ڕۆشنبیری دوای دەركەوتنی زیرەكیی دەستكرد..بۆتە هۆی وروژاندنی پرسیاركردن لە ئایندە وگۆڕانی مەعریفی

هەولێر / عەلی زەیتۆ

لە چوارچێوەی حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب سمینارێكی  گرنگ وهزری لە ژێرناونیشانی « ڕۆشنبیری دوای سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکرد» لەلایەن ئەكادیمیست دکتۆر نەهلە محەمەد سەعید و توێژەرسەرکەوت ڕەسووڵ وبە ئامادەبوونی دەستە بژێڕیك لە پرۆفیسۆرو ئەوانەی كە بواری ڕۆشنبیری و تەکنیکی بۆیان گرنگە بەڕێوەچوو.

لە سمینارەكەدا باس لەو کاریگەرییە قووڵە کرا کە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد  سەپاندوویەتی لەسەربونیادی کلتووری و شێوازەكانی بەرهەمهێنانی داهێنەرانە و ڕێگاكانی وەرگرتن و بیرکردنەوە.

دکتۆر نەهلە محەمەد سەعید باس لەوە دەکات کە نابێ زیرەکی دەستکرد وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ڕۆشنبیری سەیر بکرێت، بەڵکو وەک فاكتەرێكی گۆڕانکاری کە پێویستی بە تێگەیشتن و ڕەخنە و بەشداری کارای ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکان هەیە وەربگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد «ڕۆشنبیری ئەمڕۆ چیتر لە نێو دەستە بژێرەكان قەتیس ناكرێت  بەڵکو چووەتە قۆناغی کارلێکی خوارزمی، ئێستا ئەدەب و هونەر وفێركردن بوونەتە ئامرازی زیرەکی دەستکرد و بەشدارن لە بەرهەمهێنان و شیكردنەوەیدا.

زیاتر دەڵێت: لەبری ترس پێویستە لەسەرمان كە لە هەوڵی چۆنییەتی ئەو تەكنیكە دابین بۆ پاڵپشتیكردنی داهێنان و لێكۆڵینەوە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکدا کەهەوڵی تێپەڕاندنی ئەو كەلێنە مەعریفییە دەدات.

توێژەر سەرکەوت ڕەسووڵ باسی لە بەها و لایەنە بەهادارو مەعریفییەكانی پەیوەندی نێوان  رۆشنبیری و زیرەکی دەستکرد کرد و ئاماژەی بەوەدا کە داهێنانی ڕۆشنبیری لەژێر هەڕەشە دایە بەهۆكاری خێرایی و دووبارە بوونەوەی خواریزمەكان كە سەپاندویانە.

لە وتەكەیدا ڕوونی کردەوە: کێشەکە تەنیا لە بەرهەمهێنانی دەق یان وێنە لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە نییە، بەڵکو لە مەترسی پاشەكشەی هەستی ڕەخنەگرانە و گۆڕانی ڕۆشنبیریدایە بۆ بەرهەمێکی بەکاربەری خێراو بەتاڵ لە قووڵایدا.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:وەک نووسەر و لێکۆڵەردەبێت سەر لە نوێ بیر لە ڕۆڵی مرۆڤ بکەینەوە لەچوونە ناو پڕۆسەی داهێناندا وبەرپرسیارین بەرامبەر نەوەی داهاتوو كە لەژیرسایەی ئەم گۆڕانە دێنە پێشەوە.  

  كۆڕەكە کارلێکی زۆری ئامادەبووانی بە خۆیەوە بینی كە تیایدا چەندین پرسیار، وروژێنران دەربارەی کاریگەری زیرەکی دەستکرد لەسەر داهاتووی ڕۆژنامەگەری ،فێركردن، بەرهەمهێنانی ئەدەبی. هەروەها زۆرێک لە ئامادەبووان گرنگیپێدانی خۆیان دەربڕی بۆدۆزینەوەی چەند میکانیزمێكی چاودێریكردن و ئەخلاقی بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە بواری ڕۆشنبیریدا.

 ئەم كۆڕە بە ناونیشانی «ڕۆشنبیری دوای سەرهەڵدانی زیرەكی دەستكرد» لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بۆئەوە ڕێكخرا كە گفتوگۆیەکی زۆر پێویست بكرێت دەربارەی ئایندەی ڕۆشنبیری لە سەردەمی كۆدو تەكنیكە پێشكەوتووەكان و لەژێر سایەی ئەم گۆڕانكارییە ڕیشەییانەدا كە جیهان تیایدا دەژی، ئەوە ڕوونبوەوە كە ڕۆشنبیری كوردی و عێراقی -بە گشتی- لێیدەخوازرێت كە ئامادە و وشیاربێت لە جەنگی وشیاری نوێدا.

Scroll to Top