کاتێک ژیری دەستکرد رکابەری قەڵەم دەکات..ئایا وەکو مرۆڤ دەتوانێت بنووسێت؟

هەولێر / جنان سه‌رای

لەنێو‌ پێشانگەی نێوده‌وڵه‌تی كتێب لە هەولێر، له‌و شوێنەی كه‌ زمان و بۆچوونەکان جیاوازن، خوێنەران هەریەکەو بەجۆرێک بەدوای کتێبی خوازیاریاندا دەگەڕێن، تەواو سەرقاڵن و لەنێو دونیای خۆیاندا نقوم بوون، کاتێک دەچووین بۆلای هەرکەسێک بۆ ئەوەی چەند خولەکێک گفتووگۆی لەگەڵدا بکەین بە ڕوویەکی پڕ هیواوە بۆمان دەدوا، ئەمەش هەستێکی پڕ ئەرێنی پێدەبەخشین.

خوێنەران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتووگۆیان لەسەر نووسەر و کتێبێکی بەناوبانگ نەدەکرا بەڵکو زۆربەیان هزریان لەلای ئەو جیهانە بوو کە لە ڕێگەی رۆمانی دڵخوازیانەوە بۆیان درووست دەبێت، دەیانگووت چیرۆکەکان تەواو لەژیانی ڕۆژانەمان جیاوازن، ئێمە تەنها چیرۆکی ژیانی خۆمان و چەند کەسێکی دەورووبەرمان دەزانین بەڵام کتێب ئاشنای چەندەها چیرۆک دەکات کە دەشێت لەڕاستیدا بوونیان هەبووبێت، بیرکردنەوەت تەواو فراوان دەکات بەجۆرێک ئێستا دەزانین ناخۆشییەکانی ژیان تەنها بەسەر یەک کەسدا نایەت وەکو چۆن خۆشییەکانیش تەنها بۆ یەک کەس نین، ژیان پڕە لە رووداوی جۆراوجۆر کە دەشێت هەموومان پێیدا تێپەڕین.

بیرکردنەوەکانی مرۆڤ سنووریان نییە هەر لە منداڵییەوە چەندەها پرسیاری جۆراوجۆرمان لەلا درووست دەبێت، کاتێک دەگەیتە نێو جیهانی ئەدەب و بیردۆز، پرسیاری تەواو جیاواز لە هزردا درووست دەبێت کە هیچ پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژیا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی زیرەکی بیرکردنەوەکانی مرۆڤ، دەتوانین بڵێین ئایە کۆمپیوتەر دەتوانێت وەکو مرۆڤ بنووسێت؟ ئایە تەکنەلۆژیا دەتوانێت وەکو مرۆڤ تەجرووبەی ژیان بکات و چیرۆکی جۆراو جۆری هەبێت؟ بەدڵنیایەوە نەخێر، بیرکردنەوەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ ناکرێت بۆیە لە هەموو سەردەمێکدا کتێب لە تەکنەلۆژیا باشترە و مرۆڤ زیاتر فێر دەکات وابەستەی سنوورێکی دیاریکراوی ناکات.

ئەحمەد سەلام، خاوەنی دامەزراوەی «جەسەد» زیاتر ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەم بابەتەدا و گوتی: تەکنەلۆژیای کۆنترۆڵکراوی ئەم سەردەمە ناتوانێت وەکو مرۆڤ بنووسێت، بەڵام دەتوانێت رۆمان و چیرۆک لە ژێر چاودێری مرۆڤدا بنووسێت، ئەو زانیاریانەی کە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بە ئاسانی دەستمان دەکەوێت لە بنچینەوە بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە وخۆمان خەزنمان کردووە تێیدا، لەداهاتوودا دەکرێت تەکنیکی تەکنەلۆژیا پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و کێبڕکێی مرۆڤ بکات بەڵام هیچ کات ناگاتە ئاستی مرۆڤ، مرۆڤ هەستی هەیە و درک بە رووداوەکانی رۆژانە دەکات کە هیچ بەرنامەیەک نییەتی.

ئەمەش بۆچوونی زۆربەی سەردانیکەرانی پێشانگەکەیە لەسەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا:

دونیا وەعد، خوێنکاری زانکۆیە لەگەڵ سەیرکردنی رۆمانی ئەبابیلدا گوتی: تەکنەلۆژیا دەتوانێت رۆمان و چیرۆک و شعر بنووسێت بەڵام وشەکانی هەستی تێدا نیە و ناگات بە دڵ، مرۆڤ لەرێگەی دڵ و رۆحیەوە وشەکان دەکاتە سەر کاخەزەکان ڤۆیە راستەوخۆ هەستیان پێدەکەین.

لەولاشەوە مەروە جەلال کە کارمەندێکی حکومییە دەڵێت: تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەردەم دەتوانێت یارمەتیدەری مرۆڤ بێت و کارەکانی بۆ ئاسان بکات بەڵام هەرگیز ناگاتە مرۆڤ چوونکە هەموو زانیارییەکانی کە هەیەتی لە بنەڕەتدا هی مرۆڤن.

هاوکات دایکی عومەر، کە دایکی سێ منداڵە و هاتووە کتێبی فێرکاری منداڵانە بکڕێت گوتی: ئەگەر تەکنەلۆژیا بتوانێت کتێبی منداڵانەش بنووسێت من هەر ئارەزووی کتێب دەکەم، کتێبەکان هەستت پێدەبەخشن، بۆنی کتێبەکان جیاوەزەو دەگات بە دڵ، هەندێک لە نووسەران وا هەست دەکەن ژیری دەستکرد هەڕەشەیەکی راستەوخۆییە و هەندێکی دیکە وەکو یارمەتیدەرێک سەیری دەکەن و منیش وەک خۆم پێم ناخۆش نییە ژیری دەستکرد هەبێت بەڵام دڵنیاشم هەر مرۆڤ پێشکەوتووترە.

چاومان بە بولس رامی کەووت کە هونەرمەندێکی وێنە کێشەو هاتووە کتێبی هونەری بکڕێت، لەبارەی ژیری دەستکردەوە گوتی: لێتان ناشارمەوە هەندێک کات دڵەڕاوکێ دەمگرێت لەم پێشکەوتنە خێراییەی ژیری دەست کرد، دەترسم وێنەکان بشێوێنێت و هەستیان بۆ نەهێڵێتەوە، دڵەڕاوکێکەم بۆ ئەوە نییە ژیری دەستکرد بە چەند خولەکێک وێنەیەک بۆ درووست دەکات بەڵکو بۆ تێکدانی ناوخۆی مرۆڤە، من وێنە دەکێشم چونکە کۆمەڵێک هەست لەمندا کۆبوونەوەتەوە پاشان دەتوانم وێنەیەک بکێشم لەکاتێکدا ژیری دەستکرد راستەوخۆ وێنەیەک بەرهەم دەهێنێت کە هیچ ژیانێکی تێدا نییە.

بەپێچەوانەوە دوعا سەلمان لەبارەی ژیری دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا گوتی: من هیچ لەم پێشکەوتنەی ژیری دەستکرد ناترسم چونکە بەشێکی دیکەی مرۆڤەو خۆمان درووستمان کردووە، تەواوکەری ئێمەیە و ئاسانکاریمان بۆ دەکات، کات زۆر گرنگە ئەوەی لە رابردوودا بە چەندەها مانگ دەستمان دەکەوت لە پاش گەڕانێکی زۆر ئێستا لە چەند خولەکێکدا لەبەردەستماناییە و کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە.

هەتا منداڵە ١٣ ساڵەکانیش بۆچوونیان وابوو، شەهم کەلەگەڵ باوکی هاتبوو گوتی باشە ئەگەر کۆمپیوتەر چئرۆکێک بنووسێت لەکاتی رووداوەکانی نێو چیرۆکەکە دەست بە پێکەنین یاخود گریان دەکات هەستەکەم نەخێر کەواتە چۆن دەیەوێت من هەست بە چیرۆکەکە بکەم.

ئەوەی سەرنجی راکێشام لەکاتی دواندنی خەڵکدا ئەوەبوو کێشەکانیان تەکنیکی نەبوون بەڵکو مرۆيی بوون، پرسیارە سەرەکییەکانیان پەیوەست بوو بە هزروو بیرکردنەوە و هەستەکانیان، هاوڕابوون کە ژیری دەستکرد زۆر خێرا زانیارییەکانت پێدەدات بەڵام ناتوانێت هەستت پێ ببەخشێت. لەکۆتايی رۆژەکەمدا، لەنێو بۆنی کتێبە نوێکان و راپەڕە جیاوازەکان کە هەریەکەیان بەهەستی نووسەرێک نوسرابوون بۆم دەرکەوت هیری دەستکرد پرسیارێکی نوێی ژیانمانە و هەندیک لێی دەترسن و هەندێکی دیکە بە یارمەتیدەر سەیری دەکەن، ئەوەی زۆربەی هاوڕابوون لەسەری نووسین دەبێت بە هەستەوە بێت تاوەکو بکات بە خوێنەر کاتێک لە نووسینێکدا رووداوێکی ناخۆش و تراهیدیا هەیە و چاوەکانم پڕ دەبێت لە فرمێسک لەهەمانکاتدا دەڵێم دەبێت نووسەرەکە تاوەکو ئەم رووداوەی نووسیوە چەند جار گریاوە بۆیە کتێبەکان پەیوەستن بە ڕۆحمانەوە و تەنها نوسراوێکی ئاسای نین.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Scroll to Top