
هەولێر/ تەبارەک عەبدولمەجید
ستەیجی سیمینارەکان لە حەڤدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، لە گفوتگۆیەكی كراوەدا بەناونیشانی «زمان و هۆشیاری بەکۆمەڵ… لە نێوان سەروەری رۆشنبیری و کاریگەریی نەرێنیدا»، تەوەری «عەقڵی بەکۆمەڵ» تاوتوێ کرا. دانیشتنەکە لەلایەن بەڕێز مونزیر عەبدولحور بەڕێوەچوو، لە دیالۆگێکی دەوڵەمەنددا بە ئامادەبوونی دوو میوانی ناسراو (د. خالیدە حەلیل، نووسەری ئەدەب و چیرۆک و ڕۆمان، کە چالاکییەکی سیاسیی بەرچاوی هەیە و د. محەمەد ئیحسان، ئەکادیمی و سیاسەتمەدار و شارەزای یاسایی).
د. خالیدە حەلیل لە سەرەتادا گوتی: بابەتی زمان، بابەتێکی ئاڵۆز و بەنرخ و بەرزە، بابەتێکی ژیارییە و لە هەموو کات و شوێنێکدا وروژێنراوە، ململانێی سیاسی ئەمڕۆ زۆر گەورە و بەهێزە، بۆیە زمانی ململانێش بە پلەی یەکەم پشت بە زاراوەكان دەبەستێت».
ئاماژەی بەوەشکردووە: «زمان پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەتا تەنیا ئامرازێکی پەیوەندیکردن بووە، کە لە هێما و پیت پێکهاتووە، دواتر چەندین ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە، کە بەشدارن لە گەیاندنی بیرۆکەی مرۆڤەکان، لە ئەنجامدا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هۆشیاری تاکەکەسی و تێڕوانینی بۆ خۆی و جیهانی دەوروبەری دەبێت.
حەلیل ئاماژەی بەوەشدا کە زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو هۆشیاری دەستەجەمعی گەلێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێت و وای لێدەکات کە پەیوەندییەکی نزیک بە عەقڵی بەکۆمەڵەوە هەبێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، زمان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی ناسنامەی رۆشنبیری و سیاسی، ئەمەش ئەو بەرژەوەندییە گەورەیە ڕوون دەکاتەوە، کە دەیبینین بۆ توێژینەوەی زمانەوانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا زۆر و كاریگەر و گرنگی پێدراوە.
لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: لە ڕێگەی زمانەوە کۆمەڵگەکان پەرەدەسەنن و ئەو زاراوەی کە لە بوارە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت، لەوانەش ململانێ سیاسییەکان، هەمەچەشن دەبن. ئەم زاراوانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە لێکدانەوەی میدیا و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ململانێکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا وەک «جەنگی زمان» ئەزموونێكی تازەمان هەیە، نموونەشی بەوە هێنایەوە، کە چۆن وشەکان لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەدرێنەوە و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەكرێت.
لای خۆیەوە د. محەمەد ئیحسان گوتی: ئەو زاراوانەی ئێمە بەکاریان دەهێنین تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە تێڕوانینی سیاسیمانەوە. هۆشیاری بەکۆمەڵ بەرهەمی ژینگەی دەوروبەرمانە. ئەم هۆشیارییە بە بەها جێگیر و گۆڕاوەکان لە قاڵب دەدرێت و زمان یەکێکە لە ئامرازە سەرەتاییەکانی پەیوەندیکردن.
ئیحسان ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو هەن کە هۆشیاری بەکۆمەڵ ڕۆڵی سەرەکی یتیادا دەگێڕێت لە ڕێنماییکردنی تاکەکان بەرەو بڕیاردان یان وەرگرتنی هەندێک هەڵوێست بەبێ دەستوەردانی ڕاستەوخۆی دەسەڵات یان لایەنە سیاسییەکان.
هەروەها ئاماژەی بە هەندێک زاراوەی کرد کە لە عێراق و جیهانی عەرەبی بەکارهێنراون، بەڵام لە ئێستادا لە جیهاندا نەماون، وەک «داگیركاری كلتووری» و «ململانێی نەتەوەیی». گوتیشی: «تێڕوانینەکان دەگۆڕدرێن، دەبێت ئامادەبین بۆ ئەوەی کە دێت. ئەمە کێشەی ئێمەیە؛ ئێمە هەمیشە ئامادە نین، ئێمەش وەک کورد زۆر خاوین لە وەرگرتنی گۆڕانکارییەکان».
د. محەممەد ئیحسان گوتی: ئەگەر کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، زمانی کوردی پەرتوبڵاو دەبێتەوە و 99%ـی دانیشتوانەکەی بە ئینگلیزی قسە دەکەن». ناوبراو ئەمەی ڕوونکردەوە کە دەڵێت: «هزری نەتەوەیی کاردانەوەیەکی هەمیشەییە، کاتێک ڕژێم هێز و بەعەرەبکردن بەکاردەهێنێت، وابەستەیی گەلان بە زمان و ناسنامەکەیانەوە زیاتر دەبێت. د. محەمەد ئیحسان ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لەبەردەم جیهانێکی گۆڕاوداین، ئەو بەهایانەی کە لە عەقڵی بەکۆمەڵدا دەگۆڕدرێن زۆر گەورەن و کەس ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.
لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتی: دەبێت چاوەڕوانی خراپترین سیناریۆ بکەین، بەڵام دەبێت کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی باشترین لە داهاتوودا.