
لە پێنج شاری عیراق و باشووری كوردستاندا، پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێب دەكرێتەوە. بەغدای پایتەخت و هەولێری پایتەخت، سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستان، مووسڵ دووەمین گەورە شاری عیراق و نەجەف ناوەندی حەوزەی عیلمیی ئایینزای شیعە، ئەو شارانەن كە پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبیان تێدا دەكرێتەوە. پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب بۆ هەر شارێك، شكۆ و گەورەییە، نیشانەیە بەوەی ئەو شارە، گەورە و گرنگ و هەستیار و ناوەندییە. من بەختم یار بووە، پیشانگاكانی هەولێر و بەغدا و سلێمانیم دیون، سەردانیم كردوون، ڕێكەوتێكی دانسقەشە كە وەشانكارێكی دۆستم هەیە بەر لە دوو مانگ گوتی «باشترین پیشانگاكانی نێودەوڵەتیی كتێب لە عیراق و كوردستان هەولێر و بەغدا و سلێمانین». بەدەر لەوەی ئێمە تا چەند لەگەڵ ئەو بۆچوونەداین، هەرێمی كوردستان بە 6,5 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی دوو پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تێدا دەكرێنەوە و عیراق بە تێكڕای پتر لە 46 ملیۆن كەس لە دانیشتووانی، كە پێنج پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی تێدا دەكرێنەوە، ئەوە نیشانەیەكی گەشە بەوەی خەڵكی ئەم وڵاتە كتێب دۆست و خوێنەرن. نیو سەدە بەر لە ئێستا وتەیەك لە ناوەندی كولتووری عەرەبدا باو بوو دەیگوت: «میسر دەنووسێ، بەیرووت چاپ دەكات و عیراق دەخوێنێتەوە».
چالاكییەكی گەورەی وەك پیشانگای نێودەوڵەتیی كتێب، كە دەیان وەشانخانە لە وڵاتانی جۆربەجۆر و دەیان وەشانخانە لە هەر چوار پارچەی كوردستان تێیدا بەشدارن، بە دڵنیاییەوە ئەرك و هەماهەنگی و بەدواداچوونی زۆر و شارەزا و ئەزموون و پەیوەندیی هەمەلایەنەی پێویستە، بە تایبەتی پەیوەست بەوەی بتوانی خاوەنی دەیان وەشانخانە و دامەزراوەی كولتوور بهێنیتە سەر ئەو ڕایەی، هەزاران ناونیشانە كتێب و چاپەمەنیی خۆیان ڕەوانە بكەن و لە پیشانگادا بەشدار بن، لەم ڕووەوە دامەزراوەی ئەلمەدا بۆ خولی 17 و خولەكانی پێشووی پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب، ڕۆڵی گەورە و كاریگەری هەبووە، لە هەولێریشەوە وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی هاوكار بووە، هەردوو لایان ئاسانكاری و هەماهەنگیی زۆریان كردووە، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداری كردن لەم ئاهەنگە مەزنە كولتوورییەدا بۆ زۆرترین ژمارەی وەشانخانە و دامەزراوەكانی كولتوور بڕەخسێت.
پێشوازیی گەرمی كوردستانیان و غەیرە كوردستانیان لە هەر خولێكی پیشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر، نیشانەیەكی گەشە بەوەی كتێب وەك كاڵای فرە ڕەنگ و فرە تامی كولتوور، لە وڵاتی ئێمەدا كڕیار و هۆگر و خوازیاری زۆرە. بەوەی چاپەمەنیی ئەم پیشانگایە بە سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی شێرەبەشیان بەر دەكەوێت، ئاماژەیە بەوەی خوێنەرانی ئەم سێ زمانە لە ڕیزی پێشەوەی كڕیارانی كتێبدان، وێڕای ئەوە پیشانگاكە كتێب بە زمانانی دیكەش دەگرێتە خۆ.
هەولێر وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سەرووی 12 زانكۆ و دەیان پەیمانگەی تێدایە، لە ئاستێكی باڵای سیاسی و حكومی و جەماوەریش، بایەخ بە كتێب و كولتوور دەدرێت، ڕەنگە بەوەی هەر خولێكی پیشانگای هەولێر لە لایەن جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی دەكرێتەوە، نیشانەیەكی گەش بێت، بەوەی لە تێكڕای ئاستەكاندا كوردستانیان بایەخ بە كتێب و چاپەمەنی دەدەن، وەك كاڵای بەهاداری كولتوور و دەروازەی گۆڕین و بەرەو پێش بردنی كۆمەڵگە و وڵات.