شابەندەر

هەولێر/ تەبارەک عەبدولمەجید
لە چوارچێوەی حەڤدەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، دیالۆگێكی ڕۆشنبیری لەسەر ستەیجی شانۆگەرییەكان بەناونیشانی (شابەندەر.. لە نێوان ڕەخنە و سۆفیگەریدا) بەڕێوەچوو. غالب شابەندەر نووسەر و بیرمەندی ئیسلامی لەم دیالۆگەدا ئامادەبوو، کە گفتوگۆیەکی کراوە بە سەرپەرشتی نووسەر و ڕۆژنامەنووس عەلی حوسێن ئەنجامدرا.
عەلی حوسێن گفتوگۆیەكەی بە ناساندنی میوانەکە و دەربڕینی پێزانین و ڕێزگرتن لە پیشەی فیکری و مرۆیی خۆی دەستپێکرد و گوتی: غالب شابەندەر یەکێکە لە ڕزگاربووانی پەتای تایەفەگەری و بە ویژدانێكی وریا و سادەییەكەی خۆشەویستی هەمووانە، كە ڕۆژانە وانەیەكی ئومێدبەخشمان سەبارەت بە گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناو عیراق پێشكەش دەكات. شابەندەر ژیاننامەی خۆی لە کتێبێکدا بە ناوی (ژیانم لەدەستدا) نووسیوە و پێیوایە ڕۆڵی ڕۆشنبیر وروژاندنی پرسیارە نەک پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادەکراو.
لەلایەن خۆیەوە شابەندەر باسی لە سۆفیگەری کرد و گوتی: زۆر کەس پێیانوایە سۆفیگەری تەنیا پەیوستە بە باوەڕی ئایینیەوە، بەڵام ئەمە ورد دروست نییە، هیچ پەیوەندییەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان سۆفیگەری گشتی و باوەڕبوون بە غەیب نییە، لەوەیشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێک کەس وەک ئەتایست هەژمار دەکرێن، بەڵام لە راستیدا خاوەنی ڕۆحێکی سۆفیگەریین.
غالب شابەندەر ڕوونیشیکردەوە، کە سۆفیگەری لە جەوهەردا لەخۆبووردنی مرۆڤە لە پێناو ئەوانی تردا، لخۆبووردنە بۆ هەژاران، بۆ مرۆڤایەتی و بۆ سرووشت، بۆ سەلامەتی و ئاسایشی ئەوانی دیكە. نموونەشی بەو کەسایەتییانە هێنایەوە کە بە سۆفی وەسفی کراون، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ئایینییان نییە، وەک مەهاما گاندی و جوبران خەلیل جوبران.
ئاماژەی بەوەشکرد، سۆفیگەری ڕێگایەکی ئاسان نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی خۆیدا سەختی و ئازار و ململانێی نێوان غەریزەکان و ڕۆح، لە نێوان ماتریالیزم و ئارەزووی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردن لە لایەک و ڕۆحانیەت و ئایدیالیزم لە لایەکی دیکەوە ململانێ دەكات. ئەو گوتی: کاتێک لایەنی ڕۆحی بەسەر ماددیدا سەرکەوت، ئەوە سۆفیگەریی ڕاستەقینەیە.
غالب شابەندەر ئاماژەی بەوەشدا کە لخۆبووردن بە مانای خۆ ڕەتكردنەوە و خۆ سڕینەوە نییە، بەڵکو دووپاتکردنەوەیەكی قووڵترە بۆ بوونی مرۆڤ، لەڕێگەی توانەوە لە ناو ویژدانی ئەوانی دیکە، ڕەنگدانەوەی بوونی خود لە هۆشیاری بەکۆمەڵدا نەک لە خۆپەرستی تاکەکەسیدا.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكەیدا شابەندەر باسی لە ڕەخنەی سیاسی کرد و ڕوونیکردەوە، کە پێناسەیەکی یەکگرتوو یان هەمەلایەنە نییە، وەک چۆن لە زۆرێک لە چەمکە سیاسییەکاندا هەیە. گوتیشی: پێناسەی ڕەخنەی سیاسی پەیوەستە بەو نموونەیەی کە خراوەتەڕوو، وەک چۆن لەگەڵ گۆڕانی سیستەمی سیاسیدا دەگۆڕێت، دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەرێنی سیستەمی سۆسیالیستی، یان دەتوانێت ڕووبەڕووی سیستەمە بێ ئایدۆلۆژیاكان ببێتەوە، وەک هەندێک مۆدێلی دیموکراسی.
دواتر غالب شابەندەر جەختی لەوە کردەوە کە سۆفیگەری وەک میتۆدێک بۆ شیکاری سیاسی بەکارناهێنرێت، بەڵکو بۆ ڕێکخستنی خێرایی ئەو جۆرە شیکارییە بە بەرزکردنەوەی ڕەهەندە ئەخلاقی و ڕۆحییەکانی بەكاردێت.
هەروەها شابەندەر باسی لە گەشتە فیکرییەکەی خۆی کرد و گوتی: لە گەنجییەوە سەر بە چەپ بووم، دواتر بەڕووی ئایینداریی چەپدا کرامەوە، تا ئێستاش خۆم بە چەپ دەزانم. ئاماژەی بە ڕستەیەک کرد کە ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کاتێک گوتی: کارل مارکس یەکێکە لە پێغەمبەرانی سەر زەوی.
شابەندەر ڕوونیشی کردەوە کە مەبەستی لەم دەربڕینە ئایینی نەبووە، بەڵکو میتافیزیكی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مارکسیزمی کۆمەڵایەتی ڕەگ و ڕیشەی سۆفیگەریی هەیە، هەروەها لێکۆڵینەوەش هەیە کە بیری مارکسیزم بە ڕەهەندێکی قووڵی ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەوە دەبەسترێتەوە بە سۆفیگەرییەوە، سەرەڕای سرووشتی ماتریالیستییەكەی.
لە کۆتایی دیالۆگەكەشدا شابەندەر باسی لە كتێبی بیرەوەرییەکانی کرد، کە بە ناونیشانی «ژیانم لەدەستدا»نووسیوویەتی و تا ئێستاش تەنیا پێنج دانەی لێ چاپکراوە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانەش گوتی: ئەم ناوەم لێنا، چونکە بە 40 ساڵ خەباتی سیاسی و زیندان و پەنجەشکان و گۆشەگیری و هەڵهاتن تێپەڕیم… و پاشان لە کۆتاییدا خۆم لە کۆمەڵگایەکدا دەبینمەوە کە ئەم واقیعەی تێدایە، شتێکم خستەڕوو کە هیوای ئەوەم دەخواست بێتەدی، بەڵام نەبوو، بۆ من ئەمە خەسارەتێکە، خەسارەتێکە لە نێوان گەورەیی قوربانیدانی خەبات و دەرئەنجامی ئەم خەباتە، کەواتە نازناوەکە بووە دڵنەوایی بۆ خۆم.
شابەندەر لە كۆتایی سیمینارەكە و لە چركەساتێكی دڵسۆزانەدا، فەلسەفەی ژیانی خۆی بەم شێوەیە کورتکردەوە: من باوەڕم وایە پاکترین و جوانترین و بەرزترین و باشترین شت لە گەردووندا، كاری چاكەیە، ئەوەیش ئەو شتەیە کە من لەم ژیانەدا بە ئامانجم گرتووە.