
هەولێر/ تهبارهك عهبدولمهجيد
لە ڕۆژی سێیەمینی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، یانەی ئەلمەدا بۆ خوێندنەوە بە هاوکاری پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی، دیالۆگێكی لەسەر شانۆی سیمینارەکان بەناونیشانی «تۆماس مان، سەرکەوتنی مرۆڤ» ڕێكخست. دیالۆگەكە بە بۆنەی ١٥٠ ساڵەی لە دایکبوونی نووسەری گەورەی ئەڵمانی تۆماس مان بەڕێوەچوو، كە لەلایەن (د. ئهوس ئهلجبورى)ـەوە پێشكەشكرا و هاوکات خاتوو هەیفا ئهلموللا سەرپەرشتی دیالۆگەکەی کرد.
لە وتاری بەخێرهێناندا خاتوو هەیفا دەستی بە دیالۆگەكە کرد و گوتی: بە ناوی یانەی ئەلمەدا بۆ خوێندنەوە و پەیمانگای گۆتە، خۆشحاڵین بە چاوپێکەوتنتان لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، لەم دیالۆگەدا کە یادی ١٥٠ ساڵەی لە دایکبوونی تۆماس مان و گرنگی ئەو میراتە فیکری و ڕەخنەیی و ئەدەبییەی كە جێی هێشتووە، دەدوێین.
دواتر هەیفا ئهلموللا میوانی دیالۆگەكەی بە ئامادەبووان ناساند و ڕوونیکردەوە د. ئهوس ئهلجبورى خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە مێژوو و هونەر و توێژەرێکی پسپۆڕە لە ڕۆڵ و بەشداریکردنی ژنان لە میراتدا، تا ئێستایش خاوەنی چوار بەرهەمی چاپکراوە و نوێترینیان بە ناوی «مەککە لە چاوی ژناندا». هەروەها ئەندامی کۆمەڵەی مێژوویی سعودیەیە و لە چەندین دامەزراوەی ئەکادیمیدا مامۆستا بووە.
د. ئهوس ئهلجبورى لە دیالۆگەكەدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە دەربڕی و گوتی: یانەی ئەلمەدا یانەیەکی چالاکە، هەمیشە هەوڵەکانی تەرخان دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو چالاكییە ڕۆشنبیرییانەی کە تیایدا گرنگی بە ڕۆشنبیری و هونەر دەدەن. هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ پەیمانگای گۆتە و حەڤدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر هەیە.
پاشان هەیفا ئهلموللا گەڕایەوە بۆ دیالۆگەكە و ڕۆشنایی خستەسەر کەسایەتی تۆماس مان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تەنیا نووسەر نییە، بەڵکو شاعیر و ڕەخنەگر و بیرمەندە، بە یەکێک لە دیارترین نووسەر و ڕەخنەگرانی ئەڵمانیا دادەنرێت لە سەدەی بیستەم. هێمای بۆ ئەوەشکرد: تۆماس لە خێزانێکی بۆرژوازی لەدایکبووە، دایکی ئیسپانی بووە و باوکی ئەڵمانی بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانێکی پڕ لە زەحمەتی ژیاوە، لەوانەیش مردنی باوکی لە تەمەنێکی بچووکدا، كێشەو گرفتی خوێندن لە تەمەنی منداڵیدا، دواتریش کارەساتێكی گەورەی ژیانی، كە بریتی بوو لە خۆکوشتنی کوڕە گەورەکەی.
هەیفا ئهلموللا ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆماس هەڵوێستی سیاسی دیار و بەرچاوی هەبووە، لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا و پشتگیری ئەڵمانیای کردووە، بەڵام لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بە توندی دژی ئەڵمانیا وەستاوەتەوە، دوای ئەوەی تێگەیشتووە کە نازیەت وەک تاعونێکە و تووشی نەتەوەی ئەڵمانیا بووە، وەک خۆی دەڵێت: وێڕای خۆشەویستییەكی زۆری بۆ وڵاتەكەی، بەهۆی ئەو هەڵوێستانەیەوە ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لێ وەرگیراوەتەوە و ناچاركراوە ئەو وڵاتە جێ بهێلێت. ئەوەیش كاریگەرییەكی یەكجار زۆری لەسەر تۆماس دروستكردووە و لەمبارەیەوە رستەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێت: ئەم دژایەتییە بە ئازارەی بە ڕستە بەناوبانگەکەی دەربڕی: «لە هەركوێ بم و هەرچی بم، ئەڵمانیم».
د. ئهوس ئهلجبورى دوای پێداچوونەوە بە ژیاننامەی تۆماس دەستی بە گفتوگۆکە کردەوە و گوتی: «مێژوو پێمان دەڵێت چی ڕوویداوە، بەڵام چیرۆکێکی باش پێمان دەڵێت کە خەڵک چۆن هەستیان بە ڕووداوەکە کردووە و ڕێک ئەوەش ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئاهەنگی لەدایكبوونی تۆماس دەگێڕین و ئەوەیشە كە ئەو پێی بەخشیووین.
لە بەشێكی دیكەی دیالۆگەكەیدا د. ئهوس ئهلجبورى گوتی: تۆماس توانی بە قووڵیی هەستی مرۆڤەکان دەرببڕێت. لە ژینگەیەکدا گەورە بووە کە شایەتحاڵی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بووە و توانی ئەو هەست و بیركردنەوانەی وەربگێڕێت بۆ دەقی ئەدەبی كاریگەر، تۆماس لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا ڕەهەندە فەلسەفییە قووڵەکان دەخاتەڕوو، کە ئەم ڕەهەندانە لەو ژینگەیەی ئەو تێیدا ژیاوە و لە گۆڕانکارییە گەورەکانەوە سەریان هەڵداوە.
د. ئهوس ئهلجبورى ئاماژەی بەوەشدا، کە بنەماڵە بۆرژوازییەکەی حەزێکی تایبەتیان بە ئەدەب و مەعریفە هەبووە و برا گەورەکەی تۆماس پێش ئەو لە جیهانی ئەدەبدا هاتۆتە پێشەوە، نزیکەی 10 ساڵ پێش ئەوەی تۆماس دەست بە نووسینی كتێبەكانی بکات، ئەو ڕۆمانی بڵاوکردووەتەوە. لە درێژەی قسەکانیدا د. ئهوس ئهلجبورى گوتی: «تۆماس لە ژێر کاریگەری زۆرێک لە نووسەران و بیرمەندان بووە و ئەمەش لە شێوازەکەی و قووڵایی فەلسەفی نووسینەکانیدا دیارە، بۆیە بەرهەمەکانی ئاوێتەیەكن لە نائومێدی و گەشبینی و ململانێیەکی بەردەوام، لێرەدا گەورەیی تۆماس و ئەدەبی باڵای تۆماس دەردەكەوێت، کە ئێمە دوای ١٥٠ ساڵ لەدایکبوونی هێشتا باس لە بەرهەمەکانی دەکەین.
د. ئهوس ئهلجبورى لە دیالۆگەكەدا گوتیشی: جەوهەری ئەدەب لە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی نووسەر لە ناو ڕۆمانەکانیدایە، تەنانەت ئەگەر ئەمە لە ڕێگەی ناو یان ڕووداوی جیاوازەوە دەربکەوێت، کە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی تۆماس بەشێوەیەکی جۆراوجۆر کەسایەتی ئەو دەردەخەن، چونكە لە بەشێكی ڕۆمانەکانیدا باسی ئەو شارەی کردووە کە تێیدا لەدایک بووە، بەڵام ناوی جیاوازی بۆ بەکارهێناوە. تۆماس لە ڕۆمانی (موت فی البندقیە)ـدا باسی لە خۆی کردووە و بەناوبانگترین ڕۆمانیشی بە ناوی (الجبل السحری)ـیە، كە گێڕانەوەیەكە لەبارەی ئەو پرسیارە فەلسەفی و بوونگەراییانەی لە مێشکی تۆماسدا بوون.
لە كۆتایی دیالۆگەكەیشدا د. ئهوس ئهلجبورى گوتی: تۆماس گەیشتووەتە باوەڕێکی تەواو، کە نووسەر ناتوانێت لە پەراوێزی ڕووداوەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت دەستوەردان لە کاروباری سیاسیدا بکات، بەتایبەتی دوای جەنگی دووەمی جیهان، ئەو پێیوابووە نووسەری ڕاستەقینە دەبێ لە ڕووداوەكانی سەردەمی خۆیدا بەشدار بێت و ڕەنگدانەوەی هەست و نیگەرانی و گرفتەکانی کۆمەڵگەكەی بنووسێتەوە و دەریببڕێت، بۆیەش لە وتەیەكی بەناوبانگدا تۆماس مان دەڵێت: (ئەدەب چ بەهایەکی هەیە، ئەگەر تەنیا لە جوانیناسی و ڕووخساردا سنووردار بكرێت).