
هەولێر / عەلی زەیتۆ
حەڤدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، تەنیا بۆنەیەکی ساڵانەی ڕۆشنبیری نییە، بەڵكو بۆتە سەكۆیەكی تایبەت کە پێناس و ناسنامە ئەدەبییەکان تێیدا ئاوێتەی یەكتر دەبن و دەنگی نووسەرانی کورد بەجۆرێك دەبیسترێت، كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، ئەم وەرچەرخانە جێگەی تێڕامانە، کە لە ئامادەبووانی پیشانگاكە و بڵاوکراوە و گفتوگۆ رۆشنبیرییەكان، بەڕوونی دەبینرێت و بەگشتی پێشانگاکە وەک پلاتفۆرمێکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی و ڕەخساندنی دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ نووسەرانی گەنج، تا ئامادەیی خۆیان لە ڕەوتە رۆشنبیرییەكان بسەلمێنن.
پێشنیارە جۆراوجۆرەکان
پێشانگای ئەمساڵی كتێب لە هەولێر تەنیا لە ڕۆمان و شیعردا سنوردار نەبووە، بەڵکو بوارە هەمەچەشنەکانی وەک ڕەخنەی ئەدەبی، مێژووی کورد، بیری نەتەوەیی، شوناسی رۆشنبیری و كلتووری لەخۆ گرتووە. دەزگا كوردستانییەكانی چاپ و بڵاوکردنەوە، خواستی ئەوەیان هەبوو ناوی نوێ شانبەشانی کەسایەتییە ناسراوەكان بخەنەڕوو، ئەمەش جۆشوخرۆشێكی بە پێشانگاکە بەخشی، کە ڕەنگدانەوەی واقیعی پێشكەوتنی ئەدەبیاتی کوردییە.
هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئەدەبیاتی ناوخۆیی
لە میانەی گەشتێک بەناو کۆشکەکانی پێشانگاکەدا، تیمەکەمان لەگەڵ چەند نوێنەرێكی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی دیداریان هەبوو، کە هەموویان دووپاتیان کردەوە، ئەمساڵ هەڵکشانێکی بێ وێنە لە گرنگیدان بە بڵاوكراوە كوردییەكان بەدی كراوە.
ئارام لە خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی لالەزار دەڵێت: ئێمە ئەمساڵ بە ژمارەیەکی زۆر و ناونیشانی نوێوە بەشداری دەکەین، كە زۆربەی بڵاوكراوەكانمان لەلایەن نووسەرانی کوردەوە نووسراون، تێبینیمان کردووە خوێنەران بەدوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێن کە باس لە پرسە هەنووکەییەکانی وەک ناسنامە و مێژووی سیاسی و کولتووری دەکەن، پێشانگاکە بووەتە دەرفەتێکی ساڵانە بۆ فراوانکردنی خوێنەری زمانی کوردی.
بەهار لە خانەی ڕێنوێن دەڵێت: ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر نووسەرانی گەنج. دەشڵێت: ئەمساڵ گۆشەیەکمان تەرخانکرد بۆ بەرهەمی نووسەرە گەنجەكانمان، سەرسام بووین كە بینیمان نووسەرە گەنجەكان بەشدارییەكی كارایان لە سیمینارەكان هەیە و ژمارەیەكی زۆری خوێنەر داوای واژۆی ئەو نووسەرانە دەكەن بەسەر بڵاوكراوەكانیانەوە، بۆمان دەركەوتووە نەوەی نوێ لەنێو نووسەراندا بە زمانێكی جیاواز دەنووسن و ئەوەیش ئاماژەیەكی ئەرێنییە لە ڕێڕەوی ئەدەبیاتی كوردیدا.
سامان لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە بەختیاری گوتی: ئێمە پاڵپشتی نووسەرانی گەنج دەکەین و هەوڵدەدەین ئاسانکارییان بۆ بكەین لە چاپکردنی بەرهەمەكانیان، ئەمساڵ کۆمەڵە چیرۆک و شیعری نوێمان لە لایەن نووسەرانی خوار تەمەنی 30 ساڵەوە بڵاوکردۆتەوە و چەندین نوسخەیان لە یەکەم ڕۆژەکانی پێشانگاکەدا فرۆشران و خواستی زۆریان لەسەر بوو.
دەنگی گەنجانی کورد
نووسەرانی گەنجی کورد، نەک هەر بەرهەمەکانیان بڵاودەکردەوە، بەڵکو بەشێکی زۆریان بەشدارییان لە گفتوگۆ و سیمینار و دیالۆگەكاندا کرد، کە سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو.
ژیان خانمە نووسەرێكی گەنجە و دەڵێت: ئەمساڵ یەکەم ڕۆمانم لەگەڵ دەزگایەکی چاپ و بڵاوكردنەوەی ناوخۆییدا بڵاوکردەوە، بەشداریکردنم لەو پێشانگایەدا وەک نووسەرێکی گەنج لەدایکبوونەوەیەکی نوێ بوو بۆ من، خوێنەران بە حەز و ئارەزووەوە ڕوویان لە بەرهەمەكانمان كردووە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە ڕۆمانەکە سەرسامیان کردم، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی سەرەڕای سەختییەکان بەردەوام بم.
هەڵبەست شاعیرێکی لاوە و خەڵکی سلێمانییە، دەڵێت: من شیعری ئازاد بە زمانی کوردی و شێوەزاری سۆرانی دەنووسم، بەشداریکردنم لە پێشانگاکەدا یەکەم ئەزموونی من بوو لەبەردەم ئامادەبووانێکی زۆردا. ساتێکی كاریگەرە بۆ هەر گەنجێک کە هەوڵی دەربڕینی هەستەكانی خۆی بدات بە زمانی دایکی، بەتایبەتی لەنێو ئەو حەزە زۆرەی کە لە سەردانکارانی پێشانگاکەدا دەیبینین.
ئامادەبووانێکی كاریگەر و پشتیووانیكار
ئەوەی لە پیشانگای ئەمساڵی كتێب لە هەولێر جێگەی سەرنج بوو، بەشداری زۆری سەردانیكارانە لە هەموو تەمەن و بیركرنەوە و ئایدیا و باکگراوندێکی جیاوازدا، گەنجان زیاتر ئارەزووی کڕینی کتێبی کوردییان هەبوو. زۆرێک لە سەردانیكاران خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی بە جۆراوجۆریی و كوالیتی کتێبی کوردی، کەلە پیشانگاكە نمایشکراون و بە ئاسانیش دەستیان بە نووسەران ڕادەگەیشت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، چ لە کاتی واژۆکردنی کتێب یان لە ڕێگەی دانیشتنی گفتوگۆوە دیداریان لەگەلیان هەبوو.
ناسنامەی کورد لە دیمەنە ڕۆشنبیرییەكەی پیشانگاكەدا
زۆرێک لە سەردانکیكاران ئاماژە بەوە دەکەن هەڵكشانی بەرچاوی ئەدەبیاتی كوردی و ڕێژەی زۆری ئامادەبووانی پیشانگاكە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی پێشكەوتووی ڕۆشنبیریی كوردستانییانە، هەستكردنە بە ناسنامە و زمانی ڕەسەنی كوردی لەنێو كۆمەڵگەدا، كە ئەوەیش لە سەردەمی جیهانگیرییدا پاڵپشتییەكی زۆر بەهێزە و پاڵپشتی دەزگا و دامەزراوە ڕۆشنبیری و فەرهەنگییە ناوخۆییەکانە و هاوکاری زانکۆکان و ناوەندە ئەدەبییەکانیش بووەتە هۆی دابینکردنی پانتاییەکی فراوانتر بۆ نووسەرانی کورد، بە تایبەت گەنجان بۆ ئەوەی بە ئازادییەوە داهێنانەكانی خۆیان نمایش بكەن.
بە کورتی پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر بۆتە سەکۆیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەدەبییاتی کوردی، کە نووسەران و خوێنەران لە یەک پانتایی تایبەت بە زمان و شوناس و داهێنان کۆدەبنەوە. ئەوەیش ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ پەرەسەندنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و زیادبوونی دەنگی گەنجان و لە خوێنەر و نووسوراندا، كە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن ئەدەبیاتی کوردی هەنگاوی متمانەبەخۆبوونی هاویشتووە و خۆی لە گۆڕەپانی ڕۆشنبیری