەکەین کە پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت پەیوەندییەکی جێگیر نییە. کاتێک ئێمە ئەفلاتون و ئەرستۆ و سوقرات دەخوێنینەوە، تێبینی ئەوە دەکەین کە ئامانجی کاری ئەخلاقییان بە گەیشتن بە فەزیلەت زانیووە و فەزیلەت هاوتای عەقڵە نەک نەزانی، لەسەر ئەم بنەمایە ئەخلاق لەگەڵ هەموو کردارێکدا هاوشێوە بووە، بە کاری سیاسیشەوە.
فەیاز ئاماژەی بەوەشدا «قۆناغێک لە نێوان ئەخلاق و سیاسەتدا هەیە، کە قۆناغی دابڕانە، لەم قۆناغەدا ئەخلاقی ئایینی و ئەخلاقی مەدەنی هەیە و ئەخلاقی مەدەنیش پرسی بەرژەوەندی و قازانج بەسەریدا زاڵە، بۆیەش ئەو دابڕانە ڕوویدا و ڕەنگە هەندێک ململانێ لە نێوان ئەخلاقی ئایینی و ئەخلاقی مەدەنیدا هەبێت. لە سەردەمی هاوچەرخی ئێمەدا پەیوەندییەکە بووەتە پەیوەندییەکی عەدەمیەت لە کاری سیاسیدا، بەڵام ئەخلاقی مەدەنیش پرسی بەرژەوەندی و قازانج بەسەریدا زاڵبووە و لەویشدا عەدەمیەتێكی ئەخلاقی هەیە.
گوتیشی: قسەکردن لەسەر ئەخلاق وامان لێدەکات باسی ئەو پرسانە بکەین کە جێگیرن، نەگۆڕاون بە بەردەوامی ماونەتەوە، هەروەها فۆرمێکی ڕەها لەخۆدەگرێت. لە سیاسەتدا گۆڕانکاری باڵادەستە، سەقامگیریش دوورە لە سیاسەت، کاتێک گوتمان لە قۆناغی یەکەمدا ناسینەوەیەک لەنێوان ئەخلاق و سیاسەتدا هەبووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم بابەتە ڕەهایە، بەڵكو یەکتربڕین و جیاوازییەک هەیە، بەڵام باڵادەستی لەو قۆناغەدا ناسینەوەی نێوان ئەخلاق و سیاسەتە.
د. عامر حەسەن فەیاز دەشڵێت: لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کەس نەیگوتووە ئەمانە ئەخلاقی مەدەنین، بەڵکو ئەخلاقی ئایینییە، كە ئەخلاقێكی پیرۆزە و خواوەندەکان دروستی دەکەن و مرۆڤ دروستیان نەکردووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەخلاقی مەدەنی نەبووە، بەڵکو ئەخلاقی ئایینی زاڵ بووە، لە قۆناغێکی دیکەدا پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت پەیوەندییەکی کێبڕکێی بووە، یەکێکیان ویستویەتی ئەوی تریان لەناو ببات، واتا ئەخلاقی ئایینی لە ململانێدا بووە لەگەڵ ئەخلاقی مەدەنیدا، بۆ نموونە کاتێک کەسێکی مەدەنی باسی لە دیموکراسییەت یان مافەکانی مرۆڤ كردووە، ئەم قسەیە بە سروشت و ناوەڕۆکەکەی ڕۆحێکی مرۆیی ڕاستەقینەی هەیە، بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخی ئێمەدا، زاڵبوونەکە بووەتە هۆی نائەخلاقی و تەنانەت ڕۆحی ئەخلاقی مەدەنیش نزیکبووەتەوە لە نەبوون.