
هەولێر/ نور عەبدولقادر
وێڕای پێشكەوتنی خێرای تەكنۆلۆژیا و زۆربوونی ئامرازەكانی کاتبەسەربردن، هەر لە زنجیرە درامییە تەلەفزیۆنەكانەوە تا ئەپەكانی ماسمیدیا و یارییە ئەلیكترۆنییەكان، بەڵام هێشتا كتێب سەنگ و پێگەی خۆی لەسەر تاقچەی دیوار و كتێبخانە و كافتریاكان لەدەست نەداوە، ئەو دیمەنە سەرنجڕاكێشانەیش ناچارمان دەكات بپرسین ئایا نهێنی پشت بەردەوامبوونی خوێنەر و خوێندنەوە چییە؟! ئایا كتێب توانیوویەتی بەرامبەر ئەو گێژەلووكە ئەلیكترۆنییە بەهێزە بگرێت؟! بەڵام ئەوەی لە دیمەنەكانی ناو پیشانگای كتێب بەدی دەكرێت، پێمان دەڵێت «پێدەچێ كتێب توانای هەبێت ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئالەنگارییانە ببێتەوە، كە هاتونەتە بەردەمی و توانیوویشیەتی كە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ میدیای ژمارەیی و سەركەوتووانەیش پارێزگاری لە بریسكە و ڕەونەقی خۆی بكات.
لە چەند ساڵی رابردوودا، هەست دەكرێت كە جارێكی دیكەش خوێندنەوە بەشێوەیەكی بەرچاو گەڕاوەتەوە پێگەی خۆی و بەتایبەتیش گەنجان كتێب دەخوێننەوە، ئەگەرچی بانگەشەی نەمان و كەمبوونەوەی مەیلی خوێندنەوە دەكرێت، بەڵام دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و ئەو پێشانگە نێودەوڵەتیانەی کتێب كە دەكرێنەوە، پێچەوەانەی ئەم بۆچوونەی سەلماندووە و بەشداریی زۆری خوێنەران لە هەموو تەمەنەكاندا بەڵگەی ئەوەیە، كە خوێنەر هەیە، ئەوەیش ئومێدێكی باشی بۆ پیشەسازی چاپ و بڵاوکردنەوە دروستكردەوە، کە ساڵانێک بوو بەهۆی دابەزینی فرۆشی كتێبەوە گیرۆدە ببوون. ئەم بۆچوونە تازەیە توانا و هێزی كتێب وەک ئامرازێکی کاریگەر لە جیهانێکی خێرادا نیشاندەدات، کە پشتی بە خێرایی و سەرنجدانێکی کورت بەستووە، هەروەهاش بۆچوونێك هەیە زیاتر گرنگی بە جۆرێکی دیاریکراوی کتێب دەدات و ئەویش پەیوەندی بە بەها و گەشەپێدانی مرۆیی و ئەدەبیاتەوە هەیەو پەیوەستە بە قووڵایی فیکری و کولتووری و دوورە لە ئامرازە خێراكانی كات بەسەربردن.
مام ئەحمەد میسری، خاوەنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەیەو بەشداری لە چەندین پێشانگای كتێب کردووە، دەڵێت: گەنجان و تەنانەت منداڵانیش زۆرترین خواستیان لەسەر کتێب هەیە، ئەمەش وای لێکردووین بەشداری لەو کۆڕ و کۆڕبەندە ئەدەبیانە بکەین بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی گەنجان لە جیهانی تەكنۆلۆژیای تازەوە بۆ بابەتە فیكرییەكان، لێرەشدا خێزان گەورەترین بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە لە هاندانی منداڵەکانیان و دابینکردنی کتێب لەبری لە ئامێرە دیجیتاڵییەکان، کە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر بیركردنەوە و تێگەیشتن و بینینیان.
ئەم لێدوانە گوزارشت لە پەرەسەندنی هۆشیاریی تاکەکان دەکات سەبارەت بە گرنگیی خوێندنەوە لە سەردەمی ئێستادا، کە پێویستی بە دایک و باوک و کۆمەڵگا هەیە پشتگیری ئەم کولتوورە بکەن و هانی منداڵان و گەنجان بدەن.
لە کاتێکدا زۆرجار تەکنەلۆژیا وەک دوژمنی کتێب سەیر دەکرێت، هاوكات بووەتە ئامرازێک کە پەرە بە کولتووری خوێندنەوەش دەدات، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی کتێبی ئەلیکترۆنی و کتێبی دەنگییەوە، تەنانەت هەندێک لە نووسەران توانیوویانە ئەو ماسمیدیایە بقۆزنەوە بۆ سپۆنسەركردنی كتێبەكانیان گەیاندنیان بە زۆرترین جەماوەری خۆیان. ئەمڕۆ هەر کەسێک بەهۆی مۆبایلە زیرەکەکان و ئەپڵیکەیشنی تایبەتمەندەوە دەتوانێت دەستی بگات بە هەزاران کتێب لە گیرفانی خۆیدا هەڵیانبگرێت و بیانخوێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە کتێب لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا بەردەست بێت.
خوێنەرێک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمەدا، دەڵێت: «تەکنەلۆژیا بەشداری کردووە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و گرنگی خوێندنەوە بە کوالیتییەكی بەرز، ئێستا ئەپەكانی ئینستاگرام و تیک تۆک تیشک دەخەنە سەر نووسەری تازە و کتێبی نوێ، كە هەموویان ئاستی هۆشیاری خوێنەر بەرز دەکەنەوە. ئەمەش زیاتر هانی گەنجانی داوە بۆ خوێندنەوە، كە شانازی بە کولتوورەکەیانەوە بکەن و پێشبڕكێ لەگەڵ یەکتر بکەن».
ئەم پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییانە دەریانخستووە کە کتێب بووەتە بەشێک لە شێوازێکی ژیانی مۆدێرن، زۆر کەس نمایشی کولتووری خوێندنەوەیان دەکەن و بە ئاشکرا باسی ئەو کتێبانە دەکەن، کە خوێندویانەتەوە، بەمەش پێگەی کتێب لە کۆمەڵگادا بەرزتر دەبێتەوە.
هەروەها هەندێک لە پێگە دیجیتاڵییەکان خوێندنەوە وەک بەشێک لە شێوازی ژیانی مۆدێرن بەرەوپێش دەبەن، کتێبەکان دەکەنە هێمای هۆشیاری و پێشكەوتن. ئەمەش لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگای کتێبیشەوە پشتڕاستکرایەوە، كە دەڵێت: «ئەگەر سۆشیال میدیا نەبووایە، ئارەزووی گەنجان بۆ خوێندنەوە زیادی نەدەکرد. ئێستا کتێبە دڵخوازەکانیان بڵاودەکەنەوە و گفتوگۆیان لەسەر دەکەن و هەست بە شانازی دەکەن کە خوێنەرێکی هۆشیارن». دەشڵێت: ئەم کارلێکە دیجیتاڵییە تەنیا لە خوێندنەوەدا سنووردار نەبوو، بەڵکو بڵاوکردنەوەی کولتووری ئەدەبی و دروستکردنی پەیوەندی نێوان نووسەران و خوێنەرەشی لەخۆگرتووە.
ئەمڕۆ خوێندنەوە تەنیا پراکتیزەیەکی نەریتی نییە وەک ئەوەی جاران هەبوو، بەڵكو بۆتە بژاردەیەکی تاك کە ڕەنگدانەوەی ئاستێکی هۆشیاری و کولتوور و دووركەوتنەوەیەكی ئەرێنیشە لە گشارەکانی ژیان، كە قوڵبوونەوەیەك بە خوێنەر دەبەخشێت، ئامرازەكانی كات بەسەربردن نەیانتوانیووە ئەو قوڵبوونەوەیە ببەخشن، هەروەهاش ڕێگەی پێدەدات بەدواداچوون بۆ بیرۆکە و ئەزموون و بیروباوەڕی جیاواز بکات، ئەمەش ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی لە خۆی و جیهانی دەوروبەری بەرزتر دەکاتەوە. هەروەها کتێب دەرفەت بە خوێنەر دەبەخشێت کە پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ دەق و ئەو چیرۆكانە دروست بکات، کە ڕەنگە گۆڕانكاری لسەر ژیانی دروست بكات.
وێڕای گۆڕانکاری خێرای دیجیتاڵی، کتێبەکان هێشتا سەنگ و بەهای خۆیان پاراستووە، بەتایبەتی کاتێک بە شێوەیەکی مۆدێرن پێشکەش دەکرێن، کە ڕەسەنایەتی و داهێنان تێکەڵ بە یەكتر دەكەن، لە کاتێکدا شاشە و كاغەز جیهانیان تووشی لەرزین كردووە، بەڵام کتێبەکان دەیسەلمێنن کە وەک یەکەم دۆستی مرۆڤایەتی و جوانترین پەنجەرەی مەعریفە و خەیاڵ دەمێننەوە. ڕەنگە کات بەسەربردنی مۆدێرن ئالەنگارییەكی دروست کردبێت، بەڵام کتێبەکان هێشتا خاوەنی ئەو هێزەن کە کاریگەری قووڵییان لەسەر ڕۆحی مرۆڤەكان هەبێت و ئاسۆی نوێ بۆ خوێنەران لە سەرانسەری جیهاندا بکەنەوە.