گوتاری سەرۆک بارزانی لە 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێبی

بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان

میوانە بەڕێزەکان، ئامادەبووانی بەڕێز، هەمووتان زۆر بەخێربێن. زۆر خۆشحاڵین بە هاتنتان و ئومێدەوارم وەختێکی خۆش ببەنە سەر لە هەولێر. زۆر سوپاستان دەکەین بۆ هاتنتان.

ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەبینین لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، 17ـەمین پێشانگەی کتێب دەکرێتەوە و ئەمە بووە بە نەریتێک کە جێگەی خۆشحاڵیمانە و بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە فەخری کەریم دەکەم، هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای (المدی) و بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی کە ئەرکیان کێشا و ماندووبوون لە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامە ڕێکوپێکە.

ساڵ بە ساڵ دەبینین کە پێشانگەی کتێب بەرەوپێشچوونێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و هەر ساڵێک باشتر لە ساڵی پێشتر. ئینشائەڵلا ئەم کارە هەر بەردەوام ده‌بێت و هەر لە خۆشیدا بتانبینین.

هەرچەند دونیا بەرەوپێش بچێت، تەکنەلۆجیا بەرەوپێش بچێت، ئەو فەرموودەی شاعیری گەورەی عەرەب موتەنەبی، ئەو حەقیقەتە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە کە دەڵێت «وخير جليس في الزمان كتاب» قیمەتی کتێب و ئەهەمییەتی کتێب بە هیچ شتێک لاناچێت، بەردەوام دەبێت و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بە دەرفەتی دەزانم باسی چەند بابەتێک بکەم ئەمڕۆ. یەکەم داکۆکی دەکەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی کە شانازی پێوە دەکەین، فەرهەنگی پێکەوەژیان، یەکتری قبووڵکردن، ئازادی بیروڕا، ئازادی دین، ئازادی مەزهەب. ئەمانە بنەمایەکن کە بە هیچ شێوەیەک موساهەمەیان لەسەر ناکرێت. با هەموو کەسێکیش ئەمە باش بزانێت.

هەروەها دێمە سەر وەزعی ناوخۆی هەرێم. تەبیعی، وەزعی هەرێم بەدەر نییە لە وەزعی ناوچەکە بە گشتی، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی کوردستان کە زۆر کەس و زۆر لایەن وایان دەزانی، هەڵبژاردن ناکرێت، یان ئەگەر هەڵبژاردن کرا، گرفتی گەورە ڕوو دەدات،  موشکیلەی گەورە ڕوو دەدات. هەڵبژاردن کرا و بە شاهیدی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە هاتبوون، هەڵبژاردنێکی بێ گەرد بوو. هیچ هەڵبژاردنێک لەوانەیە لە دونیادا نەبێت، بێ کەموکورتی، بەڵام موقارەنەتەن بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردنێکی زۆر زۆر باش بوو و ئەنجامەکانیشی دەرکەوت. ئێمە ئێستەش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی کە کورسییان بەدەست هێناوە، هەر کەسەو بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێکەوە حکوومەتێک، کابینەیەک دروست بکەین. کوردستان موڵکی هەموومانە و هەمووشمان برای یەکترین، هەموومان کەسی یەکترین.

جوان نییە یەکتری بشکێنین، با ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوە بێت، ڕێگەی باشتر پیشانی حکوومەت و پەرلەمان بدات. با لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە، لێرەدا جارێکی تر داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بەشدار بن له‌ جكومه‌ت، بەڵام مەسئولییەتی هەرە گەورە دەکەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی. تا ئێستە هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. دەبێت هەرچی زووتر ئیشەکان تەواو بکەن و کابینەکە دروست بکرێت، چونکە وەکوو دەبینین، دەوروبەری ئێمە و لە دونیا هەمووی، قەیرانی گەورە ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەش بە ڕێگەوەبن. بۆیە تەنها مەرجی سەرکەوتنی کورد، یەکگرتنی کوردە، کورد و کودستانی. بۆ ئەم مەبەستەش، هەرچی لە تواناماندابێت، دەیکەین. تەوسییەی منیش بۆ هەموو لایەنەکان بە تایبەت بۆ پارتی و یەکێتی، پەلە بکەن لە دروستکردنی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە نیسبەت هەرێم و بەغدا و وەزعی عێراق بە گشتی، تا حەددێکی باش هەندێک مەشاکل و گیروگرفت چارەسەرکراون له‌ نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام هێشتا زۆری ماوە. هەر وەزعی عێراق بە گشتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، عێراقی تازە لەسەر سێ بنەمای ئەساسی دامەزرا؛ هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. یەعنی شەراکەت، تەوازن و تەوافق. بەداخەوە ئیلتیزامی پێ نەکرا. هەروەها لە ساڵی 2005، دەستوورێک نووسراوە بۆ عێراق، کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لەوەدا و سەدا 85ـی خەڵكی عێراق دەنگی پێ دا. ئەگەر ئیلتیزام بەو دەستوورە کرابا، زۆرێک لەو گرفتانەی کە خەڵكی عێراق بە گشتی و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، ڕەنگە ئەو گرفتانە ڕوویان نەدابا.

ئێستەش چارەسەریی بنەڕەتی، گەڕانەوەیە بۆ ئەو سێ بنەمایە و ئیلتیزامکردن بە دەستوور. بۆ ئەو مەبەستەش هەرچی بە ئێمە بکرێت، ئێمە ئامادەین. دەبێت هەموو ئەو هێزانە، چ لە هەرێم، چ لە بەغدا، جورئەتی ئەوەیان هەبێت، دان بە هەڵەکاندا بنێن و دیسان لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە بۆ ئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت. هەروەکوو دەبینین لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەیە، شەڕی گەورە بەڕێوەیە، شەڕی گەورە ڕووی داوە. ئێمە ئومێدەوارین هەرچی زووتر، ئەو شەڕانە کۆتایی پێ بێت و ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە تەواو بێت، چ لە فەڵەستین، چ لە لوبنان، چ لە هەر مەنتیقەیەکی تر. بەڵام لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئەوانەی ئێستا کار بەدەستن لە بەغدا بە هەموو توانایەک هەوڵ بدەن، عێراق لە تێکەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت.

لە کۆتاییدا داوای سەرکەوتن هەم بۆ خەڵکی کوردستان، هەم بۆ خەڵکی عێراق و هەموو گەلانی ناوچەکە دەکەم. تەمەنای بەختەوەریان بۆ دەکەم. تەمەنای ئاشتی و سەلامەتییان بۆ دەکەم. ئێوەش جارێکی دیکە زۆر بەخێربێن سەرچاوان و سوپاستان دەکەین بۆ هاتنتان و هەر لە خۆشیدا بن.

زۆر سوپاس.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top