هەولێر دەرگای خۆی بەڕووی شوناسە جۆراوجۆره‌کان دەکاتەوە

عبده وازن

بۆ یەکەمین جارە سەردانی شارەکە دەکات و ناتوانێت بە تەواوی لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی تێبگات، کە هەم ناوەندی پارێزگای هەولێرە و هەم پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. دەکەوێتە باکووری عێراق و دراوسێی ئێران و تورکیا، لە مێژوو و جوگرافیا و دانیشتوانەکەیدا ناوازەیە، کە بەسەر چەند نەتەوەیەکدا دابەش بووە، وەک تورکمان و عەرەب و ئاشووری و ئەرمەنی، جگە لە کورد، کە دانیشتوو و هاووڵاتی ڕەسەنی وڵاتەکەن. تەها باقر لە کتێبی «لە میراتی زمانەوانی دێرینمانەوە» دەڵێت ناوی هەولێر «کۆنە، لە دەقە میخییەکان و تۆمارە مێژووییەکانی سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا باسی لێوە کراوە و نزیکە لە ڕیزی تاکە شارەکانی ئاشووری کە تا ئەمڕۆش بە نیشتەجێبوونی ماوەتەوە و ناوە کۆنەکەی پاراستووە».

چەند گەشتێکی «گەشتیاری» بۆ ناوچە جۆراوجۆرەکان بەس نییە بۆ ئەوەی لە خەیاڵی سەردانکەردا تایبەتمەندییەکانی ئەم شارە و ئەم پارێزگایە وێنابکرێت، کە ناسنامەی میراتی کۆنی خۆی لەگەڵ کارەکتەری مۆدێرن و هاوچەرخدا تێکەڵ دەکات، تێکەڵەیەک کە هەندێکجار وا دیارە واقیعییە و هەندێکجاریش ئیمپرۆڤیزە کراوە. شارێکی نهێنییە، ئەگەر بڵێین، کە کلیلەکانی بە ئاسانی ڕادەستی سەردانکەران و گەشتیاران ناکات. ناوی دوکان و کۆڵان و گۆڕەپانەکان بە زمانی کوردی نووسراون و زۆرجار بە زمانی ئینگلیزی و هەندێکجاریش بە عەرەبی لەگەڵیاندایە. ئەو هاووڵاتیانەی کە ڕەنگە سەردانکەران چاویان پێیان بکەوێت بە گشتی بە کوردی قسە دەکەن، وەهەندێکیان بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن.

ڕووخساری ئەدەبی هەولێر

بەڵام ئەوەی سەردانی  پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب‏ دەکات، کە تا ١٩ی نیسان بەردەوام دەبێت، تەکێک لە روخسارەکانی ڕاستەقینەی هەولێر دەدۆزنەوە: لایەنی ئەدەبی، زمانەوانی، و ڕۆشنبیری، لە ڕێگەی نووسەران و بڵاوکەرەوەکانەوە، هەروەها لە ڕێگەی خودی کتێبەکانەوە، سیمینارەکان، و هەموو ئەو چالاکییانەی دیکە کە لە  ١٠ ڕۆژی پێشانگاکە کە لەلایەن سەرۆک مەسعوود بارزانییەوە کرایەوە، وە لە کردنەوەی پێشانگاکەدا قسەی کرد و بە جۆش و خرۆشەوە گەشتێکی بە هۆڵ و کۆشکەکانیدا کرد.

 پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب‏ لەلایەن دەزگای ئەلمەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر بە سەرۆکایەتیی نووسەر فەخری کەریم، بە هاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە هەرێمی کوردستان ڕێکدەخرێت. خوولی ١٧ی ئەمساڵ بە ناونیشانی «جیهان بە کوردی دەدوێت»، کە ئاهەنگ گێڕانە بۆ زمانی کوردی و بزافی بەرفراوانی وەرگێڕان کە لە ساڵانی ڕابردوودا پەرەی سەندووە، لەوانە وەرگێڕان لە زمانە جیاوازە جیهانیەکان.

پێشانگاکە وەک تاقیگەیەکی زمانی کوردی دەرکەوتووە لە کرانەوەی بەسەر زمانەکانی تردا، بەتایبەتی عەرەبی، دواتر ئینگلیزی، تورکمان، ئاشووری و ئەوانی دیکە. تەنانەت خودی زمانی کوردیش بە پشتبەستن بە ڕێنووسی عەرەبی و لاتینی تایبەتمەندە. ئەو زمانەی بە پیتی عەرەبی نووسراوە ناوی سۆرانییە، لە کوردستانی عێراق و ئێرانیشدا بەربڵاوە. ئەو زمانەی بە پیتی لاتینی نووسراوە لە تورکیا و سوریا بەدیدەکرێت. ئەم دووانەیە لە پیتەکاندا، بەربەستێک لە بەردەم پەیوەندیی کورددا دروست ناکات، بەتایبەتی لە بواری زمانەوانی و ئەدەبیدا. تەنانەت هەندێک لە نووسەران شانازی بەوە دەکەن کە زمانەکەیان لە ڕاستەوە بۆ چەپ (پیتی عەرەبی) و لە چەپەوە بۆ ڕاست (پیتی لاتینی) نووسراوە. زمانی کوردی وەک یەکێک لە زمانە بنەڕەتییەکانی ناو بزوێنەری گەڕانی جیهانی، گووگڵ وەرگیراوە.

لە پێشانگای ئەمساڵدا زۆرێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، کوردی، عەرەبی، بیانی بەشداری دەکەن. ڕوون بوو کە کتێبە عەرەبییەکان لە ڕێگەی دەزگاکانی چاپ و کتێبخانەکانەوە، یان ئەوەی بە «دەزگا» ناسراون، لە وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاو و کەنداوەوە نوێنەرایەتی دەکران. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی بە فراوانی ئامادەن و بەشدارییەکی گەورەی خوێنەری کوردن رووی تێدەکەن، وڕێژەیەکی زۆری خوێنەری کورد قەرەباڵغی لە هۆڵی پێشانگا بەدیدەکرێن کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٢٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە. ئەوان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەم پێشانگایەن بۆ ئەوەی بزانن لە نوێترین چاپی کوردی، کتێبی نووسراو یان وەرگێڕدراو لە زمانی عەرەبی یان بیانی. بزافی وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی زۆر گەشەی سەندووە، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا: ڕۆمان، شیعر، زانستە مرۆییەکان، زانستە سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکان، مێژوو، کۆمەڵناسی، زانستە گشتیەکان، گەشەپێدانی مرۆڤ، و ئەدەبی منداڵان.

بەرنامەی پێشانگاکە چەندین دانیشتنی فیکری و ڕۆشنبیری و سیاسی لەخۆدەگرێت، بە بەشداریی نووسەران و توێژەرانی عێراقی و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دەرەوە. هەروەها خوێندنەوەی شیعر و واژۆکردنی کتێب و وۆرک شۆپ لەسەر دۆخی کتێب و پەرەپێدانی پیشەسازی چاپ و بڵاوکردنەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی چاپ و بڵاوکەرەوە و خانەی کتێب وبڵاوکراوەکانی عێراقی لەخۆدەگرێت. ژمارەی سیمینار و کۆبوونەوەکان لە ٦٥ سیمینار تێدەپەڕێت.

هەمەجۆریی کولتووری

پێشانگای کتێب لە هەولێر تەنیا بازاڕێکی ساڵانەی کتێب نییە؛ بەڵکو گۆڕاوە بۆ «فێستیڤاڵ»ێکی ئەدەبی و فیکری کە خوێنەران و نووسەران و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن. لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی دەوڵەمەندی کولتووری عێراقە، پێشانگاکە فەزایەکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی مەعریفە پێکدەهێنێت و دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی شوناسی کولتووری کورد و کراوەیی بەڕووی جیهانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەدا، وەک بەشێک لە کوردەکان باسی لێوەدەکەن.

پێشانگاکە هەوڵدەدات گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان بەرەوپێش ببات، لەگەڵ کارلێکی گشتی سەرنجڕاکێش و بەشداریکردنی فراوانی گەنجان.

بەرای ڕۆشنبیرانی کورد ئەو پێشانگایە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەیاندنی وێنەیەکی شارستانی و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی بە عەرەب لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق و تەنانەت بۆ وڵاتانی دراوسێش. وەک سەکۆیەک بۆ ڕۆشنبیران و بیرمەندان و وەرگێڕانی هەرێمی کوردستان بۆ دیدار لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و جیهانی عەرەبی وجیهاندا.

نەوزاد بولۆس، بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیارێکدا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا وتی: «پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر چالاکیەکی ئاسایی نیە؛ بەڵکو بۆتە بەشێکی سەرەکی لە ناسنامەی ڕۆشنبیریی هەرێمەکەمان». «ئێمە بە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی زیندوویی دیمەنی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا دەزانین. ساڵانە دەرفەتێک بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دەڕەخسێنێت کە کۆببنەوە: گەنجان، ئەکادیمیستەکان، نووسەران، تەنانەت خێزانەکانیش، کە هاتوون سەردانی پێشانگاکە بە ڕێوڕەسمێکی ساڵانە دەزانن». ئاماژەی بەوەشکرد، «یەکێک لەو ئەرێنییە دیارانەی کە لە پێشانگاکەدا بینیومانە، زیادبوونی ئارەزووی خوێندنەوەیە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان. قوتابخانە و زانکۆکان سەردانی تایبەت بۆ پێشانگاکە ڕێکدەخەن، ئێمەش هانی ئەمە دەدەین و پاڵپشتی لۆجستی پێشکەش دەکەین، چونکە پێمانوایە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خوێندنەوە بەردی بناغەی  گەشەسەندنی شارستانیەتە».

دەشڵێت، «پێشانگاکە هاوکارە لە هاندانی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و ناساندنی کتێبی کوردی بە خوێنەرانی دەرەوەی هەرێم بەتایبەتی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەوە، لەڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییە کوردییەکان بۆ زمانی عەرەبی و بیانی. ئێمە حەزدەکەین دڵنیابین لەوەی بەرهەمی ئەدەبی لە هەرێمەکەمان ببیت بە بەشێک لە دیمەنە کولتوورییە فراوانەکانی عێراق و ناوچەکە».

زمانی کوردی

ئەوەی سەردانکەران لەپێشانگای ئەمساڵ تێبینی دەکەن، وەک نووسەرێکی کوردی عێراقی پێی وتم، فرەچەشنییەکی زیاتری ناونیشانە کوردییەکان نمایش دەکرێن. ئەمەش پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئایا دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە سەرکەوتوو بوون لە جێبەجێکردنی خواستەکانی خوێنەری کورد؟ ئەمساڵ بەڕوونی خواست لەسەر کتێبی وەرگێڕدراو بە تایبەتی لە بوارەکانی فەلسەفە و ڕۆمانی نێودەوڵەتیدا زیادی کردووە.

ئەم نووسەرە کوردە عێراقییە پێی وایە کە پێشانگای ئەمساڵ پاڵنەرێکی بەهێزی بۆ نووسینی کوردی ناوخۆیی فەراهەم کردووە. ڕۆمانی کوردی جێگەیەکی بەرچاوی بەدەستهێناوە و خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی نووسەرانی ناوخۆیی هەیە. خوێنەران چیتر تەنیا بە دوای ڕۆمانی جیهانی ناگەڕێن، بەڵکو لەناو دێڕە کوردییەکاندا بەدوای ویست  وخواسی خۆیاندا دەگەڕێن.

لە چایخانە ڕۆشنبیرییەکانی ناو پێشانگاکەدا ڕوونە کە سەردانکەران نەک تەنها بۆ کڕینی کتێب هاتوون، بەڵکو ئامانجیانە بەشداربن لە دیالۆگێکی ڕۆشنبیری زیندوودا. کە باس لە گرنگی بینینی خوێنەرانی کورد دەکرێت کە خۆیان لە کتێبەکاندا نوێنەرایەتی بکەن و لە بڵاوکراوە نوێیەکاندا تایبەتمەندی زمانەوانی و کولتووری خۆیان ئەزموون بکەن.

هاوڕێیەکی بەشداربوو لە ڕێکخستنی پێشانگاکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆر لەو ڕۆمانانەی کە فرۆشراون لەلایەن ژنانی کوردەوە نووسراون. ئەم ڕۆمانانە زۆرجار باس لە تەوەری وەک شوناس، ئازادی کەسی، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگا و بابەتی گرنگ دەکەن، زمانەکەش هەندێک جار شیعرییە و هەندێکجاریش ڕاستەوخۆیە. جێگای سەرنجە، ڕۆمانی ژنان ڕەنگدانەوەی ئەو لایەنانەی واقیعی کوردین کە لە ئەدەبیاتی تەقلیدیدا باس نەکراون، ڕەسەنایەتی و بوێرییەک بەم بەرهەمانە دەبەخشێت کە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەنگی دایەوە لەگەڵ هەوادارانی پێشانگاکەدا.

لە مەراسیمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، سەرۆک مەسعوود بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ستایشی پێشانگاکەی کرد، هەروەها ستایشی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەلمەدا کە ڕێکیدەخات، هوخاوەن و بەڕێوەبەری، نووسەر فەخری کەریم. وتیشی: ساڵ لە دوای ساڵ دەبینین پێشانگای کتێب گەشەسەندنی بەرچاوی  بەخۆبینیوە، ساڵانەش لە پێشانگای پێشوو باشترە، هیوادارین ئەمە بەردەوام بێت، و هەمیشە بە باشی بتانبینین، هەرچەند تەکنەلۆژیا بەرەو پێش بچێت و جیهان پێشبکەوێت، ئەو وتەیەی شاعیری گەورەی عەرەب، ئەلموتەنەبی، وەک ڕاستییەکی زیندوو دەمێنێتەوە: «باشترین هاوەڵ لە سەردەمدا کتێبە…» بەها و گرنگی کتێب هەرگیز کۆتایی نایەت و بە زیندوویی دەمێنێتەوە”.

لە ئەندبندنت عەرەبیە وە

Scroll to Top