
هەولێر/ نور عەبدولقادر
لە شاری هەولێر، کە هەرێمی كوردستان لەگەڵ مێژووی رابردوو و ئێستای نوێگەری كۆدەكاتەوە، ڕێڕەوەكانی ناو پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر جممەیان دێت، دیمەنەکە زێدەتر لە زەماوەندێكی هونەریی ڕەنگاوڕەنگ دەچێت، یان ئاهەنگێکی ڕۆشنبیری کە ڕۆحەکان بە دوای ڕووناکی پیتەکان و گەرمیی مانادا دەگەڕێن. پێشانگاکە تەنیا ڕەفەکانی هەڵگرتنی کتێب نەبوو، بەڵکو ژینگەیەكە، کە ژیان لە نێوان لاپەڕەکانیدا زرینگەی دێت و لە نێوان ئەوانەی نووسیویانە و ئەوانەی بە سۆزەوە دەیانخوێننەوە، ئاوێتەبوونێك هەیە.
لە یەكێك لە کۆشکەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە سەردانیكارانی پیشانگا بەدەوری مێزێكدا ئاڵاون، كە نووسەری كتێبێك بە واژۆی خۆی كتێبەكەیان پێشكەش دەكات، ئەو نووسەرە بە زەردەخەنەوە گوتی: هیچ شتێك لەوە خۆشتر و دڵخۆشكەرتر نییە، كە نووسەرێك لە نزیكەوە خوێنەرەكانی بناسێت و بزانێت نووسینەكانی تاچەند كاریگەری لەسەر دروست كردوون، ئەمڕۆ هەست دەکەم هەموو کاتژمێرە درێژەکانی نووسین هاتوونەتە بەرهەم.
لە نزیکییەوە قوتابییەكی زانکۆ وەستاوەو ، بە زەردەخەنەیەکی شەرمنانەوە دەڵێت: لە یەک شەودا ڕۆمانەکەیم خوێندەوە. نەمتوانی کتێبەکە دابنێم تا تەواوم كرد، ئەمڕۆش کە قسەم لەگەڵی کرد، هەستم دەکرد کەسێکی ناو ناخی خۆمم ناسیووە.
لە گۆشەیەکی دیکەی پێشانگاکەدا، نووسەرێک لە نێو کۆمەڵێک خوێنەردا دانیشتبوو، خەریکی گفتوگۆیەکی کراوە بوو سەبارەت بە بیرۆکەی پشت یەکێک لە کتێبەکانی. ئامادەبووان بیروڕایان لەسەر بابەتی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕ کرد. یەکێک لە ئامادەبووان گوتی: خوێندنەوە دەرگا داخراوەکانی هۆشیاری دەکاتەوە، لێرەش پێکەوە، لە ڕێگەی قسە و دیالۆگەوە زیاتر دەیانکەینەوە.
ژمارەیەک لە سەردانیکاران لەبارەی گرنگیی ئەم گردبوونەوە ڕۆشنبیرییە ڕای خۆیان دەربڕی. ڕەند كچە گەنجێكی خوێنەرە و دەڵێت: بۆ من کتێب هاوڕێی بەردەواممە، بەڵام کاتێک ئەو کەسە دەناسم کە نووسیویەتی، بابەتەكە دەبێتە باسێكی شەخسی و هەست دەکەم چوومەتە ناو قوڵایی ئەزموونەکی ئەوەوە.
ئەحمەد، گەنجێکی تەمەن بیست ساڵانە و دەڵێت: بەدوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێم کە بمگۆڕن و پاڵمبنێن بۆ بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە تەقلیدییەكە. ئەم پێشانگایە دەرفەتی ئەوەی پێدام ئەو نووسەرانە بناسم کە ساڵانێکە شوێنیان کەوتووم، دەرفەتی گفتوگۆکردن لەگەڵیان ئیلهامبەخش بوو بۆ من.
لە یەکێک لە دیبەیت و گفتوگۆكانی سەر ستەیجی پێشانگاكەدا، خوێنەرێکی دیکە بەناوی (جومان)، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و دەڵێت: هەندێک کتێب زیاتر لە خەڵک لێم تێدەگەن، گفتوگۆی ئەمڕۆم لەگەڵ نووسەرێك وای لێکردم لەوە تێبگەم، كە ئەوانەی دەنووسن لە دڵەوە بۆ دڵ دەنووسن. ئەو نووسەرەی جومانە باسی كرد، بە زەردەخەنەیەکی گەرمەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: بۆ نووسەرێک کە دەبینێت خوێنەرێکی خۆی لەنێوان ڕستە و پەرەگرافەكانیدا دۆزیوەتەوە، سەرکەوتنە ڕاستەقینەكەیە.
حەز و ئارەزووی سەردانیکارانی پیشانگاكە لە نێوان ڕۆمان، مێژوو، هزر و فەلسەفە، کتێبی گەشەپێدانی مرۆیی و کتێبی مێژووی کورددا جیاواز بوو. هەندێکیان بەدوای ناونیشانی تایبەتدا دەگەڕان، هەندێکیتریان بە شێوەیەکی ئاسایی لە نێوان کۆشکەکاندا دەسووڕانەوە بۆ ئەوەی شتێکی نوێ بدۆزنەوە، بەڵام ئەوەی هەموویانی یەکخستووە، حەز و خولیای دەستكەوتنی زانست و زانین بوو. لە شوێنێكی تایبەت بە بڵاوكراوە و كتێبی منداڵاندا، چەندین دانیشتن و دیالۆگ و خوێندنەوەی بە گرووپ و گفتوگۆ ڕێكخراوە، سەبارەت بە چیرۆكە فۆتۆییەكان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چاندنی تۆوی خۆشەویستی بۆ وشە لە تەمەنێکی بچووکەوە.
دایکێک دەڵێت: منداڵەکانم لەگەڵ خۆم هێنا بۆ ئەوەی نیشانیان بدەم کە کتێب شتێکی بێ گیان نییە، بەڵکو پەنجەرەیەکە بۆ جیهانێکی گەورەتر، ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی نایاب و ناوازەیە بۆ ئەوان بۆ ئەوەی گەشتەکەیان بە خوێندنەوە دەستپێبکەن.
ئەم بۆنەیە تەنیا پێشانگای کتێب نەبوو، بەڵکو فەزایەکی ئازاد بوو بۆ بیرکردنەوە و بەیەكگەیشتنی رۆشنبیری و هۆشیاری تاك، کە هەموو کتێبێک سەرەتای دیالۆگێکە و هەموو بەیەكگەیشتێنك دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی خودێکی نوێ. پێشانگای هەولێری ئەمساڵ زیاتر لە بۆنەیەکی ڕۆشنبیری دەچێت، كات و شوێنێكی ڕاستەقینەی كۆمەڵگایەكە، مە هێشتا باوەڕی بەوە هەیە، ڕەوتی ڕۆشنبیری دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە دروست بكات.
ئەم دیدارە ساڵانەیەی نێوان خوێنەران و نووسەران وەک پەیامێکی ڕوون دەمێنێتەوە کە هێشتا كەسانێك هەن گوێ لە وشەی ڕاستگۆیانە دەگرن، هێشتا زانست و زانین ئازادادنە دەبنە بەردی بناغەی بنیاتنانی نەتەوە بەهێزەکان، هەرچەندە ڕێگاکەش دوور و درێژ بێت.