
هەولێر / عەلی زەيتۆ
لە چوارچێوەی حەڤدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، سیمینارێکی فیکری لە ژێر ناونیشانی «ئەدەب و ڕەخنەی ڕۆشنبیری» بەڕێوەچوو، کە کۆمەڵێک ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و ئەوانەی ئارەزووی بوارە ئەدەبی و ڕەخنەییەکان ئامادەی بوون. کە لە لایەن ئەکادیمیست دکتۆر نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد و توێژەر سمکۆ محەمەد، پێشکەش کرا و باسیان لە چەمکی ڕەخنەی رۆشەنبیری کرد وەک ئامرازێکی نوێ بۆ شیکردنەوەی ئەدەب لە دەرەوەی قالبی کلاسیکی، داوای خوێندنەوەی دەقی داهێنەرانەیان کرد لە ژێر ڕۆشنایی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵات و شوناس.
لە دەسپێکدا دکتۆر نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد باسی چەمکی ڕەخنەی رۆشەنبیری کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لە میتۆدە ڕەخنەییە تەقلیدییەکان تێدەپەڕێت کە سنووردارە بە لێکۆڵینەوەی فۆرم یان پێکهاتەی زمانەوانی، بۆ قووڵبوونەوە لە شیکردنەوەی ئەو گوتارانەی کە لە ناو دەقە ئەدەبییەکاندا جێگیرن.
هەروەها گوتی: «ڕەخنەی رۆشەنبیری پەیوەندی بە ئاشکراکردنی ئەو زەمینە رۆشەنبیریانەیە کە دەقەکان بەرهەم دەهێنن، وەک دەسەڵات و شوناس و چینایەتی. وەک گوتارێک لە ئەدەب نزیک دەبێتەوە کە لەگەڵ واقیعدا کارلێک دەکات بەڵام لێی جیا نییە و ئەمەش پێویستی بە ئامرازی شیکاری نوێ هەیە کە ئەم ئاڵۆزییە لەخۆ بگرێت».
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی خستنەڕووی ئەم جۆرە ڕەخنەیە لە مەنهەجی زانکۆکان لە کوردستاندا کرد، پێی وابوو کە وەرگرتنی ئامرازی وێرانکەر و کولتووری لە خوێندنەوەی دەقەکاندا سەلیقەی ڕەخنەیی دەوڵەمەند دەبێت و ئاسۆی تێگەیشتن و شیکاری فراوانتر دەکات.
لای خۆیەوە توێژەر سمکۆ محەمەد تیشکی خستە سەر بەکارهێنانی کردەیی چەمکی ڕەخنەی رۆشینبیری بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی، ڕەخنەی لە هەندێک خوێندنەوەی نەریتی گرت کە «دەقەکە تەنها بە مانای ڕووکەش یان جوانکارییەکەی دەبەستن».
وتیشی، «کاتێک ئەدەبی کوردی لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی رۆشینبیری دەخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ئەدەبیاتە هەڵگری چین و توێژی گوتارەکانی پەیوەست بە ستەم و شوناس و خەبات و مێژووی نەگوتراوەوەیە، ئەمەش پێویستی بە تێپەڕین لە هەڵسەنگاندنێکی جوانیناسیی سادە بۆ دەقەکە و کرانەوەی بوارەکانی تری مەعریفە، وەک ئەنترۆپۆلۆژی و کۆمەڵناسی».
هەروەها دەڵێت: دەقی ئەدەبی بەرهەمێکی دابڕاو نییە، بەڵکو لە ئایدۆلۆژیا تێر بووە و ئەرکی ئێمە وەک خوێنەر و ڕەخنەگر، ئاشکراکردنی ئەو سیگناڵ و کۆنتێکستانەیە.
لە سیمینارەکە ئامادەبوان پرسیارەکانیان خستەروو سەبارەت بە سنووری ڕەخنەی رۆشەنبیری و کارپێکردنی بۆ میراتی ئەدەبی کۆنی کوردی و ڕۆڵی لە نوێکردنەوەی گوتاری ڕەخنەیی لە ناو زانکۆ و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان. ئامادەبووان بە کۆی دەنگ کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە سیمینارەکە ئاسۆیەکی نوێی لە نزیکبوونەوە لە ئەدەبیاتدا کردەوە و ڕێبازێکی دەوڵەمەندی خستەڕوو کە شایەنی لێکۆڵینەوەيه.
سیمیناری «ئەدەب و ڕەخنەی رۆشەنبیری» یەکێک بوو لە گرنگترین دیالۆگە فیکرییەکانی پێشانگای ئەمساڵ بوو، نەک هەر لەبەر ئەوەی پرسیاری بنەڕەتی سەبارەت بە میکانیزمەکانی خوێندنەوەی وروژاند، بەڵکو لەبەر ئەوەی تیشکی خستە سەر پێویستی نوێکردنەوەی ئامرازە ڕەخنەگرانەکانمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەقەکان، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگا.