وێنەگرتن لەگەڵ کتێب

غازی حەسەن

پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر هێما و نیشانەیە بۆ گرنگی دان بە کتێب و پەرەپێدانی دۆخی ڕۆشنبیری، بەشداری دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە نیشانەیەکی دیکەی سیاسی و ڕۆشنبیریی و ئارامی و گەشەکردنی بواری مەعریفەیە.

لەم ساڵانەی دوایدا پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان خوێنەر و کتێب، لەنێوان هاووڵاتی و کتێبخانە دروستبووە. ڕاستە پەیوەندی نێوان خوێنەر و کتێب جێگەی ڕەزامەندی نییە، خوێنەری جددی گوایە زۆر کەم بۆتەوە و ئەوانەی کتێب چاپ و بڵاودەکەنەوە  حیساب بۆ زۆر ڕێسا ناکەن و زمان بەستەزمانە  و مرۆڤ خەمی بۆ دەخوات. سەردان و بەدوا گەڕانی کتێب و سەرچاوە بە زمانی جیاواز مایەی دەستخۆشی و سوپاس و هاندانە. خوێنەری جددی کەم بۆتەوە، بەڵام ژمارەی وێنەگران لەگەڵ کتێب و لە نێو پێشەنگای کتێب زیادی کردووە.

 دیاردەیەکی جێگەی سەرنجە، کەسانێکی زۆر دەیانەوێت وێنە لەگەڵ کتێب بگرن، ئەوانەی بنهەنگڵێک کتێب، یان دوو توورەگەی مشت کتێبی کڕێوە، ئەوانەی بەدوای ڕۆشنبیرە دیارەکانی کوردستاندا دەگەڕێن و وێنەیان لەگەڵ دەگرن، ئەوانەی ڕاوی سیاسییەکان دەکەن و  لەسێبەری کتێب و باکگراوندی کتێباوی وێنەیان لەگەڵ دەچرکێنن، ئەمانەش هەمووی بۆ بوون و هۆکار و گرنگی کتێب دەگەڕێتەوە.

ئەوانەی وێنە دەگرن دەیانەوێت گوتارێکی ڕاشكاوانە، یان ناڕاستەوخۆمان پێ بڵێن کە کتێب گرنگە و لەهەمان کاتدا گوتاری وێنەش لەو گرنگترە. گەرەکیانە ئەوەمان  نیشان بدەن خوێندواری و ڕۆشنبریی پلەیەکی بەرزترە لە ئاستی ئاسایی تاکی دوور لە کتێب، واتە ئەمە پێگەی بەرز و بەهێزی کتێبە خەڵک دەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە وێنەگرتن لەگەڵ کتێب کارێکی باش و شیاوی سەرنجڕاکێشە.  من بڕوام وایە وێنە و کتێب لەم دۆخەدا هێز و کاریگەریان زۆر لە خودی (من/ کەسەکە/ ئێمە) پترە.

وێنەگرتن لەگەڵ کتێب دیاردەیەکی باوی پێشەنگای کتێبە، کۆبوونەوەی خەڵک لەم شوێنە و گفتوگۆی ڕۆشنبیریی و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنەکان و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسی، هەر هەموویان وێنەی ئەرێنی کتێب نیشان دەدەن، بە مانایەکی دیکە وێناکردنی کتێب لە عەقڵ و هەست و بیرکردنەوەی تاکدا گەشەی کردووە، لەهەمان گاڤدا وێنەیەکی ئەرێنی و باش و شیاو دەگوازێتەوە. ئەم وێنەگرتنە ئەوەمان پێ دەڵێت، گوتاری تاک، ئەوانەی وێنە دەگرن، دەیانەوێت بە شێوەیەکی گشتی بەوانی دیکە بڵێن (من خوێندوارم، حەزم لە کتێبە، کتێب شتێکی باشە، ئاستی خۆی لە پێکهاتە و بوونێکی ئاسایی، بگوازێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر لەوەی کە هەیەتی).

وێنەگرتن لەگەڵ کتێب، وێنەگرتن لەنێو پێشەنگای کتێب، بانگەشەیە بۆ گوتاری پێناسەکردنەوەی خودی تاک، خودی کەسی وێنەگر، پێناسەیەکی مەعریفییە، بێ ئەوەی هیچ کەسێک بیەوێت ئەم ناسنامەیە بە شێوە مەعریفییەکەی لە چوارچێوەی گوتاری (خود، گەشەکردن، نمایشی پێگەی نووسین و بەرز نرخاندنی بەها و هێزی کتێب) شیکار بکات.  بۆیە دەبێژم وێنەگرتن لەنێو پێشەنگای کتێب هەرچەندە هەندێک دەیانەوێت وەکو (نەدیتکە) ڕەفتار بکەن، بەڵام تام و چێژی تایبەتی هەیە و دیاردەیەکی گونجاوە، باشترە لەوەی وێنە لە جەنگ و وێرانکردن و پاشکۆبوون و  کۆیلایەتی بگیرێت. لەم جۆرە وێنەگرتنەدا کەسەکە دەیەوێت بانگەشە بۆ گوتاری (منیش دەمەوێت بخوێنمەوە، کار دەکەم بگەمە ئاستی کتێب، کتێب گرنگە و خۆڕۆشنبیرکردنی جێگەی شانازییە) بکات.

وێنە گرنگە، پەیام و گوتاری تایەبتی هەیە، کتێب ئامراز و هۆکارە بۆ نمیاشێکی جیاواز لە نێو عەقڵ و دەروون و بیرکردنەوەی تاکی کوردی، هەروەها گوتارێکی  پڕ جووڵە و نمایش و خۆدەرخستنە، کە هەندێک پێیان وایە ئەم وێنەیە دەبێتە هۆکارێک بۆ شکاندنی تاریکی و دواکەوتن.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top