«بۆ من نیە»… سەردانکەران کتێب بۆ ئازیزانیان دەکڕن

هەولێر/ جنان ئه‌لسه‌راى 

لە پێشانگای کتێبدا سەردانکەران تەنها کتێب بۆ خۆیان ناکڕن. زۆر کەس لە نێو ڕەفەکاندا بە وریاییەوە لاپەڕەکان وەردەگێڕن وناونیشان هەڵدەبژێرن، ئینجا بە فرۆشیار دەڵێن: “ئەم کتێبە بۆ یەکێک لە ئازیزەکانمە بۆ خۆم نیە.” 

لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، خەڵک بە دەوری خانەکانی کتێبدا دەسوڕێنەوە. وئەو پرسیارە دەڵێنەوە، ئایا شتێکتان هەیە دەربارەی فەلسەفەی مۆدێرن؟ «هاوڕێکەم حەزی لەم بوارەیە»، یان «ڕۆمانێکی ڕۆمانسی نوێ هەیە؟  «هاوسەرەکەم ئەم جۆرە شتانەی خۆشدەوێت.» بەم شێوەیە کتێبەکان لەناکاو لە چێژێکی کەسییەوە دەگۆڕدرێن بۆ دیارییەکی پر بەها وخۆشەویستی، کە زۆر جار ئەم خۆشەویستیە بە وشە ناتوانرێت دەرببڕدرێت.

ئیڤان، گەنجێکی بیست ساڵانە، لە بەردەم ڕەفەیەک لە دار المشرق وەستابوو و بە چاوی گەرمەوە بەرگی ڕۆمانێکی دەپشکنی ولە فرۆشیارەکە پرسیاری ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی کرد، پاشان زەردەخەنەی کرد و لە کاتی گفتوگۆی لەگەڵ «ئەلمەدا» وتی؛

«من زۆر ناخوێنمەوە، بەڵام دەزگیرانەکەم کتێبی خۆشدەوێت. ئەو بە تایبەتی نووسەرانی ژنی خۆشدەوێت، هەوڵدەدەم شتێک هەڵبژێرم کە لەگەڵ سەلیقەی ئەودا بگونجێت. نازانم ئەمڕۆ دەیخوێنێتەوە یان مانگێکی تر، بەڵام دڵنیام کتێبێک لە هەموو دیارییەکی ماددی دڵخۆشتری دەکات.»

سەبارەت بە ئەڤین کە لە سلێمانییەوە هاتبوو، چەند کتێبێکی بەدەستەوە بوو، هەر کتێبێک ناوی کەسێکی جیاوازی لەسەر نووسرابوو. بە پێکەنینەوە دەڵێت:

«ئەمە بۆ هاوکارەکانمە لە شوێنی  کارکەردنم. دەزانم هەریەکەیان جۆرێکی دیاریکراوی کتێبیان خۆشدەوێت. یەکێکیان مێژووی خۆشدەوێت، یەکێکی دیکەیان ئەدەبیاتی ڕووسییە، سێیەمیشیان حەزی لە کتێبی پاڵنەرە. من حەزم لە کڕینی دیارییە تەقلیدییەکان نییە، وە شتێکی جیاواز لە کتێبێکدا دەدۆزمەوە… وەک ئەوە وایە بە ئەوی دیکە بڵێم: بەڕاستی بیرم لای تۆیە و ئەوەی کە  تۆ خۆشت دەوێت، بڕیارمدا شتێکت پێبدەم کە بۆ نەوەکانت بمێنێتەوە»

خۆشەویستی لێرەدا تەنها خۆشەویستی سۆزداری نییە، بەڵکو هەستێکی فراوانە کە درێژدەبێتەوە بۆ هاوڕێ و منداڵ و تەنانەت کەسانی بێگانە.

یەزن، خوێندکاری زانکۆی بەغدایە، دوو کتێبی بەدەستەوە بوو. لێمان پرسی بۆ کێ دەیانکڕیت؟ وتی؛

«یەکەمیان بۆ برا بچووکەکەمە. دەمەوێت هانیبدەم بۆ خوێندنەوە. دووەمیان بۆ مامی منە، کە دواجار داوای کتێبێکی لەسەر سۆفیگەری لێکردم و نەمتوانی بیدۆزمەوە. ئەمجارەیان دۆزیمەتەوە، و بڕیارە بەوەوە سەرسامی بکەم. ناتوانێت بێتە پێشانگای کتێب، بەڵام زۆر حەزی لە خوێندنەوەیە، بەتایبەتی ئێستا کە خانەنشین بووە و کاتێکی زیاتری لەبەر دەستە.»

لە گۆشەیەکی بێدەنگی پێشانگاکەدا، بە تایبەتی لە نزیک کتێبخانەی ئەشاور بانیپاڵ، نەدا کە خەڵکی ڕەمادی بیری لە کتێبی «هەزار و یەک شەو» دەکردەوە. کاتێک لێمان پرسی بۆچی، وتی؛

«ئەمە یەکەم کتێبە کە بەخشیمە هاوسەرەکەم، پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەین، زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر، لەو ڕۆژەوە دەستم کرد بە دروستکردنی کتێبخانەکەم، ئەمڕۆ دووبارە کڕیومەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی نوسخە کۆنەکەم لەدەستدابێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەمەوێت کۆپییەک بۆ هەریەک لە منداڵەکانم هەڵبگرم، ئەم کتێبە سەرەتای چیرۆکی ژیانمان بوو.»

لە لایەکیترەوە، خاوەنی خانەکانی کتێب وەک شایەتحاڵی چیرۆکە خۆشەویستییەکانی نێوان خوێنەران و کتێبەکانیان سەیری هەوادارانی کتێب دەکەن. ئەیمەن، خاوەنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی ئەلئەهلیە، ڕووداوێکی لەبیرنەکراوی بۆ گێراینەوە؛

«سێ ڕۆژ لەمەوبەر، کچێک هاتە کۆشکەکەمان، بەدوای کتێبێکی دیاریکراودا دەگەڕا بۆ هاوڕێکەی. پێی وتم، ‹ئەو بە کاتێکی سەختدا تێدەپەڕێت، و ڕەنگە ئەم کتێبە دڵنەوایی بدات.› دوای دوو ڕۆژ، لەگەڵ هاوڕێکەیدا گەڕایەوە، فرمێسکی خۆشی لە چاوەکانیدا دەهاتەخوار. هەرگیز ئەو دیمەنەم لەبیرناچێت. کتێبەکان ساتی دەگمەن دروست دەکەن. ئەوان تەنها پارچە کاغەز نین، بەڵکو دیاری پڕ لە مانان.»

لە پێشانگاکەدا کتێبەکان بە کاغەزی رازاوە ناپێچرێنەوە، بەڵکو بە دڵێکی کراوە پێشکەش دەکرێن. لەلایەن ئازیزان و هاوڕێ و مامۆستا و قوتابیانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت، هەریەکەیان بە شێوازی خۆی. زۆر کەس لە لاپەڕەی یەکەمدا پەیامێکی بچووک وەک دیاری دەنووسن:

 «بۆ ئەو کەسەی کە جیهانی زیاتر بەرفراوان کرد»، یان «ئەم لاپەڕانە هاوەڵت بن کاتێک من دوورم لێت.» هەندێکیان هیچ نانووسن، تەنیا بە وردی کتێبەکە هەڵدەبژێرن، و وەک بێدەنگییەکی پڕ لە وشە پێشکەشی دەکەن.

ڕەنگە دیارییەکە کاتژمێرێک، بۆنێک، یان پارچەیەک شیرینی بێت، بەڵام کتێب مانایەکی دیکەی هەیە. هاوەڵێکی نەبڕاوەیە، دیارییەکە هەرگیز کاڵ نابێتەوە.

لەناو ئەم دیمەنەی پێشانگای هەولێر، وا دیارە زۆرێک تەنها بۆ خۆیان کتێب ناکرن، بەڵکو بۆ کەسانێک کە لە دڵیاندا دەژین. کاتێک کتێبەکان لە فرۆشیارەکە وەردەگرن، دەڵێن: “ئەمە بۆ من نییە…ئەمە بۆ کەسێکی ئازیزی خۆمە.”

Scroll to Top