ژووری دەستەی ئینسکلۆپیدیای پ.د.ک لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب

نووسینی: رەنجبەر شەوکەت پیرانی*

وەک پێویستییەکى لەمێژینەى کارکردن و لەپێناو پەرەدانى زێدەتر بە مێژووى پارتى دیموکراتى کوردستان و مێژووى هاوچەرخى کورد لە باشوور و هەرچوار پارچەى کوردستان کە پارتى و سەرکردەکانى لە زۆربەى قۆناغەکانیدا تێیدا کارەکتەرى سەرەکى بوونیە، ساڵى ٢٠١٤ لەسەر ئەرک و پێشنیارى بەڕێز مەسرور بارزانى و بە کۆششـى ژمارەیەک کادیرى شارەزا و پسپۆڕى پارتى دیموکراتى کوردستان، (دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان) بەمەبەستى کۆکردنەوە و بە دیکۆمێنتکردنى ئەم مێژووە پڕلە سەروەرییە دامەزرا.

لە قۆناغى یەکەمى کارەکانی دەستە کە تا ساڵى ٢٠٢١ى خایەند، توانرا ئەرشیفێکى گەورە لە: پەرتووکى هەمەجۆر بە زمانى جیاواز، بەڵگەنامە، گۆڤار و ڕۆژنامەى کۆن و نوێ، دەستنووس و وێنەى مێژووى تایبەت بە قۆناغە جیاوازەکانى مێژووى کورد و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبکرێنەوە و لە بارەکاى دەستەى ئینسکلۆپیدیا لە شارۆچکەى پیرمام، بەشێوەیەکى سەردەمیانە پۆلین بکرێن و بپارێزرێن.

لە قۆناغى دووەمى کارەکانى دەستە کە لە ساڵى ٢٠٢١ەوە دەست پێدەکات، هەر لەسەر پێشنیارى بەڕێز مەسرور بارزانى، پەرە بە کارەکانى دەستەى ئینسکلۆپیدیا درا و ئەرکەکانى فراوانترکران، بەشێوەیەک، تەواوى مێژووى کوردستان بە ڕەهەندە جیاوازە زمانى و کلتوورییەکانییەوە بگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، بە بەشدارى ژمارەیەکى زۆر لە پسپۆڕ، شارەزا، مامۆستایانى زانکۆ و توێژەرە دیارەکان، دەست بە قۆناغى دووەمى کارەکانى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان کرا.

لەم قۆناغەدا کە بە قۆناغى بارورى دەستە دادەنرێت، لە پرۆسەیەکى بەردەوامدا، زێدەتر لە سەد پەرتووک کە بابەتە جیاوازەکانى مێژووى کۆن و نوێى کورد و پارتى دیموکراتى کوردستان، جوگرافیاى کوردستان، کلتور و زمانى کوردى، پێکەوەژیانى ئۆلی و نەتەوەیی و چەندین بابەتى دیکە دەگرێتەوە، لەشێوەى توێژینەوە، پەرتووکى وەرگێڕدراو، بیرەوەرى و مێژووى زارەکى لەچاپدران و بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنى، پێشکەشى پەرتووکخانەى کوردى کران. ئەم بەرهەمانە بەبێ بەرامبەر دەخرێنە بەر دەستى خوێنەر و توێژەران و پێشکەشى پەرتووکخانە و ناوەندە کلتورى و ڕۆشنبیرییەکان دەکرێن.

هەر لەم قۆناغەدا و ساڵى ٢٠٢٢، ماڵپەڕى (partipedia.org) بە سێ زمانى کوردى (سۆرانى و کرمانجى لاتینى)، عەرەبى و ئینگلیزى دامەزرێنرا. لەم ماڵپەڕەدا، تەواوى بەرهەمە چاپکراوەکانى دەستەى ئینسکلۆپیدیا بەشێوەى (pdf) و پەرتووکى دەنگى بەبێ بەرامبەر خراونەتە بەر دەستى توێژەر و خوێنەران و هەزاران وتارى مێژووى کە تایبەتن بە مێژووى پارتى دیموکراتى کوردستان و بابەتەکانى: سەرکردەکان، وێستگە گرینگەکانى مێژووى پارتى، هەڤاڵانى بارزانى، شەهیدان، شەڕ و داستانەکان، خاوەن مەدالیاى بارزانى، کۆمەڵکوژى و جینۆساید و بابەتى هەمەجۆر دەگرێتەوە، بە هەرسێ زمان لە ماڵپەڕەکەدا دانراون و ڕۆژانە وتارەکان لە زیادبووندان. مێژووى شۆڕشەکانى بارزان بەشێوەى زنجیرەى ڤیدیۆى دیکۆمێنتارى مێژووى بە زمانى کوردى و ژێرنووسى عەرەبى و ئینگلیزى و چەندین دیمانە و پارچە ڤیدیۆى تایبەت بە جینۆساید، شۆڕشەکانى ئەیلوول، گوڵان و ڕاپەڕین، لەم ماڵپەڕەدا خراونەتە بەر دیدى سەردانیکەرانى ماڵپەڕەکە و ژمارەیەکى زۆرى بەڵگەنامەى بەڵاوکراوە و بەڵاونەکراوە بە چەندین زمانى جیاواز و وێنەى تایبەت بە سەرکردە، شۆڕشگێڕ و شۆڕشەکانى کورد لەم ماڵپەڕەدا بڵاوکراونەتەوە.

دەستەى ئینسکلۆپیدیا ئەمڕۆ خاوەن پەڕتوکخانە و ئەرشیفخانەیەکى دەوڵەمەند و گەورەیە و بووەتە ناوەندێکى باشى سەردانیکردنى خوێنەر و توێژەرانى کورد لە تەواوى ناوچە جیاوازەکانى کوردستان و بووەتە سەرچاوە و بنکەیەک بۆ توێژەران و قوتابیانی ماستەر و دکتۆرا و بێبەرامبەر دەستی هاوکاریان پێشکەش دەکات.

دەستەى ئینسکلۆپیدیا هەوڵیداوە بەڕێگەى بەشداریکردن لە چالاکییە حزبى و نیشتیمانییەکان، بەستنى کۆڕ و کۆنفرانسـى سەربەخۆ و هاوبەش لەگەڵ ناوەندە ڕۆشنبیرى و زانستییەکان خزمەتێکى زیاترى خوێنەر و ڕۆشنبیرانى کوردستانى بکات و شوێن پەنجەى خۆى لەوەى هەیە موکومتربکات.

لە ئێستاشەوە دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە هەوڵ و کۆششى ستافەکەى و یارمەتى نووسەر، وەرگێڕ، پسپۆڕ و ڕۆشنبیرە کوردستانییەکان و لەژێر ڕۆشناى شیرەت و فەرمایشتەکانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە پلانێکى تۆکمەترەوە لەپێناو بنیاتنانى کۆمەڵگایەکى ڕۆشنبیرتر و ئاوەدانى کوردستانى و گەیشتن بە ئامانجەکانى، بەرەو ئایندە هەنگاو دەنێت.

ئەندامی دەستە و بۆردی ڕاوێژکاری دەستە

Scroll to Top