پانێڵێك ده‌رباره‌ى

«باشترین ڕێگاکان بۆ چاودێری و په‌روه‌رده‌كردنی تووشبووانى ئۆتیزم»

له‌په‌راوێزی 17هه‌مین پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێبی، پانێڵێكی زانستی بەناونیشانی «باشترین ڕێگاکانی چاودێری و پەروەردەکردنی تاکەکانی تووشبووی نەخۆشی ئۆتیزم» بەڕێوەچوو.

پانێڵه‌كه لەلایەن زانکۆی سەلاحەدین بە هاوکاری سەرپەرشتیارانی پێشانگه‌کە ڕێکخرابوو، بەشێکە لە زنجیرەیەک چالاكی كه ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵکه سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی زانکۆ لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانە لە ڕێگەی شارەزاییه ئەکادیمییكان.

لە پانێڵه‌كه چه‌ندین چین و توێژ لە پرۆفیسۆر و پسپۆڕ و پەروەردەکار و دایک و باوکی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم بەشدارییان کرد، ئەمەش گفتوگۆكه‌ی سەبارەت بە ڕێگاکانی باشترکردنی کوالیتی ژیان و پەروەردە بۆ ئەم گروپە ده‌وڵه‌مه‌ند كرد، هەرسێ وتاردەره‌كه، د.بێریڤان عەبدوڵڵا محەمەد سەعید، د.سیروان وەلی عەلی، و د. کەوسەر محەمەد شاکر باسیان لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی چاودێری و پەروەردەی تایبەت بۆ ئەو کەسانە کرد کە تووشی نەخۆشی ئۆتیزم بوونه، له‌گه‌ڵ خستنه‌ڕووی بیرۆکە و پێشنیاری گرنگ لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی.

د. بێریڤان (ئەکادیمی) باسی لە ڕێبازێکی گشتگیر کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆتیزم، بە تێڕوانینێکی گشتی بۆ ئۆتیزم و ئەو ئاسته‌نگانه‌ی ڕووبەڕووی منداڵانی تووشبوو بەم دیارده‌یه و خێزانەکانیان دەبێتەوە، ڕوونیکردەوە کە منداڵان زۆرجار کێشەیان هەیە لەگەڵ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکاری و کەمی لێهاتوویی کۆمەڵایەتی، پاشان چووە سەر باشترین پراکتیزە زانستییەکان؛ ئاماژەی بە گرنگی دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی ڕێکخراو کە پشتگیری لە پێداویستییەکانی منداڵ بکات، لەگەڵ گرنگیدان بە نمونه‌ی پرۆگرامێك كه ‌ژینگەیەکی گونجاوی ئاماده‌بكات زامنی بەردەوامی چاودێری لە ڕێگەی ڕاهێنانی دایک و باوکەوە مسۆگەر بکات، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی چالاکییە جەستەییەکان و یاریکردن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی منداڵان و هاندانی بۆ فێربوون بە شێوەیەکی خۆش و هانده‌ری.

دکتۆر سیروان (ئەکادیمی) باسی لە ره‌هه‌ندی توێژینەوەیی ودامەزراوەیی بۆ چاودێری و پەروەردەی ئۆتیزم کرد، ئاماژه‌ی به نەبوونی ئاماری ورد بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە كرد، کە ڕێگری دەکات لە دانانی پلانی ستراتیژی گشتگیر. داوای لێکۆڵینەوەی سیستماتیکی لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی داتاكان كرد، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ستراتیژییەکی نیشتمانی یەکگرتوو کردەوە کە ڕێنمایییەک بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئۆتیزم لەخۆ بگرێت لەسەر بنەمای زانیارییە زانستییه‌ نوێیه‌كان، هەروەها پێشنیاری ستانده‌رکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی دەستێوەردانی چارەسەری و پەروەردەیی کرد لە سەرانسەری سەنتەرەکان و قوتابخانەکاندا، و دامەزراندنی ناوەندێکی نموونه‌یی ته‌واو کە دەستنیشانکردنی پێشوەختە و ئاماده‌كردنی ئەکادیمی و پیشەیی لە ژێر چاودێری تیمێکی فرە پسپۆڕیدا كرد.

له‌لای خۆیه‌وه‌ د. كه‌وسه‌ر (ئەکادیمی) وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا تیشكی خستە سەر لایەنی جێبه‌جێ كراو و چارەسەرییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە هەموو منداڵێکی ئۆتیزم حاڵەتێکی ناوازەیە، پێویستی بە بەرنامەی پەروەردەیی و چارەسەری ورد هەیە.

هه‌روه‌ها سەرنجی خستە سەر کاریگەری میتۆدۆلۆژیای نوێ لە لێكجیاكردنه‌وه‌ی تواناكان بۆ هەنگاوی بچووک لەگه‌ڵ به‌هێزكردنی ڕەفتارە ئەرێنییەکان، هەروەها جەختی لە گرنگی پێدان به‌ رێكخستنی كێشە ڕەفتارییه‌كان و جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی بەهێزکردنی ئەرێنی کردەوە، له‌گه‌ڵ ڕاهێنانی خێزانەکان بۆ گرتنەبەری هەمان شێوازی ماڵەوە بۆ دڵنیابوون لە به‌رده‌وامی پێشکەوتنی چارەسەری.

پانێڵه‌كه بە پەیامێکی گشتگیر کۆتایی هات کە تێیدا ئاماژه‌كراوه به‌ باشترکردنی چاودێری و پەروەردەی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم، ئه‌مه‌ش پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەش هەیە لەلایەن دامەزراوە حکومی و ئه‌هلییه‌كان، و کۆکردنەوەی زانیاری زانستی و شارەزایی پەروەردەیی.

به‌شداربووان جەختیان لەسەر پێویستی بڵاوكردنه‌وه‌ و زیادكردنی هۆشیاری کۆمەڵگه‌ و پەرەپێدانی بەرنامەکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و دەستێوەردان، پێداچوونەوە بە پرۆگرامە پەروەردەییەکان و ڕاهێنانی مامۆستایان، دامەزراندنی سەنتەری چاکسازیی تایبەتمەند لەسەر بنەمای ستانداردە زانستییەکان، و پشتگیریکردن و بەهێزکردنی خێزانەکان لە ڕێگەی ڕێنمایی و بەرنامەی رێنمایی و ڕاهێنانەوە کردەوە.

بەم دیدە بێ كه‌موكوڕییه‌وه، پانێڵه‌كه لە نێوان کارلێکی سوودبه‌خش و بەشدارییەكان كه‌ گفتوگۆكه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی چاودێری و پەروەردەی گونجاو بۆ ئەم چینه كۆتایی هات.

Scroll to Top