واژۆ و گفتوگۆكردنی کتێبی بەرعۆشا – بیرۆسوس.. هەڵگری هزری بابلی بۆ جیهان

هەولێر / زەین یوسف

بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر، هۆڵی سیمینارەكان میوانداری دیالۆگێكی لەگەڵ دکتۆر حسێن ئەلهنداوی کرد لە ژێر ناوی «ئیمزا و گفتوگۆیەک سەبارەت بە کتێبی (بەرعۆشا – بیرۆسوس، هەڵگری هزری بابلی بۆ جیهان) کە تیایدا گفتوگۆیەكی چڕی لەگەڵ دکتۆر عوسمان یاسین ئەنجامدا.

ئەلهنداوی لە سەرەتای قسەکانیدا بەم شێوەیە دەستی پێکرد: «لەکاتی خوێندنەکەمدا لە فەرەنسا و ئەو کاتەی خۆم بۆ تێزی دکتۆراکەم ئامادە دەكرد، تووشی هەندێک ناو بووم کە بەڕێکەوت هاتبوونە بەرچاوم، هەندێک لەو ناوانەش نازناویان هەبوو کەوا دیار بوو لێمان نزیک بوون و پێیان ئاشنا نەبووین، بۆ نموونە «دیۆجینی کلدانی» هەیە، کاتێک لێکۆڵینەوە لەم کەسایەتییە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ بیرمەندێکی درەوشاوە دەکەین، کە لە سەردەمی ئیغریقییەكان ژیاوە، بە تایبەتی لە ئەسینای پایتەختی یۆنان و سەرۆکی قوتابخانە گەلەرییەكانی ئەوێ بووە. هەروەها دەشڵێت: بیرمەندێكی لاهووتی مەسیحی هەیە خەڵکی هەولێر بووە، یەکێکە لە گەورەترین بیرمەندەکانی جیهان، ئەویش تاتیانووسی ئاشوورییە. هەر لە هەولێریش بەخاک سپێردراوە، من باوەڕم وایە زۆرێک لە خەڵکی هەولێر ناوی ئەم کەسەیان نەبیستووە، هەرچەندە یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی بیری مەسیحی، هاوتای قەدیس ئۆگستین. هەروەها بە ڕێکەوت تووشی ناوێکی دیکە بووم، «بێرۆسای کلدانی یان بێرۆسای بابلی». لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بۆم دەرکەوت کە لەبەردەم مێژوونووس و بیرمەند و فەلەکناسێکی گەورەدا بووم، کە لە بابل لەدایکبووە، بەڵام بەداخەوە لە عێراقدا نەناسراوە و دەگمەنە لە نووسینە عەرەبییەکاندا شتێک لەبارەی ئەم بیرمەندە بدۆزرێتەوە.

ئەلهنداوی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە کاتی خوێندن و نووسیندا، خۆم لە بەردەم کەسایەتییەکی زۆر گرنگدا بینییەوە، ئەویش بیرمەندی “بێرۆسوس” بە زمانی لاتینی، کە بە عەرەبی بە “بەرعۆشا” وەرگێڕدراوە، كە ناوەکەی بە پاڵپشتیكار واتا دەكرێت، ئەم بیرمەندە لە سەدەی سێیەمی پێش زایین ژیاوە کتێبێکی هەزار لاپەڕەیی هەیە، كە پێکهاتووە لە سێ بەرگ و بە زمانی یۆنانی نووسراوە و ئاراستەی هزر و فەلسەفەی یۆنانی كراوە، ئەو سەردەمەش ساڵی ٢٧٠ی پێش زایین سەردەمی داگیرکردنی میسر و عێراق بووە لەلایەن ئەسكەندەری مەكدۆنی و دەوڵەتێکی یۆنانی لە عێراقدا هەبووە و پایتەختەکەی سلۆقیا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: ناوچەی سەلمان پاک لە باکووری بەغدا بۆ ماوەی سەدەیەک ئیغریقییەكان حوكمیان كردووە و پایتەختی شارستانیەت بووە و ئەم پایتەختە هەموو سیاسەتمەدارانی ناوچە جیاوازەکانی عێراقی کۆن و بابلی و ئاشوورییەکانی کۆکردۆتەوە و دەرفەتی نووسینی پێبەخشیوون، بۆیەش زۆربەی نووسینەکانیان بە زمانی یۆنانی بووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە سوودیان لە شێوازە یۆنانییەکان وەرگرتووە لە نووسیندا، کە میتۆدگەلێکن پشت بە شیکاری و لێکۆڵینەوەی پوخت و زاراوەی وەرگیراو لە فەلسەفە دەبەستن.

سەبارەت بە دامەزرێنەری مێژووی بەراوردکاریی بەرعۆشا، ئەلهنداوی گوتی: بەرعۆشا دوو لایەنی سەرەکی هەیە بۆ ئەم کتێبە و چەند بابەتێکی هەیە، یەکەم: ئەو فەلەکناسێکی پلە یەکە و تیۆرێکی تایبەتی هەیە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان خۆر و مانگ، ئەم تیۆرە بنەمای دابەشکردنی کات و ساڵنامەکانە، هەروەها پرسی مانگ و حەفتە و کاتژمێرەکانە. ئەم تیۆرییانەش لای بابلییەکان كۆن بووە و نوێ نەبووە، بەڵام لەلایەن بەرعۆشاوە کورتکراونەتەوە و پێشکەشکراون، بۆیە مەرج نییە زۆربەی ئەو بیرۆکانەی کە ئەم بیرمەندە گەیاندوویەتی بیرۆکەی کەسیی خۆی، بەڵکو زیاتر ئەو شارستانییەتەكە دەگەیەنێتە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆی، بۆیە ناونیشانی کتێبەکە (هەڵگری هزری بابلی بۆ جیهان) بووە. بەڕاستی ئەو بناغە بوو لەم بوارەدا و تیۆرییە فەلەکناسییەکانی تا ئێستایش لە کتێبە ڕۆژئاواییەکاندا وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی دابەشکردنی کات و ساڵنامەکان ئاماژەیان پێدەکرێت و بەکاردێت.

Scroll to Top