دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی كوردستان…هەزاران ناونیشانی جۆراو جۆرى كتێب بە زمانی دايك

المدی: هەولێر

حەڤدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر شاهیدی بەشدارییەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی بە گەموگوڕییەوە نمایشی چاپكراوەكانی خۆیان كرد، کە هەزاران ناونیشانی كتێب بە زمانی کوردی لە پیشانگاكەدا بەرچاو دەكەون و بەشێكن لە دەوڵەمەندکردنی ڕەوتی ڕۆشنبیری لە هەرێمی كوردستاندا، كە زیاتر گوزارشت لە پەرەسەندنی هۆشیاری رۆشنبیری پشتیووانیکردن لە زمان و کولتووری ناوخۆیی، هەروەها زیادبوونی خواست لەسەر بڵاوکراوە کوردییەکان لە بوارەکانی ئەدەب، مێژوو، فیکر و فەلسەفە و ئەدەبی منداڵان و کتێبی پەروەردەیی.

ئەمساڵ دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 22 وڵاتەوە بەشداری پێشانگاکە دەکەن، بەڵام لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بەشداریی كارا و بەرچاوی دەزگا کوردییەکانە، چ لە ڕووی ژمارەی دەزگا بەشداربووەکان و چ لە ڕووی ناونیشان و ناوەڕۆکی كتێبەکانیانەوە، كە پێدەچێ کێبڕکێکە تەنیا لەسەر جوانكردن و رازاندنەوەی ڕەفەی كتێبەکان نەبێت، بەڵکو لە كێبڕكێی کوالیتی بەرزی چاپكردن بەشداریی كارایە لە بۆنە و چالاکییە رۆشنبیری و کولتوورییەکاندا.

لە نێو ئەو دەزگایانەی چاپ و بڵاوکردنەوە کە ئەمساڵ بەشداریی كاراتریان هەبووە لە ساڵانی پێشوو، دەزگای مێخەك بوو، سۆران خالید بەڕێوەبەری دەزگای مێخەك دەڵێت: ئەمە پێنجەمین بەشداریمانە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی لە هەولێر، لە یەکەم بەشداریکردنمانەوە، گرنگی ئەم چالاكییە رۆشنبیرییەمان بۆ دەركەوتووە، نەک تەنیا بۆ بەرەوپێشبردنی کتێب، بەڵکو بۆ بوژاندنەوەی گفتوگۆی کولتووری لەناو کۆمەڵگەدا. ئێمە پێمانوایە کتێب ئامرازی سەرەکییە بۆ گۆڕانکاری و بەو بڕوایەشەوە هەوڵدەدەین ناونیشانی نوێ بخەینەڕوو، کە لە چاپكردنی هەر كتێبێکدا باس لە پێداویستی و پرس و خواستەکانی خوێنەرانی کورد بکەن»

سۆران خالید گوتیشی: ئەمساڵ 24 ناونیشانی نوێی تایبەت بەخۆمان نمایش دەکەین، کە دەرئەنجامی هاوکارییە لەگەڵ نووسەرانی کورد لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا. لە یەکەم ڕۆژیشدا سەرنجماندا خەڵك و خوێنەرانی كورد بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەشداری دەكەن، کە تینوێتی خەڵک بۆ کتێبی چاپکراو و بۆ ناوەڕۆکی باش، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە دەیانەوێت كتێب بە زمانی دایك گوزارشتیان لێ بکات. ئەم جۆش و خرۆشەی سەردانیکارانی پیشانگاكەش پاڵنەرێکە بۆ ئێمە تا بەردەوامبین و باشترین ناونیشان و ناوەرۆك پێشكەش بكەین.

بەڵام خانەی یارا پڵەس، كە بەشداربوویەكی دیكەی پیشانگاكەیە، هەوڵیداوە لە چوارچێوە باوەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی کتێب دەربچێت و شتێکی جیاواز پێشكەش بكات، وەک محەمەد سالم، نوێنەری خانەی یارا پڵەس دەڵێت: ئەمە دووەم ساڵی ئێمەیە لە پێشانگاکەدا بەشدار دەبین، هەرچەندە کتێب پێشکەش ناکەین، بەڵام ئەوەی نمایشی دەکەین لە ڕووی بەهای فیکری و پەروەردەییەوە، گرنگییەکی کەمتری نییە لە كتێب. ئێمە یارییە هزرییەکان پێشکەش بە منداڵان دەکەین، کە ژمارەیان زیاترە لە 300 یاری، ئامانجمان لە پێشانگاکە پەرەپێدانی زیرەکیی و بەرزکردنەوەی توانا دەروونییەکانی منداڵانە.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: «لە ئێستادا شاهیدی پەرەسەندنی ئارەزووی دایکان و باوکانین کە بەدوای بەدیلێکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێن بۆ مۆبایل و تابلێت، کە کاتەکانی منداڵان بەفیرۆ دەدەن و کاریگەرییان لەسەر کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە. ئامادەبوونمان لە پێشانگاکەدا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەیشتن بە بینەرێکی ئاگادار، کە لە گرنگی پەروەردەی دەروونیی لە کاتی منداڵیدا تێدەگەن. ئامانجمان ئەوەیە یاریکردن بکەینە ئامرازێک بۆ فێربوون، نەک تەنیا کات بەسەربردنێکی ڕاگوزەر.

لە نێو بەشداربووە كاراكانی حەڤدەمین پیشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر، کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی سەڵاحەدین یەكێك بوو لەم بەشداربووانە، کە ئەمساڵ بە کۆشکێکی دەوڵەمەند و چەندین ناونیشانی ئەکادیمی و رۆشنبیری بەشدارییان کردووە، وەک ئەحمەد قادر نوێنەری کتێبخانەکە ڕوونی کردەوە: ئێمە بە نزیکەی 400 ناونیشان بەشداری دەکەین، کە زۆرینەیان بە زمانی کوردین، جگە لە کتێبی عەرەبی و ئینگلیزی. ڕۆڵی ئێمە تەنیا لە دابینکردنی کتێب بۆ قوتابیان سنووردار نییە، بەڵكو هەوڵدەدەین وەک پەیوەندییەک لە نێوان بازنە ئەکادیمییەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەدا خزمەت بکەین، بەمەش ئاسانکاری بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری لەناو کۆمەڵگەی ئەکادیمیدا دەکەین. ڕوونیشیکردەوە: پێشانگاکە نوێنەرایەتی ڕووبەرێكی فراوان و گرنگ دەکات بۆ بەیەكەوە گەیاندنی مامۆستایان و قوتابیان، یان تەنانەت دامەزراوەکانی دیکەش. ئێمە حەز دەکەین بەشداری ئەم بۆنانە بکەین، چونکە وامان لێدەکات نوێترین بڵاوکراوەکان ببینین و هاوکارمان بن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەكی هاوبەش لەگەڵ کتێبخانەکانی تری زانکۆ، جا چ لە کوردستان بێت یان شارەكانی دیكەی عێراق. ئێمە پێمانوایە کە کولتووری ئەکادیمی نابێت لە واقیع جیابکرێتەوە و ئەم بۆنانەش پردێکی گرنگن بۆ ئەوە».

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین بەشداری زانکۆکان لە پێشانگاکانی داهاتوودا فراوانتر بێت، هەروەها ئەم ئامادەبوونە لەلایەن دامەزراوە پەروەردەییەکان و وەزارەتەکانەوە پاڵپشتی بکرێت، بەو پێیەی سوودەکانی بە تەواوی ژینگەی پەروەردەیی بڵاودەبێتەوە.

حەسەن دانیشفەڕ، بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دانیشفەڕ، باسی لە سرووشتی بەشداریکردنیان کرد و گوتی: ئەمساڵ 300 ناونیشان نمایش دەکەین، هەموویان بە زمانی کوردین، نووسینی نزیکەی 250 نووسەری كوردن و هەندێکیان ناسراون و هەندێکی دیکەش تازە پێگەیشتوون، کە باوەڕمان بە بەهرەکانیان هەیە، ئێمە سەرنجمان لەسەر بەهێزکردنی ئەدەبیات و بیرکردنەوەی کوردییە لەڕێگەی بڵاوکراوەکانمانەوە، بۆیەش ناونیشانی بەرهەمەكانمان جیاوازن، ڕۆمان، شیعر، ڕەخنە، فەلسەفە و ئەدەبیاتی منداڵان، لە ناو بڵاوكراوەكانی ئێمەدا هەن.

دانیشفەڕ ئاماژەی بەوەشکردووە: ڕۆژی یەکەم لەڕووی ئامادەبوونەوە هاندەرێكی باش بوو، بەڵام ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی کە ڕۆژانی دواتر لە پێشانگاکەدا بە شێوەیەکی گشتی قەرەباڵغی زیاتر دەبینین. زۆرێک لە سەردانیکاران لە ڕۆژی یەکەمدا تەنیا دێن بۆ گەڕان و خوێندنەوەی ناونیشان و مانشێتەکان و وێنەگرتن، پاشان لە ڕۆژانی دواتردا دەگەڕێنەوە بۆ کڕینی كتێب. ئێمە گەشبینین کە ئەمساڵ بەشداریکردنێکی زیاتر لە ساڵانی پێشوودا بەخۆیەوە دەبینێت»

لای خۆیەوە مەحمود ئەحمەد نوێنەری دەزگای چاپ و پەخشی ئارام جەختی لەوە کردەوە کە بەشداریکردن لە پێشانگاکەدا لە فرۆشتنی کتێب تێدەپەڕێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئامانجە رۆشنبیری و کولتوورییە قووڵەکان. ئەو گوتی: ئێمە بەشداری پێشانگاکە دەکەین بۆ بەهێزكردن و چەسپاندنی ڕۆشنبیری لەناو كۆمەڵگەدا، دواتر سوودی بازرگانییش دەبینین، بەڵام هەمیشە هەوڵدەدەین بەشێک بین لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری لە کوردستان و بەشداربین لە هۆشیارکردنەوەی خوێنەران بە تایبەتی و تاكی كورد بەگشتی. ئەم ئامادەبوونە بەرفراوانەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، هاوکات لەگەڵ ڕێکخستنی کوالیتی بەرز، پێشانگای هەولێر دەکاتە بۆنەیەکی ڕۆشنبیری، كە شایستەی تەقلیدکردنەوە بێت لە تەواوی ناوچەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی پیشانگای ئەمساڵ لە ساڵانی پێشوو جیا دەكاتەوە، ئەو ئۆفەر و داشکاندنانەیە کە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە پێشکەشی خوێنەرانی دەکەن، ئەمەش وادەکات خوێنەران بە نرخێکی گونجاوتر کتێب بکڕن و هانی کڕینی ناونیشانی زیاتر دەدات. جگە لەوەش ئەم بۆنانە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار و تێپگەیشتوو و فراوانکردنی هۆشیاری رۆشنبیری و کولتووری لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێویستییەكی سەردەمن.

جێگەی ئاماژەیە حەڤدەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، تەنیا بازاڕی کتێب نییە، بەڵكو ڕووداوێکی ڕۆشنبیری گشتگیرە کە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی ڕۆڵی سەرەکی تیادا دەگێڕن. ئەم دەزگا و چاپخانانەش لە ڕێگەی بڵاوکراوە جۆراوجۆرەکانیان و گرنگیدانیان بە زمانی کوردی و کرانەوەیان بەرامبەر بە پرسەکانی منداڵان و پەروەردەیی، توانای خۆیان بۆ دروستکردنی کولتوورێکی هۆشیارانە نیشان دەدەن، کە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ شوناس و خواستەکانی کۆمەڵگا. ڕۆژانی داهاتووی پێشانگاکە بەڵێنی بۆنە و کۆبوونەوەی زیاتر دەدەن، كە ئەوەیش سیمایەكی ڕۆشنبیری زیندوو و شایستە بە هەولێرە.

Scroll to Top